حكومهتا ههرێمێ بهرسڤا وهزارهتا دهرڤهيا بریتانیا ددهت
K24 – ههولێر:
له باری ئازادی رادهربڕین و مافهكانی ئافرهتان، حكوومهتی ههرێمی كوردستان وهڵامی وهزارهتی دهرهوهی بریتانیا دهداتهوه.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزیرانی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2018 بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردبوو بەتایبەتی لە بواری ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین و مافەکانی ئافرەتان.
لهوبارهیهوه دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە چەند سەرچاوەیەک بەستووە بێ ئەوەی ئاماژەیان پێبکات و روون نییە کە ئەم سەرچاوانە تا چەند بێلایەن و باوەڕپێکراون”.
لە بارەی ئازادی رۆژنامەنووسی و رێگریکردن لە ئەنجامدانی کارەکانیان، دیندار زێباری دهڵێت: بەپێی یاسای ڕۆژنامهنووسی ژماره (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە هەمان کاتدا پێویسته دهزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان پێچهوانهی یاسا كارپێكراوهكانی ههرێمی كوردستان رهفتار نهكهن و رووماڵ كردنهكهیان بۆ رووداوهكان بەمەبەستی گهیاندنی راستییهكان بێت و داواكاری رهوای هاووڵاتیان بێت به حكومهتی ههرێم نهك ببێته هۆی نانهوهی ئاژاوه. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوودا هیچ دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵای دژی لایەنە ئەمنییەکان بەرزنەکردۆتەوە کە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بکات و هەر کاتێک دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵایەکی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەکان ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنە بەر دژی ئەو کەسانە کە پێشێلکاریان ئەنجامداوە.
دەربارەی ئازادی خۆپیشاندان کە لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باسكراوه، ئاماژهی بهوهكردووه “لە کوردستان (رێکخستنی خۆپیشاندان) به یاسای ژمارە (١١)ی ساڵى (2010) رێکخراوە کە شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات بەپێی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن مافی رێکخستنی خۆپیشاندانیان هەیە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، هەروەها هەڵگرتن یان لە خۆبەستنی چەک لەلایەن خۆپیشاندەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا دەکات مۆڵەتی هەڵگرتن یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان کاتدا نابێ هیچ ماددەیەکی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سووتێنەر لە کاتی خۆپیشاندانەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵبگیرێت یان لە خۆ ببەسترێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی