ماتۆڕسوارێك ل سەر نەبەستنا پشتينا سەلامەتيێ هاته سزادان
رووداو – دهۆك
مەفرەزەكانی پۆلیس لە شاری دهۆك، ماتۆرسوارێك لەسەر نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی سزا دەدەن. ماتۆرسوارەكە دەڵێت نازانم چۆن قایش ببەستم. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی دهۆكیش دەڵێت “كەمترین سزامان بۆ نووسیوە”.
رۆژی 28/3/2017 یاسر عەبدوڵڵا كە ئاوارەیەكی كوردی رۆژئاوای كوردستانە و نیشتەجێی كەمپی دۆمیزە لە دهۆك، بە ماتۆرسكیلەكەیەوە دەكەوێتە نێو مەفرەزەیەكی پۆلیسی هاتوچۆی دهۆك، پۆلیسەكان وەسڵێك بۆ یاسر دەكەن و 20 هەزار دینار غەرامەی بۆ دەنووسن. لەبارەی هۆكاری غەرامەكردنەكەشی لەسەر وەسڵەكەی بە زمانی عەرەبی دەنووسن “عدم ربگ الحزام”.
یاسر عەبدوڵڵا بە (رووداو)ی گوت “بەیانی كاژێر 8:30 خولەك لە كەمپ هاتمە دەرەوە، مەفرەزەیەكی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر رێگا دانرابوو، داوای كارتی نیشتەجێبوون و مۆڵەتی شوفێریان لێكردم، منیشم پێمگوتن كاكە پایسكلەكەی من كارەباییە مۆڵەتی نییە، بەڵام پۆلیسەكان كارتی نیشتەجێبوونەكەمیان برد”.
یاسر رەوانەی بنكەی پۆلیسی هاتوچۆی قەزای سێمێل دەكرێت. ئەو گوتی “كاتێك چوومە بنكەكە، لە ژووری بەشی غەرامات پسولەیەكیان پێدام و 20 هەزار دیناریشیان لێوەرگرتم. لە هەمووش سەیرتر ئەوە بوو لەسەر پسوولەكە نووسیبوویان بەهۆی نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی غەرامە كراوە. باشە چۆن پشتێنی سەلامەتی ببەستم، پایسكیل كوا پشتێنی سەلامەتی هەیە؟”.
یاسر باری ئابووری باش نییە و دەڵێت “باری ئابووریم زۆر باش نییە، بۆیە بۆ هاتوچۆی خۆم پایسكێلێكی كارەباییم كڕیوە، كەچی داوای مۆڵەتم لێدەكەن، راستە مۆتۆرسكیل مۆڵەتی دەوێت، بەڵام ئەوەی من مۆتۆرسكیل نییە، بە كارەبا ئیش دەكات”. پۆلیسی هاتوچۆی دهۆك رەتیناكاتەوە ئەو مۆتۆرسوارەیان سزا داوە و دەڵێت ئەوە سزایەكی كەمە بۆیان داناوە.
رائیدی مافپەروەر ئازاد تەها، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی دهۆك بە (رووداو)ی گوت “ئێستا لێخوڕینی ماتۆرسكیل لە كەمپی دۆمیز بەبێ مۆڵەت زۆر بڵاوە، رۆژانە كێشەمان بۆ دروست دەبێ. ئەوانەش هەر كاتێك بكەونە نێو مەفرەزەكانی پۆلیس مۆڵەتیان پێنەبێ، یان سەرپێچییەك بكەن، بەپێی یاساكانی هاتوچۆ سزا دەدرێن”.
سەبارەت بە غەرامەكردنی ئەو گەنجەش بە بیانووی نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی. ئازاد تەها گوتی “غەرامە كردن لەسەر نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی كەمترین سزایە لەلای ئێمە، ئەوان بەبێ مۆڵەت شوفێری دەكەن، لە جیاتی ئەوەی بیانخەینە زیندانەوە یان بە 40 – 50 هەزار دینار غەرامەیان بكەین، وەكو هاوكارییەك ئەو جۆرە سزایەیان بۆ دەنووسین”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی