رومیۆ ھەكاری: باوەر ناكەین حكوومەتا عێراقێ ناوچێن مه ئاڤەدان بكت
نەینەوا-KDP.info-
بە ھۆی دەستەڵاتی داعشەوە، زۆربەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی لە گەلانی كلد و ئاشوور و سریان پێك ھاتووە، تووشی زیانی گەورە ھاتووە، بەرپرسێكی كلد و ئاشوورییەكانیش پێی وایە، عێراق ھیچ پلانێكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەیان نییە و، لە بەغدا بێئومێد بوونە.
رومیۆ ھەكاری، سكرتێری گشتیی حزبی بەیت نەھرێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “تا ئێستا حكوومەتی عێراق ھیچ ناوچەیەكی خاپووركراوی ژێر دەستەڵاتی داعشی ئاوەدان نەكردووەتەوە، ناوچەكانی كلد و ئاشووریش بە ھەمان شێوە ھیچ پڕۆسەیەكی ئاوەدانی تێدا نییە و، باوەڕیش ناكەین حكوومەتی عێراق ناوچەكانمان ئاوەدان بكاتەوە، دوای كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە خاپووركراوەكانی عێراق، داوامان كردووە دەشتی نەینەوا بكەوێتە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەوە، بەڵام ئێمە گەشبین نین لەو ھەنگاوەی عێراق”.
سێ ساڵ گروپی تیرۆریستی داعش ھەموو سنووری دەشتی نەینەوای داگیر كرد و جگە لە زیانی گیانی، زیانی گەورەی بە ژێر خانی ناوچەكە گەیاند و بە ھۆی وێرانكاریی داعشیشەوە، ھیچ گوند و شار و شارۆچكەیەكی دەشتی نەینەوا نەماوە زیانی پێ نەگەییشتبێت.
خالس ئیشو، چالاكی مەدەنیی كریستیانەكان لە دەشتی نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “داعش ھیچ نەماوە بەرانبەر بە ناوچەی ئێمە نەیكردبێت، زۆربەی خانوو و باڵاخانە و شوێنە گشتی و ئایینییەكان زیانیان بەر كەوتووە، خەڵكی ناوچەكە لە دادگا ساكاڵایان تۆمار كردووە، بەڵام ئەگەر پلانێك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نەبێت، ئێمە چی لە سكاڵا بكەین، بە داخەوە تا ئێستا ئاوڕ لە ناوچەكە نەدراوەتەوە و پارە بۆ ئاوەدانی تەرخان نەكراوە”.
رومیۆ ھەكارییش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “بە ھۆی دەستەڵاتی داعشەوە، لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا شوێن ھەیە ٩٠%ی خاپوور كراوە، ھەر ئەوەیش ھۆكارێكە خەڵكی ئێمە ناتوانێت بگەڕێتەوە، چونكە گوند ھەیە بە تەواوی وێران بووە و خەڵكی چوون بگەڕێنەوە سەر وێرانەیەك، پێشتر رێكخراوەكان بەڵێنی ئەوەیان بە ھاووڵاتیانی ئێمە دابوو خانووەكانیان بۆ ئاوەدان بكرێنەوە، بەڵام ئەوەیش وەك خۆی جێبەجێ نەكرا”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی