نەخۆشی نەمايە و رازی نینە نەخۆشخانێ چۆل بكت
رووداو- رانیە
خزم و كەسەكانی دەڵێن وەكو چاوی خۆمان دەیپارێزین، بەڵام ئەو كەس بە كەسی خۆی نازانێ و دەڵێت بێكەسترین كەسی جیهانە و پێویستی بە هاوكاریی هەموو كەسێكە. مام قادر بەساڵاچوویەكی كەنەفتە و تەنیا نەخۆشخانە بە ماڵی خۆی دەزانێ.
پێنج هەفتە لەمەوبەر پیاوێكی تەمەن 81 ساڵ بەناوی قادر عەبدوڵڵا ئیبراهیم كە پەرستار و پزیشكەكانی نەخۆشخانەی گشتیی رانیە بە مام قادر بانگی دەكەن، بە مەبەستی چارەسەر روودەكاتە ئەم نەخۆشخانەیە. دوای دوو هەفتە وەرگرتنی چارەسەر، باری تەندروستی جێگیر دەبێتەوە، بەڵام ئامادە نییە نەخۆشخانە جێبهێڵێ و دەڵێت “بێكەسم، نازانم روو لە كوێ بكەم”.
فەرمان ئەحمەد پیرۆت، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی رانیە چیرۆكی هاتنی مام قادر بۆ نەخۆشخانەیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “لەلایەن خەڵكەوە هێنرایە نەخۆشخانە، لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە زۆر باش چاودێریی كراوە و بەباشی چارەسەری وەرگرتووە. بۆ ماوەی دوو هەفتە بە بەردەوامی پزیشك سەردانی كردووە”.
بە گوتەی فەرمان ئەحمەد، مام قادر نەخۆشیی بڕبڕەی پشت و جگەر و سی و گورچیلەی هەیە، بەڵام لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەی لە نەخۆشخانە بووە و چارسەری وەرگرتووە، ئێستا باری تەندروستیی باشترە و پێویستە بچێتەوە ماڵەوە پشوو بدات.
فەرمان ئەحمەد زیاتر لە بارەی مام قادرەوە دەڵێت: “لێرە بە هەموو خواردنێك رازی نییە، لە كاتی وەرگرتنی چارەسەریش بە هەموو پزیشكێك رازی نەبوو، زوو زوو داوای دەكرد پزیشكەكەی بگۆڕن. ئێستاش كە چارەسەری بۆ كراوە رازی نییە بچێتە دەرەوە و دەڵێت كەسم نییە و نازانم روو لە كوێ بكەم، لێرە ناڕۆم”.
ئێستا مام قادر ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لە نەخۆشخانەیە، بەڵام بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی رانیە دەڵێت سێ هەفتەیە كەس سەردانی نەكردووە. فەرمان ئەحمەد دەڵێت ئەگەر كەسوكارەكەی نەیبەنەوە، ئەوان ناتوانن تا سەر خزمەتی بكەن.
فەرمان گوتی: “ئێمە لەبەر لایەنی ئینسانی تاوەكو ئێستا لە نەخۆشخانە هێشتوومانەتەوە و خزمەتی دەكەین، چونكە دەترسین دەریبكەین لە كۆڵانێك یان پەنا و پەسیوێك بمرێ، ئەوكات بۆ ناوبانگی ناوچەكەمان باش نابێ، بەڵام ئەگەر كەسوكارەی نەیبەنەوە، ناچارین پۆلیس ئاگادار بكەینەوە بۆ ئەوەی بیبەنە خانەی بەساڵاچووان. ئەوكات ئەركی سەرشانی ئێمەش سووكتر دەبێ، چونكە ئێستا كارمەندێكمان بە تایبەتی تەرخان كردووە خزمەتی بكات”.
مام قادر لە شوێنی تایبەت بە نەخۆش بەتەنیا لە ژوورێك كەوتووە، هەر كەسێك روو لەو ژوورە بكات وا دەزانێت دەستی هاوكاری بۆ درێژ دەكات، بۆیە یەكسەر بە شەكوای حاڵی خۆی دەستپێدەكات و دەڵێت: “برسیمە، زۆریش نەخۆشم، نەخۆشیی گورچیلە، بڕبڕەی پشت، سی و جگەرم هەیە، ماوەیەكی زۆرە لێرە كەوتووم، تەنیا هاوژینم هەیە، ئەویش لەگوندی سونێیە، تەنیا دەتوانێت خزمەتی خۆی بكات، كە نەخۆشكەوتم خەڵك هێنایانم بۆ نەخۆشخانە”.
مام قادر دەڵێت تەنیا برا و برازایەكی هەیە، بەڵام براكەشی نەخۆشە و برازاكەی تەنیا خزمەتی باوكی پێ دەكرێ، بۆیە نایەوێ بچێتە لای ئەوان و ببێتە بار بەسەریانەوە، هەروەها دەڵێت حەزیشی لە خانەی بەساڵاچووان نییە و ناچێ بۆ ئەوێ.
سەبارەت بە مانەوەشی لە نەخۆشخانە، مام قادر دەڵێت “پێویستم بە مانەوە هەیە لە نەخۆشخانە، چونكە هێشتا بە تەواوی چاك نەبوومەتەوە”.
مام قادر ئاخ بۆ سەردەمی زووی هەڵدەكێشێ و دەڵێت “كەسێكی زۆر بە توانا بووم، كشتوكاڵم دەكرد، چاكەی زۆرم لەگەڵ خەڵك كردووە، بەڵام دونیاكە گۆڕاوە و خەڵك بێ وەفا بووە”.
هەرچەندە دەڵێت كەس نییە خزمەتی بكات، بۆیە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، بەڵام برازاكەی ئەو قسانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت مامی، هەر بە سروشتی خۆی حەزی لەو جۆرە ژیانەیە.
محەممەد ئیبراهیم كە برازای مام قادرە، باسی ژیانی مامی دەكات و دەڵێت: “مامم سێ برای دیكەی هەیە، بەڵام مام قادر زۆر نەگونجاو بووە، هیچ كاتێك رووی لە براكانی نەكردووە، هیچكام لە برازا و خزمەكانی ناناسێ، خزمەكانیشی هەموو نایناسن، چونكە كەسێكی خزمدۆست نەبووە، بەردەوام حەزی لە ژیانی تەنیایی بووە، نەمزانیوە ژنیشی هێنابێ. دەڵێن خەریكی ئاژەڵداری بووە، بەڵام سوودی بۆ كەس نەبووە و هەر ساڵە و لە شارێك و گوندێك بووە”.
محەممەد كە تا ئێستا دووجار لە نەخۆشخانە سەردانی مام قادری كردووە، دەڵێت “مام قادر منی نەناسی، كە خۆم پێناساند و گوتم برازاتم، جێنوی پێدام و سووكایەتی زۆری بە خۆم و بەخزمانیش كرد، رازی نەبوو لەلای بمێنمەوە، بۆیە جێمهێشت”.
محەممەد ئامادەیی خۆی نیشاندا مامی بەخێو بكات و گوتی “هەرچەندە باوكم تووشی شێرپەنجە بووە و لەسەر جێگا كەوتووە، بەڵام هەركات مامم بە ماڵی من رازی بێت، ئامادەم وەك باوكم رێزی لێبگرم و بەخێویشی بكەم، لەبەرئەوەی ماممە، بەڵام ئەو هیچكات ئەو مام و برازایەتییەی قبوڵ نەكردووە، بۆیە ئێمە هیچمان لەدەست نایەت، پێویستە حكومەت بیبات بۆ خانەی بەساڵاچووان”. دوای ئامادەکردنی راپۆرتەکە باوکی محەممەد کۆچی دوایی کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی