پێنج نیشانێن چاڤێ زارۆكان
رووداو – ئاژانسەکان
زۆر هۆکار هەن وادەکەن منداڵ لە خوێندندا سەرکەوتوو بێت، یەکێک لە هەرە گرنگترینیان، چاوێکى بەهێز و باشە.
زانست سەلماندوویەتی 80%ی زانیارییەکانی قوتابی لە رێگەی چاوەوە وەردەگیرێن، بۆیە ئەگەر بیناییەکی باشی نەبێ، ئەستەمە قوتابییەکی زیرەک و سەرکەوتوو بێ.
منداڵ وەکوو مرۆڤی پێگەیشتوو نییە ئاسان هەست بە گرفتی چاو بکات و داوای چارەسەر بکات، بەڵکو لەبری ئەوە هەندێک هەڵسوکەوت دەکات بۆ ئەوەی بینایی چاوی راستبکاتەوە، بۆیە گرنگە سەرنجی منداڵەکەت بدەی، ئەگەر یەکێک لەم نیشانانەی هەیە، بیبە لای پزیشکی چاو:
1- چاوتیژکردن:
منداڵەکە چاوی تیژدەکات، واتە نیمچە داخراوی دەکات و بە توندی سەرنج دەدات. ئەمە نیشانەی نزیکبینییە. واتە لە نزیکەوە بە باشی دەبینێ، کەچی تەنە دوورەکان وەکوو پێویست نابینێ. چاو تیژکردنەوەی منداڵەکە، جۆرێکە لە خۆڕاهێنان بۆ چارەکردنی ئەو لێڵییەی لە بینینی تەنە دوورەکاندا روودەدات.
2- زۆر هەڵگڵۆفین:
زۆر گوشین و گڵۆفینی چاو نیشانەی ماندوویی چاوی منداڵە. کاتێک لە کاتی سەرنجداندا چاو ماندوو دەبێ، منداڵەکە دەیەوێ بە گڵۆفینی چاوی ئەو هەستی ماندووبوونە بڕەوێنێتەوە کە روودەدات کاتێک ماوەیەک لە تەنێک ورد دەبێتەوە. هەندێک لە منداڵان کە چاویان ماندوو دەبێت، تووشی ژانەسەر دەبن. واتە ماندوویی چاو هۆکارێکی ماندووبوونی چاوی منداڵانە.
3- ئارەزووی وێنەکێشان و خوێندنەوەی نەبێ:
ئەو منداڵانەی دووربینییان هەیە، زۆر بێزار دەبن بە وێنەکێشان، یان یاری میکانۆ. ئەوەش چونکە ئەوان تەنە دوورەکان بە باشی دەبینن، بەڵام بە سەختی تەنە نزیکەکان دەبینن و گەلێک ماندوو دەبن کە دەیانەوێ وێنە نزیکەکان بە روونی ببینن. دەستنیشانکردنی دووربینیی منداڵ بە پشکنینی ئاسایی چاو ئاسان نییە، چونکە ئەم منداڵانە تەن و وێنە دوورەکان بە ئاسانی دەبینن، هەرچەندە ورد بن!
4- داپۆشینی چاوێک:
کاتێک چاوێک بەهێز بێ و چاوێک بێ هێز، منداڵەکە چاوە کزەکە دادەپۆشێ بۆ ئەوەی بە جوانی تەنەکان ببینێ. ئەوەش چونکە کاتێک دوو چاوەکە هاوتای یەکتر گەشە ناکەن، مێشک چاوە لاوازەکە پشتگوێ دەخات و منداڵەکە هەر خەریکی تەماشاکردنی تەنەکان دەبێ بە چاوە ئاسایی و بەهێزەکە. ئەگەر زوو (بەر لە تەمەنی شەش ساڵی) حاڵەتی تەمبەڵیی چاو دەستنیشان نەکرێ، ئیدی پاش ئەو تەمەنە چاوەکە باش نابێ و بۆ هەتا هەتایە بە تەمبەڵی دەمێنێتەوە، کە تێیدا چاوە تەمبەڵەکە هەرچەند رووناکە، بەڵام لێڵە و ناتوانێ تەنە بچووکەکان بناسێتەوە و تەنیا وێنەیەکی تەڵخ دەبینێ!
چارەسەرەکە پێچەوانەکردنەوەی خووی منداڵەکەیە، واتە ماوە ماوە چاوە بەهێزەکەی دابپۆشین بۆ ئەوەی بە ناچاری بە چاوە تەمبەڵەکە بڕوانێ و مێشک گەشەی پێبدات، ئەڵبەت ئەمە بەر لە تەمەنی شەش ساڵی کاریگەر دەبێ.
5- تەمبەڵی لە قوتابخانە:
هەندێکجار کە منداڵەکە ناتوانێ نووسراوی سەر تەختەڕەش بخوێنێتەوە، یان ئەرکەکانی ماڵەوەی جێبەجێ بکات، بەهۆی لاوازیی ئاستی زیرەکی نییە، بەڵکو چاوی لاوازە و پیت و وشەکان بە باشی نابینێ و دواتر فێر نابێت! بۆیە ئەگەر سەرنجت دا منداڵەکەت زیرەک نییە وەکوو هاوڕێکانی، بیرۆکەیەکی باشە سەردانی پزیشکی چاو بکەیت، چونکە منداڵەکە وەکو کەسێکی پێگەیشتوو نییە دەرک بە گرفتی بینینی بکات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی