ته‌مموز 30, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

د. ڤیان سلێمان:سەربەخۆییا كوردستانێ ل ناڤبه‌را خوازیار و نەیاردا

سەربەخۆییا كوردستانێ ل ناڤبه‌را خوازیار و نەیاردا

د. ڤیان سلێمانimagethumb

گۆڕانكارییە یەك لە دوای یەكەكان، كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێدراوی تازە دەهێننە كایەوە، لە هەمان كاتدا قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەكان و بانگەشەی سیاسیی لایەنە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا، ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت كە بیر و بۆچوون و ئاراستەكان چوونیەك نین، تەنانەت بۆ پرسێكی وەك پرسی سەربەخۆییی كوردستانیش.

لێرەدا ئەوەی بە روونی دەردەكەوێت ئەوەیە، كە دوو ستراتیژی جیاواز لە ناوخۆی كوردستاندا كار لەسەر ئەم پرسە دەكەن ستراتیژێك، كە رێبەرایەتیی گەیشتنی كوردستان بە سەربەخۆیی دەكات و، ئەم خواستەی وەك ئامانجی باڵا داناوە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێز(مەسعوود بارزانی) رێبەرایەتیی ئەم ئامانجە جەماوەری و مێژوویی و مرۆڤایەتییەی گەلی كوردستان دەكات و، لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەوڵی بە جەماوەریكردن و بەشداریپێكردنی هەموو هێزە سیاسییەكان دەدات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی و گرتنەبەری رێكارە جیاجیاكان دەدات بۆ جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق بە ئاشتیانە و بە رێكارە یاسایی و دەستوورییەكان.

مایەی نیگەرانییە كە ئاراستەیەكیش هەیە لەبری ئەوەی پشتیوانیی سەرۆك بارزانی بن و هەموو بە یەكدەست و یەكدەنگ كار بكەن بۆ سەربەخۆییی كوردستان، بە پێچەوانەوە بە شێوەیەكی سیستەماتیك و بەرنامە بۆدارێژراو كار دەكەن، بۆ ئەوەی ئەم پرسە بەئاكام نەگات بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دژایەتیی ئەم پرۆسەیە دەكەن و لە هەوڵی هاندانی جەماوەرن بۆ رەتكردنەوەی سەربەخۆیی بە پاساوی نائامادەییی دۆخی ناوخۆیی و نەبوونی زەمینەی دەرەكی و لە بیربردنەوەی ئەم كێشە گەورەیە، كە گەورەترین كێشەی كوردە وەك گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت و بەستنەوەی دۆزێكی وەها گرینگ بە هەندێك قەیران و گرفتی كاتی، كە دەتوانین بڵێین سەرچاوەی هەموو ئەو كێشانەی، كە دەکرێن بە پاساو بۆ دواخستنی پرسی سەربەخۆیی، دەگەڕێتەوە بۆ بێدەوڵەتی و ژێردەستەییی دەوڵەتێكی نادیموكرات و خاوەن شوناسی نەتەوەیی عەرەب، كە هیچ بنەمایەكی پێكەوەژیانی تێدا نییە و پرە لە ئاڵۆزی و توندڕۆیی، بۆیە مانەوە لە ناو دەوڵەتێكی لەم شێوەیەدا كێشە و قەیرانەكان زیاتر دەكات و ئاسۆیەكی چارەسەری لێ بەدی ناكرێت، بە پێچەوانەوە لە هەبونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ چارەسەرکردنی كێشە و قەیرانەكان ئاسانتر دەبن.

خەونی سەربەخۆیی لە ناو دڵ و هزری هەر تاكێكی ئەم وڵاتەدایە و كوردستان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دنیایەك قوربانی داوە و خەباتی بێپچرانی كردووە و، دەبێت خاڵێكیش هەبێت كە كۆتاییی خەباتەكەی دیاری بكات، ئەویش سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، كە ئەمەش سەرەڕای هەموو قەیرانە سەختەكان و سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێن خواستی هاونیشتیمانیانی كوردستانە و نزكترین نموونەش راپرسییەكەی سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆڤایەتی زانكۆی ئەمەریكاییە لە كوردستان، كە لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان 82.3%-ی بەشداربووان دەنگیان دابوو بە سەربەخۆییی كوردستان. ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەمە خواستی هاونیشتیمانیانی كوردستانە، دژوەستانەوەش بەرانبەر بەم خواستە جەماوەرییە گونجاو نییە لە هیچ روویەكەوە و ئاراستەكارانی رووبەرووی بەرپرسیارەتیی مێژوویی و مۆراڵی دەكاتەوە و هیچ پاساوێكی لۆژیكیش هەڵناگرێت، هیوادارم هەمووان بە تایبەت هیزە سیاسییەكان لە ئاست هەستیاری و چارەنووسسازیی دۆخەكەدا بن و بە رۆحی لێبوردەیی سیاسی بتوانن بڕیاری دروست لەسەر پاشه‌ڕۆژی گەلی كوردستان بدەن.

ئه‌ڤ گۆتاره‌ ل 19/9/2016ێ،ل مالپه‌رێ پارتى ديموكراتى كوردستان به‌لاڤ بوويه‌.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi