حوزه‌یران 20, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بریتانیا 500 هەزار دۆلاران ل شوونەوارێن كوردستانێ خەرج دكت 

بریتانیا 500 هەزار دۆلاران ل شوونەوارێن كوردستانێ خەرج دكت 
رووداو- هەولێر

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی میراتە كولتوورییەكانی بەریتانیا رایگەیاند، پڕۆژەیەكیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی ناوچەی گەرمیان پەسەند كردووە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی سندوقی پاراستنی كولتووری بەریتانیدا لەسەرانسەری جیهان بودجەی بۆ تەرخان دەكرێ. پڕۆژەكە لەلایەن زانكۆیەكی سكۆتلاندییەوە پێشنیاز كراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی زانكۆی گلاسكۆی سكۆتلاند، پڕۆژەكەی گەرمیان بەشێكە لە نۆ پڕۆژەی كولتووری و شوێنەواریی دیكە كە سندوقی پاراستنی كولتووری بەریتانیا لە ناوچەكانی نزیك لە شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقا جێبەجێیان دەكات. بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەو نۆ پڕۆژەیە 30 ملیۆن پاوند (38 ملیۆن دۆلار)ە.

ناوچەی گەرمیان لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا زیانی زۆر بەر شوێنەوارەكانی كەوتووە، سیاسەتەكانی رژێم سەدام حوسێن بۆ سڕینەوەی ئاسەواری كورد لەو ناوچەیەش هۆكارێكی دیكەی زیانە كولتوورییەكانی ئەو ناوچەیە بووە و لە شەڕی چوار ساڵەی دژی داعشیش، ناوچەی گەرمیان یەكێك لە بەرەكانی پێشەوەی ئەو شەڕە بوو. بەگوێرەی راپۆرتێكی زانكۆی گلاسكۆ “ئەم شەڕ و پێكدادانانە زیانی گەورەی بەو شوێنەوارە كولتوورییانە گەیاندووە كە زانیاری و پارچەی هونەری گرنگیان لەبارەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا تێدایە”.

كۆتایی هەفتەی رابردوو، مایكڵ ئیلیس، وەزیری میراتی كولتووریی بەریتانیا، رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی سندووقی پاراستنی كولتووریدا زیاتر لە 380 هەزار دۆلار بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی گەرمیان تەرخان بكرێ، كە بە گوێرەی زانیارییەكانی زانكۆی گلاسكۆ مێژووەكەیان بۆ 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

زانكۆی گلاسكۆ خەریكی پێكهێنانی تیمێكە بۆ ئەوەی لە رێگەی وێنەی سەتەلایتی و ئاسمانییەوە ئاستی زیانەكانی شوێنەوارەكان دەستنیشان بكەن. تیمەكە مەشق بە كۆمەڵێك شوێنەوارناسی ناوچەكەش دەكەن و لەگەڵ قوتابخانەكانی ناوچەكە قسەدەكەن بۆ ئەوەی لە وانەكانی خۆیاندا باسی بایەخی میراتە كولتوورییەكان بكەن.

دكتۆر كلاودیا گلاتز، سەرپەرشتیاری تیمەكە، رایگەیاند “پڕۆژەكەی ئێمە لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەڕووی شێوازی كاركردن لەسەر پاراستنی میراتە كولتوورییەكان دانسقەیە”.

وەزیری میراتە كولتوورییەكانی بەریتانیاش لە گوتارێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە “ئەم شوێنەوارانە چیرۆكی مێژووی مرۆڤایەتیمان بۆ دەگڕێنەوە، بۆیەش پاراستنیان تەنیا بۆ كوردستان گرنگ نییە، بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتی جێی بایەخە”.

یەكێكی دیكە لە نۆ پڕۆژەكەی سندوقی پاراستنی كولتوور تایبەتە بە شاری ئامێدی لە هەرێمی كوردستان. ناوی پڕۆژەكە “پلاندانان بۆ داهاتووی ئامێدی”یە كە تێیدا هەوڵی راهێنانی خەڵك و مەشقی ئیداری بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی شارەكە دەدرێ. ئەم پڕۆژەیە 100 هەزار پاوند (128 هەزار دۆلار)ی بۆ تەرخانكراوە.

سندوقی پاراستنی كولتوور لە ساڵی 2016 و بە دەستپێشخەری حكومەتی بەریتانیا و ئەنجوومەنی بەریتانی دامەزراوە، ئامانجیش لەو سندوقە ئەوەیە هاریكاری دارایی، تەكنیكی و زانستی پێشكەش بەو وڵات و ناوچانە بكرێ كە لەڕووی شوێنەواری كولتوورییەوە دەوڵەمەندن و شوێنەوارەكانیان بەهۆی شەڕ و پێكدادانەوە مەترسییان لەسەرە، ئامانجی درێژخایەنی سندوقەكەش ئەوەیە خەڵك و شارەزایانی ناوچەكە خۆیان بتوانن بەرگری لە شوێنەوارەكانیان بكەن. لە كاتی دامەزراندنی سندوقەكەوە، كار لەسەر 41 پڕۆژەی شوێنەواری و كولتووری لە 12 وڵات كراوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi