حوزه‌یران 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئه‌رێ نەزۆکيێ چارەسەری هەیە؟

ئه‌رێ نەزۆکيێ چارەسەری هەیە؟
رووداو-سلێمانی

نەزۆکی: بریتییە لە گرفتی دووگیاننەبوونی ئافرەت، هۆکارەکەشی دەشێ ئافرەتەکە خۆی بێت، یان پیاوەکە، یانیش هەردووکیان.

نەزۆکی دوو جۆری هەیە:
1- نەزۆکیی سەرەتایی: ئەو بارەیە کە هەر لە سەرەتاوە سکپڕبوون لە پەیوەندی سێکسیی نێر و مێ‌ ‌ ناکەوێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەبێ هیچ رێگرییەک سێکسیان کردووە.
2- نەزۆکیی ناوەندی: ئەو بارەیە کە پێشتر سکپڕبوون روویداوە و دەشێ‌ منداڵیشیان بووبێ‌، بەڵام ئێستا سەرەڕای ساڵێک لە پەیوەندیی‌ سێکسی‌ بەبێ‌ رێگری، سکپڕی روونادات .
روودانی سکپڕی، پێویستی بە کرداری جووتبوونی نێوان نێر و مێیەکی تەندروستە بەبێ هیچ بەربەستێک کە تۆوی تەندروستی پیاو هێلکەیەکی تەندروستی ژن لەنێو منداڵدانێکی تەندروستدا دەپیتێنێ و گەشە دەکات. بۆیە
هەر ناڕێکی و ناتەندروستییەک لە هێلکە و تۆو یان کۆئەندامی زاوزێی ژن و پیاو، رەنگە ببێتە هۆی نەزۆکی.

هۆکاری نەزۆکیی ژنان:
یەکەم: کێشەی هێلکەدان و دروستبوونی هێلکە: بۆ دروستبوونی هێلکە پێویستمان بەهێلکەدانێکی تەندروستە. هەروەها ئەو هۆڕمۆنانەی لەژێر مێشکەوە دەردەدرێن و کار لە هێلکەدان دەکەن، لەئاستی خۆیاندا بەڕێکی دەربدرێن. بۆیە هەر گۆڕانێکی نەرێنی لە هێلکەدان یان هۆرمۆنی هاندانی دەردرانی هێلکە رووبدات، دەبێتە هۆی نەزۆکی. نەخۆشییەکانی وەک: هێلکەدانی فرەکیس، نەمانی تەمەنی سووڕی مانگانە، سستبوونی پێشوەختەی هێلکەدان و تێکچوونی هۆرمۆنەکانی ژێرمێشک، دەکرێ ببنە هۆی تێکچوونی هێلکە و هێلکەدان کە ناڕێکی یان نەبوونی سووڕی مانگانە دەکرێ یەکێک بێت لە نیشانەکانیان.
دووەم: کێشەی کەناڵی فالووپ: لەکاتی دروستبوونی هێلکەدا، هێلکەکان بەجۆگەی فالووپدا کە جۆگەیەکی باریکی دەزوولەییە، دەگوازرێنەوە بۆ منداڵدان و لەگەڵ تۆودا یەکدەگرن. داخران یان گیرانی ئەم جۆگەیە وادەکات هێلکەکان نەیەنە خوارەوە و لەگەڵ تۆودا یەک نەگرن و بەمەش نەزۆکی دروست دەبێ. داخرانی ئەم جۆگەیە دەکرێ بەهۆی هەوکردنەکانی وەک سوزەنەک و گۆنۆریا و جۆرەکانی دیکەی هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ و هێلکەدانەوە رووبدات..
سێیەم: کێشەی منداڵدان: هەندێکجار وەرەمێکی وەک (فایبرۆید) لە منداڵداندا یان ناڕێکی و ناتەندروستی لە دیوارەکانی منداڵداندا دەبنە رێگر لە چەقینی هێلکەی پیتراو لە منداڵداندا، بۆیە نەزۆکی دروست دەبێت. بۆ دڵنیایی لە سەلامەتیی منداڵدان تیشکی سۆنەر بەکاردەهێنرێت.

هۆکاری نەزۆکیی پیاوان:
یەکەم: دروستنەبوونی تۆو: بۆ دروستبوونی تۆوێکی تەندروست پێویست دەکات گونەکان و ئەو هۆرمۆنانەی کە کاردەکەنە سەر گونەکان بۆ دەردانی تۆو، بەباشی کار بکەن. نەخۆشییەکانی وەک دروستنەبوونی گون، تێکچوونی باڵانسی هۆرمۆنی تێستێستیرۆن و پرۆجیسترۆن، دانەبەزینی گون و پوکانەوەی، شێرپەنجەی گون و تێکچوونی کرۆمۆسۆمەکان دەکرێ هۆکاری دروستنەبوونی تۆو بن.
دووەم: کواڵێتی تۆو: هەر تۆوێک پێویستە سەر و مل و کلکی هەبێت و توانای جوڵەیەکی باشی هەبێت و پێویستە ژمارەی تۆووەکان گونجاو بن. کەمیی ژمارەی تۆوەکان، یان تێکچوونی شێوە و جووڵەیان، رەنگە ببێتە هۆی نەزۆکی. هەندێک نەخۆشی لە گوندا کواڵێتی تۆوەکان تێکدەدەن، لەوانەش دەوالیی گون، هەوکردنی گون و هەندێ نەخۆشیی دیکە.
سێیەم: کێشەی تۆواوە گوازەرەوەکان: بۆ ئەوەی تۆوی دروستبوو بگوازرێتەوە پێویست دەکات بۆڕیی تۆواو و چووک تەندروست بن، جا بۆیە داخران یان گیرانی بۆڕیی تۆواو نەزۆکی دروست دەکات کە دەکرێت بەهۆی ناڕێکیی زگماکی یان بەهۆی هەوکردنەوە رووبدات.
چوارەم: رەپنەبوونی چووک: هەندێجار پیاو کێشەی رەپبوونی چووک و فڕێدانی تۆوی هەیە، بۆیە تۆوەکە ناگاتە شوێنی مەبەست و پیتاندنی هێلکەی لێ ناکەوێتەوە.

ئەو هۆکارانەی مەترسییەکانی نەزۆکی زیاد دەکەن:
1- تەمەن: تەمەنی زۆر لە پیاوان و ژناندا ئەگەری نەزۆکی زیاتر دەکات، چونکە دەبێتە هۆی دابەزینی کواڵێتیی تۆو و هێلکە.
2- قەڵەوی و لاوازی: قەڵەویی لە راددەبەدەر و لاوازیی لە راددەبەدەر، بەربەرستی بەردەم منداڵبوون و سکپڕی پتر دەکەن.
3- جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول دەکرێ هەندێک کەس نەزۆک بکەن.
4- سترێسی زۆر و قەلەقی.
5 – نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان.

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی هۆکاری نەزۆکی:
پزیشکی پسپۆڕی نەزۆکی پرسیار لە هەردوو رەگەزەکە دەکات دەربارەی ژیانی سێکسی و چۆنیەتی جووتبوون و کێشەکانی کۆئەندامی زاوزێیان، لە ئەگەری بوونی کێشەیەک رێگا راستەکەیان پێشان دەدات، خۆ ئەگەر بەمە نەگەیشتە ئەنجام، ئەوا پێویست دەکات چەند پشکنینێکی جیا بۆ پیاوەکە و بۆ ژنەکە بکرێ و هەر یەکێک لەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد هەڵبسەنگێندرێ.

پشکنینەکان دەکرێ ئەمانە بن:
یەکەم: هەڵسەنگاندنی تۆو: ژمارە و چۆنیەتی و جووڵەی تۆوەکان هەڵدەسەنگێنرێت و بەراورد دەکرێت بەو کواڵیتییەی کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ تۆوی تەندروستی داناوە.
دووەم: سۆنار بۆ هەڵسەنگاندنی هێلکەدان و منداڵدان
سێیەم: هەڵسەنگاندنی توانای هێلکەدان:
چوارەم: پشکنینی رێژەی هۆرمۆنەکانی نێرینە و مێیینە لە پیاوان و ژناندا.
پێنجەم: منداڵدان و هێلکەدانبین: جۆرێکی تیشکە بۆ هەڵسەنگاندنی جۆگەی فالووپ و منداڵدان بەکاردێ.

چارەسەرکردنی نەزۆکی:
وێڕای گرفتە تەندروستییەکانی، نەزۆکی دەیان گرفتی دەروونی بۆ کەسەکە دروست دەکات، هەر بۆیە دوای دەستنیشانکردنی هۆکاری نەزۆکی، پێویستە هۆکارەکەش چارەسەر بکرێت و بەپێی هۆکارەکەش دەکرێ چارەسەرەکە:
– دەرمان بێ.
– نەشتەرگەری بێت
– تەنیا ئامۆژگاری و رێنمایی تەندروستی بێت.
– لەزانستی پزیشکیی نوێدا هەندێ رێگا بۆ سکپڕی و چارەسەری نەزۆکی داهێنراون، وەک منداڵی بلووری و چاندنی منداڵ و بەخشینی سپێرم و چەند رێگایەکی دیکە. بەڵام چارەسەری کۆتایی لەلای پزیشکە و ناکرێت لە خۆتەوە هیچ کام لەو رێگەچارانە بەکاربهێنێ.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi