کەمپینهك بۆ ئاشکهراکرنا چارەنڤيسێ پێشمەرگێن دیل هاته پێكئينان
هەولێر-KDP.info-
کەمپینێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش راگەیاندرا و، رێکخەری کەمپینەکەش دەڵێ، ھەموو گوشارێکی مەدەنی دەخەینە سەر ھەردوو حکوومەت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان.
بەھرە حەمەڕەش، رێکخەری کەمپینەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند “بە مەبەستی زانینی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان، کەمپینێکمان رێکخستوە و ھەموو گوشارێک دەکەین بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان. گوشاری مەدەنی دەخەینە سەر ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، تا چارەنووسیان دیاری بکرێت، چونکە بەپێی ھەندێ بەدواداچوون دەڵێن لە زیندانی سەماوەن.”
دکتۆر ئەشواق جاف، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند “بەدواداچوون بەردەوامە و سەردانی چەندین بەندیخانەی عێراقم کردووە و توانیومە چارەنووسی سێ پێشمەرگە ئاشکرا بکەم، بەڵام ئەوان کەیسی تیرۆریان بۆ دروست کراوە و بەو بیانووە گیراون.. هەڵبەتە پێشمەرگە دیلەکان تەنھا بەگوێرەی گوتەی بەرپرسی زیندانیانی داعش دەڵێن ماون لە ژیاندا.”
بەھرە حەمەڕەش گوتیشی “پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە بەرلە ھەموو کەسێک ھەنگاوی کرداری بنێت بۆ ئەوەی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان ئاشکرا بکات و، ناکرێت ئەو پێشمەرگەی قارەمان خۆیان کردبێتە قەلغان بۆ پاراستنی کوردستان، ئێستا بەو شێوەیە لەنێوان گوماندا بن و چارەنووسیان دیار نەبێت.”
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێ، بەڵام وەڵام نەبوو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی