حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

گۆمان ل مرنا زاڤايى دئێته‌ کرن 

گۆمان ل مرنا زاڤايى دئێته‌ کرن 
ZNA- ھەولێر

کەسوکاری ئەو گەنجەی دوای پێنج کاژێر لە ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکەی بە رووداوی ھاتوچۆ گیانی سپارد، گومانیان لە رووداوەکە ھەیە و دەڵێن نازانن ئەو گەنجە بۆچی لەو کاتەدا چووە بۆ بەردەڕەش و بە تەلەفۆنی کێ چووە.

ئێستا دوو تەلەفۆنی ئەو گەنجە لەلای پۆلیسن، کەسوکارەکەشی پەلەیانە بزانن دوایین کەس کە پەیوەندی پێوە کردووە کێ بووە و چی گوتووە.

کاژێر نۆی شەوی ٢١/٢/٢٠١٨ ، گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی مامەش کە تەنیا پێنج کاژێر بەسەر ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکەیدا تێپەڕیبوو، بەھۆی رووداوی ھاتوچۆ لەسەر رێگای رۆڤیا – بەردەڕەش، گیانی لەدەست دا. بەڵام رووداوەکە گومانی لەلای کەسوکارەکەی دروست کردووە و دەڵێن بۆچی و چۆن مامەش لەو رۆژەدا بووکی جێھێشتووە و بە تەنیا چووە بۆ بەردەڕەش.

رەمەزان عومەر کە ئامۆزای مامەشە، دەڵێت “مامەش ٢٥ رۆژ بوو ئەو کچەی مارەکردبوو، چەند رۆژێک پێش زەماوەندەکە لە ماڵی ئێمە بوو، پێیگوتم دەسگیرانەکەم دەگوازمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خاڵم نەخۆشە، شایی ناکەین”.

مامەش رۆژی ٢١/٢/٢٠١٨ کەسوکارەکەی بانگھێشت کردبوو بۆ پارکێکی ئاکرێ. رەمەزان دەڵێت “تەنیا خزمەکانی خۆی بانگ کردبوون، ھەندێک وێنەمان گرتن و دواتر بەرێکەوتین بەرەو رۆڤیا. کاژێر حەوت بوو بە منی گوت بچینە بازاڕ و ئیشم ھەیە، پێکەوە چووینە بازاڕی روڤیا، شتێکی لە دوکانێک کڕی، پاشان گوتی با بچینە مزگەوت نوێژ بکەین، پێکەوە چووینە مزگەوت نوێژمان کرد، لە رێگا دەیگوت سەرم دێشێ و جارجاریش بە دەنگێکی بەرز پێدەکەنی، جارێک گوتی تەواو دەمرم، دواتر ھەر پێکەنی”.

دوای رووداوەکە چەند دەنگۆیەک بڵاوبوونەوە، گوایە مامەش پەیوەندی لەگەڵ کچێکی دیکە ھەبووە و ئەو رۆژە تەلەفۆنی بۆ کردووە. بەڵام ئامۆزاکەی دەڵێت “نەمزانیوە کچێکی دیکەی خۆشویستبێ، زۆر بە کەمی دەمبینی، چونکە شوفێری بارھەڵگر بوو، ھاتوچۆی تورکیای دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی ئەو کچەی مارە کرد، لەلای من گوتی پەیوەندیم لەگەڵی ھەبوو”.

مردنی ئەو گەنجە دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو، بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە چۆن ئەو گەنجە لە رۆژی گواستنەوەی دەسگیرانەکەی لە ماڵ دەرچووە. رەمەزان دەڵێت: “تەنیا لەلای ھاوژینەکەی گوتبووی دەچمە دەرەوە، بەڵام دوای رووداوەکە پۆلیس دوو مۆبایلی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی ھەڵگرتەوە، ئێستا ئێمە چاوەڕێین بزانین بۆچی چووە بۆ ئەوێ، دوایین کەس کێ پەیوەندی پێوە کردووە و چی پێگوتووە”.

مامەش لەسەر رێگای بەردەڕەش – رۆڤیا، خۆی دەکێشێ بە بارھەڵگرێکدا و گیان لەدەست دەدات. رەمەزان دەڵێت “بەگوێرەی ھێڵکاریی پۆلیسی ھاتوچۆ، مامەش موخالیف بووە، ھەر بۆیە شوفێری بارھەڵگرەکە ئازاد کرا”.

دڵخواز محەممەد کە تەنیا پێنج کاژێر لەگەڵ مامەش بووە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: “سەعات نۆی شەو بوو بە منی گوت دەچمە نێو پیاوان، بەڵام دوای یەک سەعات پێیانگوتم مامەش تووشی رووداوی ھاتوچۆ بووە، نازانم بۆچی بەو شەوە چوو بۆ بەردەڕەش”.

مامەش قەتیش، پێنج خوشک و سێ برای ھەن، تاوەکو ٢٠١٤ و پێش شەڕی داعش ماڵیان لە شاری مووسڵ بوو، بەڵام دوای ھێرشی داعش، شارەکەیان جێھێشت و لە ناحیەی روڤیای سەر بە قەزای شێخان نیشتەجێ بوون”.

عەبدولغەفور قەتیش برای مامەش گوتی : “ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەس نییە، تەنانەت ئەو شوفێرەی لەگەڵ مامەش دەعمی کردبوو، ئازادمان کرد، چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی پۆلیسین بزانین بۆچی چووە بۆ بەردەڕەش”.

ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک گوتی: “دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بەڵام ھەتا ئێستا ھیچ شتێک ئاشکرا نەبووە، لێکوڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە”.

سەرچاوە / رووداو

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi