وەزارەتا ڤهگوهاستن و گەهاندنا ھەرێمێ،پەنايێ بۆ دادگهها فیدرالی دبت
ھەولێر-KDP.info-
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ھەر کێشەیەک لە ئەنجامی برینی پەیوەندی نێوان نۆرماڵ و موبایل روو بدات، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە و لە دادگایش سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین.
چەند رۆژێکە بە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق، پەیوەندی نێوان مۆبایل و تەلەفونی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان بڕدراوە، بڕینەکە بە بیانووی ئەوەیە مۆڵەتیان لە ئەوان وەرنەگرتووە.
کۆی ژمارەی فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر ھێڵی نۆرماڵن و ھاووڵاتیانیش لەئێستادا ناتوانن لە ئەگەری روودانی کێشەدا پەیوەندی بەو ژمارانەوە بکەن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کاروان رەزا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق بڕیارێکی نادەستووری و ناقانوونی دەرکردووە لەبارەی برینی پەیوەندی نێوان ھێڵی نۆرماڵ و مۆبایل، ئەمەش ھەڵەیەکی گەورەیە کردوویەتی، بۆیە لە ئەنجامی ئەو ھەڵەی ئەواندا ھەر کێشەیەک روو بدات، خۆیان لێی بەرپرسیارن، چونکە ئەمە کاری ئەوان نییە و مۆڵەتیش لە ئەوان وەرناگیرێت.”
رەزا دەڵێ، بڕینی ئەو پەیوەندییە کێشەی زۆری بۆ خەڵکی دروست کردووە، چونکە ھاووڵاتیان ناتوانن پەیوەندی بە ژمارەکانی پۆلیس و ئاگروژێنەوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکەوە بکەن و، ھەموو ژمارە کورتکراوەکان لەسەر نۆرمالن.
کاروان رەزا گوتیشی، نووسراومان بۆ حکوومەتی عێراق کردووە کە کاری ئەودەستەیە نییە ئەو پەیوەندییە رابگرێت و، تێیدا داوا کراوە کە پێویستە بە زووترین کات بڕیارەکە ھەڵوەشێننەوە ، “چاوەرێی وەڵامی حکوومەتی عێراق دەکەین.”
رەزا جەختی کردەوە، “لە رێگەی دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین، لە بەرانبەر ئەو ھەڵەیەشی کردوویانە، داوای قەرەبوویش دەکەین. “
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی