بڕەپارەیەک بۆ کچان و ژنانی رزگاربووی دەستی داعش خەرجدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ:
لە دوای چلەی ئیمام حوسێن بڕەپارەیەک بۆ ژنان و کچانی کوردانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش خەرج دەکرێت. بەرپرسی ئۆفیسی رفێنراوانی کچان و ژنانی کوردانی ئێزدی لە ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554 کوردی ئێزدی لە دەست داعش رزگارکراون.
رۆژی پێنجشەممە 15-9-2022، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە یاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراک، 25 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2021ی تایبەت بە ژنە رزگاربووەکانی دەستی داعش تەرخانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
د. نەرمین مەعرووف گوتی، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردن و خەرجکردنی ئەو پارەیە، سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتیی عێراقی کردووە. گوتیشی، وەک لایەنی پەیوەندیدار بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە، لەگەڵ حاکم سالار عەبدولستار، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت کە هاوکات وەزیری دادە، کۆبووەتەوە.
رۆژی 8ى حوزەیرانى 2022، پەرلەمانى عێراق پێشنیازەیاساى ئاسایشى خۆراکى پەسندکرد کە بودجەکەى 25 ترلیۆن دیناری بوو.
د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەوبارەوە روونکردنەوە و دڵنیایی دا کە لە نەینەوا ئۆفیسیان کردووەتەوە و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و ئامادەکارییان تەواو کردووە، هەروەها گوتیشی، دڵنیایی دراوە کە بەمنزیکانە دەست بە خەرجکردنی ئەو پارەیە دەکرێت.
سەبارەت بە کاتی خەرجکردنی پارەکە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: “دوای تەوابوونی چلەی ئیمام حوسێن، خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ کچان و ژنانی رزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش دەستپێدەکات”.
رۆژی پێنجشەممە 15-9-2022، خەیری بۆزانی، راوێژکاری کاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قەرەبووکردنەوەیە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتی عێراقی فیدراڵەوەیە.
لەبارەی دوایین ئاماری رزگاربووان، خەیری بۆزانی کە هاوکات لێپرسراوی دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردانی ئێزدییە لە ئۆفیسی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی، بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی رفێنراوانی کوردانی ئێزدی شەش هەزار و 417 کەسن کە سێ هەزار و 548 کەسیان کچ و ژنن و دوو هەزار و 869 کەسیشیان لە رەگەزی نێرن.
لەبارەی ئازادکردنی رفێنراوانیشەوە ئەو بەرپرسەی دۆسیەی کوردانی ئێزدی هەروەها باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554یان ئازادکراون کە هەزار و 207یان ژن و 339شیان پیاون. هەروەها هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن. گوتیشی، دوو هەزار و 717 رفێنراو ماون و هێشتا ئازاد نەکراون کە هەزار و 273یان کچ و ژن و هەزار و 444 یشیان لە رەگەزی نێرن.
رۆژی 1-3-2021، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای ژنانی رزگاربووی دەستی داعشی پەسندکرد. ئامانج لەم یاسایە بریتییە لە:
– قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان.
– بڕینەوەی مووچە بۆ رزگاربووان.
– پێدانی زەوی بە ژنانی رزگاربوو.
– دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ ژنانی رزگاربوو.
– پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە رزگاربووان.
– ئاوەدانکردنی ژێرخانی ناوچەکانی ژنانی رزگاربوو.
– تێکەڵکردنەوەی ژنانی رزگاربوو و منداڵەکانیان بە کۆمەڵگە.
– چارەسەرکردنی دۆخی یاسایی منداڵانی ژنە رزگاربووەکان.
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی