شيرهتكارێ سەرۆك كۆمارى:پشتى جەژنێ دانوستاندنێن جیددی دێ دەست پێ كن
بەغدا-KDP.info-
راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق گوتی، دوای جەژنی قوربان گفتوگۆی جیددی لە نێوان لایەنەكاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازە دەست پێدەكات و، كورد یەكگرتوو بێت لەم دۆخەدا كە شیعە و سوننە ناوماڵیان پەرتەوازەیە، براوەی یەكەم بێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوای هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست، ئەنجامی كۆتایی راگەیاندووە و بەپێی راگەیاندنی ئەنجامەكانیش گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ئەنجامەكاندا دروست نەبووە.
لەو بارەیەوە، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: “دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، لایەنەكان ماوەی سێ رۆژ دەتوانن تانە لە ئەنجامەكان بدەن و دوای ئەوە لە ماوەی 10 ڕۆژدا تەماشای تانەكان دەكرێت و دواتر رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، هەر كاتێكیش پەسەند كرا، گفتوگۆی جیددی دەست پێدەكات بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلە دروست بكرێت لەناو پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام گفتوگۆكان دەكەونە دوای جەژنی قوربانەوە، چونكە كات كەم ماوە و دەكەوینە ناو جەژن”.
عەلیاوەیی گوتیشی، هێشتا دیار نییە كێ دەبێتە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، چونكە مەرجەعییەتی شیعەكان زۆر لە حەیدەر عەبادی رازی نین ببێتەوە سەرۆكوەزیران و رەنگە كەسێكی دیكە دیاری بكەن، جگە لەوەش ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران هەیە، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتی تازە قورس دەبێت.
راوێژكارەكەی سەرۆككۆمار، هەروەها دەشڵێ، لەم دۆخەی ئێستادا ئەگەر كورد یەكگرتوو بن، زۆر باش دەبێت، چونكە نێو ماڵی شیعە پەرتەوازەیە و سوننەش بە هەمان شێوەیە، بۆیە ئەوەی بۆ كورد گرینگە یەكگرتووییە كە پارتی و یەكێتی یەكیان گرتووە و گرینگە لایەنەكانی دیكەیش لەگەڵ ئەواندا یەك بگرن، ئەوەی براوەی یەكەم دەبێت و سوودمەند دەبێت لە عێراق، كورد دەبێت، بۆیە هەر چۆنێك بێت پێویستە كورد یەكگرتوو بێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی