ته‌مموز 29, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ڤيان سلێمان:توندوتیژيا هزری دژی ئافرەتێ

توندوتیژيا هزری دژی ئافرەتێ

ڤيان سلێمان13680645_1088033751246492_8239315929156504064_n
توندوتیژی دژی ئافرەت وەک پرۆسەیەک بە شێوەی دیار و شاراوە و بە چەندین جۆر لە ناو کۆمەڵگەدا پیادە دەکرێت و ، زیان بە ھۆش و بیر ، دەرون ، جەستەی ئافرەت دەگەیەنێت ، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر جۆرێک لە توندوتیژی، ئەویش توندوتیژی ھزریە لە دژی ئافرەت , ئەم جۆرەی توندوتیژی بریتیە لە بڵاو کردنەوەی جۆرە بیرورایەک لە نێو کۆمەڵگەدا ، کە رەوایی دەدات بە پیاو، کە پێشەنگ بێت و بیرورای زاڵ بێت و بەکەم لە بیرورا و، توانای ئافرەت بروانرێت و ھانیان دەدات بۆ توندوتیژی و بەربەرەکانێی بیری یەکسانیخواز، ھەروەھا ئەم جۆرەی توندوتیژی ھەموو ئەو فاکتەرانە لەخۆ دەگرێت، کە کاریگەری نەرێنی دائەنێن لەسەر ئاست و شێوازی بیرکردنەوەی ئافرەت و، رێگر دەبن لە نەشونمای فیکری و پەروەردەیی و گەشەسەندن و پێگەیشتنی تا دەگاتە پاسیڤبون .

دەرونناسی ئەمەریکی (سکینەر) دەڵێت “توندوتیژی لە ھزرەوە سەرچاوە دەگرێ و پاشان دەبێتە زارەکی و پاشان کردەیی” کەواتە زۆربەی رەفتارە توندوتیژیەکان بەرھەمی ھزری توندوتیژن ، ئەوەش زانراوە کە پێکەوەبەستنێک ھەیە لە نێوان ھزری مرۆڤ و ھەست و ھەڵسوکەوت و رەفتاری ، رەفتاری مرۆڤیش تەنھا بەرھەم و رەنگدانەوی ھزری مرۆڤە ، دەکرێت ئەم ھزرەش لە بری چاندنی توندوتیژی و تێروانینی جیاکاری بەرامبەر ئافرەت ، یەکسانی و ھاودەردی و گیانی پێکەوەیی و تەواوکاری و خۆشەویستی تێدا بچێنرێت، توندوتیژی ھزری لەبەرئەوەی فیزیکی نییە و ئاسەوارەکانی لەسەر جەستە دەرناکەون بۆیە کەمتر ھەستی پێدەکرێت تەنانەت لەلایەن ئافرەتیش، لە کاتێکدا، کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی سەرەتایەکە بۆ ھەموو جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی، چونکە لە کاتێکدا ، کە ئافرەت بیرورای خۆی دەردەبرێت و پێداگری لەسەر دەکات روبەرووی توندوتیژی جەستەیی دەبێتەوە، ئەمەش نمونەیەکی سادەیە بۆ ناسینی ئەم جۆرە توندوتیژیە.

ئاکامەکانی توندوتیژی ھزری دژی ئافرەت زۆرن و کاریگەری نێگەتیڤیان ھەیە لەسەر باری دەرونی ئافرەت و دواکەوتویی ئاستی ھۆشیاری و پێگەیشتوویی کۆمەڵایەتی و ویژدانی لای ئافرەت ، کە ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر کۆی کۆمەڵگە دەبێت، چونکە ئافرەت رەگەزێکی سەرەکی کۆمەڵگەیە و، ھیچ کۆمەڵگەیەکیش گەشە ناکات ئەگەر ئافرەتانی توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت و رێگەیان لێبگیرێت کە ماف و ئازادی یەکسانیان ھەبێت بەرامبەر بە پیاو ، ھەروەھا ئافرەت گرنگترین پێگەی ھەیە لە کۆمەڵگەدا، کە ئەویش دایکایەتیە ھەر ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبون و نەمانی ئاشتەوایی لەناو خێزان و ناکۆکی بەردەوام و لێکترازانی خێزان .

بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ھزری دژی ئافرەت کارێکی زۆر و، ماوەیەکی زۆری دەوێت، چونکە ئەم جۆرە لە توندوتیژی لە ھەموو جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی بەرفراوانترەو زیاتر لەناو کۆمەڵگەدا رەگی داکوتاوەو، و بنچینەیە بۆ جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی ، گرنگترین خاڵیش، کە پێویستە لێیەوە دەستپێبکرێت بڵاو کردنەوەی ھۆشیاریە لەناو ئافرەتاندا دەربارەی ماف و چۆنیەتی داواکردنی ماف و بەدەستھێنانی ، لە رێگەی بەربەرەکانێی ھزری پیاوسالاری ، نەوەک خودی پیاو، لە ھەمان کاتیشدا دەزگا حکومیەکان کە تایبەتن بە بواری مافی مرۆڤ کارا بکرێن و، پێداچونەوە بە سیستەمی پەروەردە بکرێت لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و سەرجەم دامودەزگاکانی پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی ئەو نایەکسانیەی لە نێوان ئافرەت و پیاودا ھەیە نەمێنێت و ھەردوو رەگەز لە رۆڵ و بەرپرسیاریەتیدا ھاوتا بن و ھەموان بە ئارامی و ئاشتەوایی پێکەوە لە کۆمەڵگەیەکدا بژین کە مرۆڤ تێیدا سەروەر بێت .

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi