ئيرۆ سالیادا رێککەفتنا 11ی ئادارێ و ب دەست ڤه ئينانا ئارمانجێن شۆڕهشا ئەیلوولێ يه
باسنيوز:
ئەمڕۆ یەکشەممە 11/3/2018، ساڵیادی رێککەوتنی 11ـی ئاداری مێژووییە، کە تێیدا شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئامانجەکانی خۆی بە دەست هێنا.
رۆژی 11ـی ئەیلوولی 1961، مستەفا بارزانی، رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان شۆڕشی ئەیلوولی گەلی کوردستانی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، هەڵگیرساند.
ئامانجی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول حوکمی زاتی بۆ کوردستان، دوای نۆ ساڵ خەباتی شۆڕشگێڕیی سەرتاسەریی کوردستانی باشوور، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بوو دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێت، کە خۆی لە حوکمی زاتی (خۆڕێبەریی) بۆ کوردستان دەبینییەوە و رێککەوتنی مێژوویی 11ـی ئاداری 1970 لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش بە سەرۆکایەتیی جەنەڕال مستەفا بارزانی و رژێمی عێراق واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە بە رێککەوتنێکی مێژوویی گەلی کوردستان هەژمار دەکرێت، چونکە بەهۆیەوە گەلی کوردستان چەندین دەستکەوتی سیاسی و ئابووری بە دەستهێنا.
رژێمی عێراق چەندین هەوڵیدا بۆ کۆتایی هێنان بە رێککەوتنەکە و دووبارە دەستکردنەوە بە پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کوردستان، یەکێک لە هەوڵەکان ناردنی ژمارەیەک مامۆستای ئایینی (مەلا)ی بۆمبڕێژکراو بوو بۆ لای جەنەڕال مستەفا بارزانی، هەرچەندە لە ژووری دانیشتنەکەدا مەلاکان تەقینەوە، بەڵام بارزانی نەمر بەشێوەیەکی موعجیزەئاسا هیچ زیانی بەر نەکەوت و رزگاری بوو.
دوای چوار ساڵ لە رێککەوتنەکە، حکوومەتی عێراق وردە وردە سەرپێچیی رێککەوتنەکەی کرد و لەگەڵ رێککەوتنی جەزائیر لە16ـی 3ـی 1975، کۆتایی بە رێککەوتنەکە هێنا.
لە رێککەوتنەکەدا، سەدام حوسێن، جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق دەستبەرداری بەشێکی خاکی عێراق لە باشوور بوو بۆ محەمەد رەزای شای ئێران لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە هاوکاریکردنی شۆڕشی گەلی کوردستان و بەو هۆیەوەش شۆڕشی ئەیلوول کۆتایی پێهات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی