لژنا تەندروستی: چەندین نەخۆشا ژبهر بڕیارهكا عێراقێ گیانێ خۆ ژ دەست داينە
باسنيوز:
ئەندامێکی لێژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی نەناردنی دەرمان و داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە، چەندین نەخۆش گیانیان لە دەست داوە.
دکتۆر عەبدوڵڵا رێكانی، ئەندامی لێژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، داواكارییەکانی خۆپیشاندەران لە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان ڕەوان، چونكە ”ئەوان داوای ناردنی دەرمان لە بەغدا و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن“.
عەبدوڵڵا رێکانی هەروەها رایگەیاند، لێژنەکەیان هەفتەی رابردوو میوانداریی دکتۆر رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئەویش رایگەیاندووە، چەند ساڵێکە حکوومەتی عێراق ئەو بڕە دەرمانەی هەرێمی کوردستان داوای دەکات، نانێرێت.
هەروەک ئەو ئەندامەی لێژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان باسی کرد، داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری حکوومەتی عێراق ”گرفتی گەورە“ی بۆ هاووڵاتییان بە گشتی و بەتایبەت بۆ ئەو نەخۆشانە دروست كردووە، كە پێویستییان بە چارەسەر هەیە لە دەروەی وڵات“.
عەبدوڵڵا رێکانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق بەردەوام باسی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ”راست ناکەن و تەنیا وەک بانگەشەی هەڵبژاردن“ لە راگەیەندنەکانەوە باسی دەکەن.
رێکانی جەختی لەوەش کردەوە، کە بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان و نەناردنی دەرمانی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان، چەندین کەسی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان گیانیان لەدەست داوە.
چەند رۆژێکە هاووڵاتییانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بریندارانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، خۆپیشاندان رێک دەخەن و داوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردساتان دەکەن، چونکە بەشێک لەو نەخۆشانە پێویستییان بە چارەسەرکردن لە دەرەوەی وڵات هەیە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی