حکومەتا هەرێما کوردستانێ پرۆژێ خزمەت راگەهاند
رووداو-هەولێر
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی راگەیاندنی کردنەوەی پۆرتاڵی خزمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئامانجمان لە بەرنامەی خزمەت باشترکردنی خزمەتگوزارییە باشەکانە. بەم هەنگاوە حکومەت شەفافیەتێکی زیاتر دەگەیێنێت بە هاووڵاتیان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی کارەکانی.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: “ئەرکی حکومەت پاراستن و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان و دانیشتووانی کوردستان، سوپاس بۆ ئازایەتی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستان. کوردستان ئەمڕۆ دوورگەیەکی پارێزراوە لە دەریایەکی نائارام و ناسەقامگیردا، بۆیە خۆشحاڵم بەناوەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە باسی خزمەت و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین”.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی باشتر بوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: “راستە لە چوار ساڵی رابردوو لە دەستپێکی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کوردستان تووشی چەندەها قەیران و کێشەو گرفت بووەوە، کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەبڕینی بودجەی هەرێمەوە، کێشەی شەڕی داعش، کێشەی هاتنی ئاوارەیەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان، کێشەی دابەزینی نرخی نەوت، کێشەی سیاسی نێوخۆیی، کێشەی سیاسی دەرەکی، ئەمانە هەموویان کاریگەری سلبیان لەسەر توانای حکومەتەکەمان هەبوو بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتگوزاری بگەیێنێت بە هاووڵاتییەکانی. لەبەر هەندێک لەو چاکسازیانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بۆی بردووە و لەبەر چەند هۆکارێکی دیکەش، لەبەر ئەو ئارامییەی کە خەریکە دەکەوێتە نێوان پەیوەندییەکانی کوردستان و بەغدا و وڵاتانی دەرەوە، بەشێک لە کێشە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەڕوات، بەشێک لەو پرۆژانەی راگیرابوون کەوتوونەتەوە کار”.
قوباد تاڵەبانی گوتی: “ئەمڕۆ هاتووین باس لە ئەرکەکەی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانتان بۆ دەکەین،کە بریتییە لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، راستە ئێمە هاتووین پۆرتاڵی خزمەت رابگەیێنین، ئێمە نەهاتووین تەنها باسی پۆرتاڵێک بکەین، بەڵکو هاتووین باسی قۆناخێکی نوێ بکەین لە پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و حکومەتەکەیان، باسی ئەوە دکەین چۆن پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری دەکەین لە چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتیان، بەشێوەیەک تاوەکو هاووڵاتییەکانمان هەست بکەن کە ئەوان ئەولەویەتن”.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی ئامانجەکانی پرۆژەی خزمەتی کرد و رایگەیاند: “ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەت و خزمەتگوزارییەک دەگەیێنێت بە هاووڵاتی، هەندێکی بەشێوەیەکی باش و خێرا، هەندێکیش دەتوانین بڵێین لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمە و هاووڵاتیاندا نییە، بە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و رۆتینیاتێکی زۆرەوە. ئامانجمان لە بەرنامەی خزمەت باشترکردنی خزمەتگوزارییە باشەکانە، زۆر باشترکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەن کە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نییە. ئێمە ئەمڕۆ وەکو حکومەت زیاتر لە 425 جۆری خزمەت دەگەیێنین بە تاکی هاووڵاتی، باسی خزمەتە گشتییەکان ناکەم وەکو ئاسایش و کارەباو ئاو، باسی ئەو مامەڵانە دەکەم کە رۆژانە لە نێوان هاووڵاتی و حکومەتدا هەیە لە دامودەزگاکانی حکومەت”.
قوباد تاڵەبانی هەنگاوەکەی حکومەتی بۆ زیاترکردنی شەفافیەت گەڕاندەوە و گوتی: “بەم هەنگاوە حکومەت شەفافیەتێکی زیاتر دەگەیێنێت بە هاووڵاتیان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی کارەکانی و چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی، چ خزمەتگوزاییەک دەگەیێنێت بە هاووڵاتیان، چۆن دەیگەیێنێت و لەکوێ دەیگەیێنێت، چەند رۆژ دەخایەنێت بۆ گەیاندنی ئەم خزمەتە، چەند هەنگاوی دەوێت تاوەکو خزمەتێک یان مامەڵەیەکی هاووڵاتییەک جێبەجێ دەکرێت لە یەکێک لە فەرمانگەکانی حکومەت”. گوتیشی: “کە ئەم پرۆژەیە جێبەجێکرا، دڵنیام هاووڵاتیان هەستێکی باشتریان دەبێت بۆ حکومەتەکەیان و ئەو هاووڵاتیانەی رۆژانە سەردانی فەرمانگەکانی حکومەت دەکەن دڵخۆشتر دەبن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی