حوزه‌یران 21, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

كورده‌ك سەرۆكێ كه‌ڤنترین یانه‌كا وەرزشی يا ئەلمانیایە 

كورده‌ك سەرۆكێ كه‌ڤنترین یانه‌كا وەرزشی يا ئەلمانیایە 
رووداو – گیسن

پیاوێكە ماندووبوون نازانێ. لەو ماوەیەدا كە لەگەڵی بووین، هەمیشە دەجووڵا و هەموو شتێكیشی بە پلان بوو. یان خەریكی وەرزش بوو یان لەسەر كار بوو یان خەریكی چالاكییەكی سیاسی و جڤاكی و كولتووری بوو. هاوڕێ ئەڵمانەكانی پێیانگوتم: “محەممەد تانریڤەردی ئەڵمانێكی تەواوە‌، بەڵام بە تامی كوردی”. ئەو لە ماڵەكەی خۆیدا كە پێشتر هی ماڵباتێكی جوو بووە و لەسەردەمی نازییەكاندا دەركراون و هەڵاتوون بۆ ئەمریكا، لەگەڵ هاوژینە یۆنانییەكەی خزمەتمان دەكات و ئەوەمان بۆ باس دەكات كە چۆن گەنجێك لە ناوچەی سیڤەرەكی باكووری كوردستانەوە هاتووەتە دەرەوە و بووەتە ئەو كەسەی 13 ساڵ یەكێك لە پەرلەمانتارە كاریگەرەكانی هەرێمی ئێسنی ئەڵمانیا بێت و دوای ئەوەش ببێتە سەرۆكی كۆنترین یانەی وەرزشیی ئەو وڵاتە.

تانریڤەردی لە ئۆفیسی خۆی لە كۆمپانیاكەی كۆمەڵێك تابلۆی هەڵواسیوە. یەكێكیان وێنەی خۆیەتی لەكاتی وەرگرتنی مەدالیای بەرزی شایستەیی كۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا. ئەو دەزانێ ئەو مەدالیایە بەرزترین مەدالیایە و تەنیا دەدرێتە ئەو كەسانەی كارێكی زۆر گەورەیان بۆ ئەڵمانیا كردبێت كە ناسراوترینیان لەنێو كورددا نووسەری بەنێوبانگی ئەڵمان گونتەر گراسە، بەڵام كاتێك تانریڤەردی قسەی لەسەر دەكات، زۆر بەخاكەڕاییەوە دەڵێت: “سوپاسی سەرۆككۆمار دەكەم كە ئەو مەدالیایەی پێدام”. تابلۆیەكی دیكە، نەخشەیەكی گەورەی جیهانە كە ناوی هیچ وڵاتێكی لەسەر نییە. ئەو دەڵێ “ئەو نەخشەیە هی سەردەمی بەر لە دروستبوونی دەوڵەتە مۆدێرنەكانە. ئەوكات كوردیش وەك گەلانی دیكە بووە و هەمووان یەكسان بوون. هەمیشە بەو نەخشەیە بیرمدێتەوە ئێمەش وەك گەلانی دیكەین و مافێكمان هەیە كە لێمان زەوتكراوە”.

لە كۆگەی كۆمپانیاكەی تانریڤەردیدا كەسێكی ئەڵمانی كاردەكات و جێگەی متمانەی ئەوە. لە گفتوگۆكانماندا دەردەكەوێ لە قۆناخی زانكۆدا هاوپۆلی بازرگانە كوردەكە بووە و دوای تەواوكردنی خوێندن، نزیكەی سی ساڵە لە كۆمپانیاكەی ئەودا كار دەكات.

كۆنترین یانە

لە نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدەدا یەكەمین یانەی وەرزشی لە ئەڵمانیا بەناوی (MTV 1846) دامەزرا. ئەو یانەیە ئێستاش ماوە و یانەی فووتباڵی ئەمریكییەكەی چەندینجار بووەتە پاڵەوانی ئەڵمانیا. تانریڤەردی هەندێكجار بە تیشێرتێكی یانەكەی و هەندێكجاریش بە تیشێرتێك كە ئاڵای كوردستانی لەسەرە و ژمارە 10ی لەسەرە، دەچێتە یاریگەی یانەكە. ئەو دەڵێت هەردوو تیشێرت بۆ ئەو وەكو یەك خۆشەویستن. لە ئۆفیسی خۆی لە یانەكە تانریڤەردی بەشانازییەوە مەدالیا و جامە جۆراوجۆرەكانمان پیشاندەدات كە یانەكەی بەدەستیهێناون. ئەو دەستی بە پرۆژەیەكی وەرزشی كردووە بۆ ئەو كۆچبەرانەی لە ویلایەتی هێسن نیشتەجێن. یانەیەكی وەرزشیی بۆ دروستكردوون و رۆژانە هەوڵ دەدات لەڕێگەی وەرزشەوە لەگەڵ ئەڵمانەكان تێكەڵیان بكات.

ئەو خۆیشی بەبەردەوامی خەریكی مەشقە. چونكە ساڵانە بەشداری لە ماراسۆندا دەكات لە وڵاتانی جیهان. لە نیویۆرك و یۆنان و زۆر وڵاتی دیكە بۆ ماوەی زۆرتر لە دوو كاژێر و نیو رادەكات و بڕوانامەی بەشداری و ریكۆرد وەردەگرێ.

شانازیی ماڵبات

لە ماڵێكی پڕ لە گوڵدا هاوژینە یۆنانییەكەی تانریڤەردی بەشانازییەوە باسی هاوڕێی ژیانی دەكات. ئەوان دوو كوڕیان هەن، كە بەجیا دەژین، بەڵام ئەڤینێكی قووڵ پێكەوە دەیانبەستێتەوە. لەكاتی هەڤپەیڤین لەگەڵ هاوژینەكەی، تانریڤەردی وێنەی دەگرێ و بۆ كوڕەكانی دەنێرێ: “سەیركەن دایكتان بووەتە ئەستێرەی تەلەڤزیۆنی”. كوڕەكان پێدەكەنن و دڵخۆشن. ئەوان لە ساڵانی هەشتاكاندا وەك دوو قوتابیی زانكۆ یەكدییان ناسیوە و ئێستا وەك بیرەوەرییەكی شیرین دەیگێڕنەوە كە چۆن پێكەوە بەبەردەوامی لە خۆپیشاندانەكانی پشتیوانی لە كوردستان پێكەوە بە سەرتاسەری ئەڵمانیادا گەڕاون.

ئەو دڵخۆشە بەوەی تاوەكو ئێستا كردوویەتی و بەدەستیهێناوە، بەڵام دەڵێت بەشێكی سەركەوتنەكەی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە كورد باشتر لە گەلانی دیكە توانای خۆگونجاندن و تێكەڵبوونیان هەیە لەگەڵ جڤاكی ئەڵمانی: “ئێمە وەك گەلانی دیكە نین، دەوڵەتمان نییە و كاتێك ئەڵمانیا لەباوەشماندەگرێت ئاسانتر ئامادەین تێكەڵی وڵاتی دووەممان بین”.

دووانەكەی پەرلەمان

خانمێكی ئەڵمانی كە بە ئینگلیزییەكی جوان قسەدەكات لە باخچەی رێستورانتێكی شاری گیسن نانی نیوەڕۆمان لەگەڵ دەخوات. ئەو لەماوەی 13 ساڵیی پەرلەمانتاریی تانریڤەردیدا هاوفراكسیۆنی بووە و بەردەوام لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا وەك دووانەیەك دەركەوتوون و گەنگەشەیانكردووە. ئەو دەڵێت: “ماوەیەك لەمەوبەر رەوشی تەندروستیم زۆر تێكچووبوو و لەخۆمەوە دەترسام كە بمرم. بە محەممەدم گوت بەڵێنم دەدەیتێ كە دوای من باوكایەتیی كوڕەكەم بكەیت؟ محەممەد بەبێ دوودڵی گوتی بەڵێ. ئەمە هێمنییەكی قووڵی پێبەخشیم”. ئێستا ئەو خانمە یەكێكە لە بەڕێوەبەرانی رێكخراوی (جڤاكی كوردی) كە دامەزراوەیەكی سەر بە دەوڵەتی ئەڵمانیایە و ساڵانە لە كۆبوونەوەی نێوان ئەنگێلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیا و نوێنەری نەتەوەكانی دانیشتووی ئەڵمانیا نوێنەرایەتیی كورد دەكات. هەموو ساڵێك محەممەد تانریڤەردی ئەو كەسەیە كە دەبێتە نوێنەری كوردستان و لەگەڵ مێركل كۆدەبێتەوە.

ئەو بەشانازییەوە بیرەوەرییەكانی ئەو كوردستانەی ئێستا نوێنەرایەتیی دەكات زیندوودەكاتەوە: “هەمیشە دڵم لە كوردستانە، دەشزانم ئێستا لە كوردستان مابوومایە، دەبوومە شوان”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi