حوزه‌یران 21, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ب “پاراستنا شەرەفێ” سالا ربۆرى 14 ژن هاتينه‌ كوشتن 

ب “پاراستنا شەرەفێ” سالا ربۆرى 14 ژن هاتينه‌ كوشتن 
ZNA-ھەولێر

ھەر ئەوەندەی بەس بوو کە کچەکەی ببینێ لە ئۆتۆمبێلی کەسێکی بێگانە دێتە خوارەوە.. باوکی ھێڤین ھیچی نەگوت تاوەکوو کچەکەی چووە ژوورەکەی خۆی، ئیدی ھەر لەوێ دەستی خستە بیناقاقای و خنکاندی.

ھێڤین یەکێکە لەو ١٤ ژنەی کە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو بەناوی “پاراستنی شەرەف” کوژراون.

کچەکەی خۆی خنکاند

(ھێڤین.ع.ح) تەمەن ١٤ ساڵ، کچە ئاوارەیەکی کوردی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی گەڕەکی کەسنەزانی نوێی سەر بە پارێزگای ھەولێر بوو، ھێڤین پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک ھەبووە، بەڵام کاتێک باوکی بە پەیوەندییەکەی زانیوە، خنکاندوویەتی.

ئەو رووداوە رۆژی ١/٩/٢٠١٧ روویداوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، کاتێک باوکی ھێڤین بینیویەتی کچەکەی لە ئۆتۆمبێلی خۆشەویستەکەی دابەزیوە، ئەمەی پێ قبوڵ نەکراوە، کاتێک ھێڤین چووەتە ژوورەکەی، یەکسەر خنکاندوویەتی. باوکی ھێڤین کە ئێستا بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی لە زیندانە، لەلای پۆلیس گوتوویەتی کە “پەشیمان نییە” لە کوشتنی کچەکەی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کوشتنی ئافرەتانی بەسەر نۆ ھۆکاردا دابەش کردووە (خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەم عەقڵی، نەزانراو، خۆشەویستی، دەستدرێژی ، بیانووی شەرەف، قەزاوقەدەر).

کوشتنی ٥٠ ئافرەت

بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ساڵی رابردوو ٥٠ ئافرەت بەو ھۆکارانەی سەرەوە کوژراون، زۆرترینیان بە بیانووی پاراستنی شەرەف کوژراون کە ١٤ ئافرەت بووە. ١٢ ئافرەتیش ھۆکاری کوژرانیان نەزانراوە، لەو ٥٠ ئافرەتە تەنیا ٤ یان بە “قەزاوقەدەر” کوژراون. لەو ١٤ ئافرەتەشی کە بە بیانووی شەرەف کوژراون، سێیان لە ھەولێر و ١١ی دیکەیان لە سنووری پارێزگای دھۆک بوون.

پۆلیس دۆسیەی بۆ ھەر ٥٠ رووداوەکەی کوشتن کردووەتەوە، ١٢ لەو دۆسیانە حەواڵەی دادگای تایبەتمەند کراون، پەڕاوی ١٥ دۆسیە داخراون و لێکۆڵینەوەش لە ٢٣ دۆسیەکەی دیکە بەردەوامە.

لە دیدی چالاکڤانان و رێکخراوەکانی ئافرەتانەوە، یاسای (غسل العار)ی سەردەمی بەعس ھۆکارێک بوو بۆ ئەوەی پیاوان بە ئاسانی بە بیانووی پاراستنی شەرەف دەستیان بچێتە خوێنی ئافرەتان، ھەر بۆیە پەرلەمانی کوردستان ئەو یاسایەی ھەموار کردەوە کە سزایەکی کەمی بۆ بکوژی ژنان تێدابوو، ئیدی کوشتنی ژنانیش وەکو کوشتنی بە ئەنقەست مامەڵەی لەگەڵ کرا، بەڵام ھێشتا کەسانێک ھەن گوێ بە قورسیی سزاکە نادەن و دەستیان دەچێتە گیانی کەسوکاری خۆیان، بۆ نموونە کەسێکی وەکو برای پەیمان.

پەشیمان نییە

کاتێک مێردی پەیمان بە خۆشەویستیی نێوان ھاوژینەکەی و ھەرێمی برای دەزانێ، بەبێ سێ و دوو، پەیمان تەڵاق دەدات، پەیمان دەگەڕێتەوە لای دایکی، بەڵام کاتێک برای پەیمان بە ھۆکاری تەڵاقدانی خوشکەکەی دەزانێ، رۆژی ١١/١/٢٠١٧ سەردانیان دەکات و ھەر لە ماڵی دایکی، پەیمان بە ھەشت گوللە دەکوژێ.

دایکی پەیمان نەک ھەر سکاڵای لەسەر کوڕەکەی تۆمار نەکرد، بەڵکو شانازیشی بەو کارەی کوڕەکەیەوە کردبوو.

بکوژەکە کە بە ماوەیەکی کەم دوای ئەنجامدانی تاوانەکە لەلایەن پۆلیسی بنەسڵاوە دەستگیرکرابوو، گوتبووی: “بەڵێ من خوشکەکەم کوشت و پەشیمانیش نیم، چونکە نامووسی خۆم پاک کردەوە”.

بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان بە تایبەتیش کوشتنی ژنان لەژێر پەردەی پاراستنی شەرەف، حکومەتی ھان دا کە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ بکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرەتا بەنێوی بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوونی توندوتیژیی دژی ئافرەتان بوو، بەڵام دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و نووسینگەشی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان کردەوە.

جگە لەو بەڕێوەبەرایەتییە، چەندین رێکخراوی تایبەت بە داکۆکی لە مافی ئافرەتان بەدواداچوون بۆ پرسی ژنان دەکەن.

سەروین محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتان کوردستان پێیوایە کوشتنی ئافرەتان لە کوردستان ئێستا بەڕاددەیەکی زۆر کەمی کردووە “ئەمەش بەھۆی ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی ئافرەتان کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دامەزراون، بەڵام نەتوانراوە دیاردەکە بە تەواوی بنبڕ بکرێت”.

توندوتیژیی دژی ئافرەتان، ھەرێمی کوردستانیشی خستووەتە نێو بازنەی ئەو وڵاتانەی ساڵانە لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان رادەگەیەنن.

ئاڤان جاف کە چالاکڤانێکی بواری ئافرەتانە، ئەو بۆچوونە رەتناکاتەوە کە دەڵێت رێکخراوەکانی ئافرەتان رۆڵیان ھەبووە لە کەمکردنەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەڵام دەڵێت “بەشێک لە کار و چالاکییەکانیان دووبارەن”.

ئەو پێیوایە رێکخراوەکان و چالاکڤانانی مەدەنی رۆڵیان ھەبووە لەوەی پەرلەمان ئەو یاسایانە ھەموار بکاتەوە کە سزایەکی کەمیان دانابوو بۆ بکوژانی ئافرەتان.

کوشتن ھەر کوشتنە

پێشتر بکوژی ئافرەتان بەپێی ماددە ٤٠٩ لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدران، لە یاساکەدا ھاتووە: “سزا دەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەیەک کە نابێت لە سێ ساڵ زیاتر بێ، ھەر یەکێک ژنەکەی یان یەکێک لە مەحرەمەکانی لە حاڵەتی زیناکردن بینی، یان بە یەکەوە لەسەر جێگا بوون، ھەمان کات یەکێک یان ھەردووکیانی کوشت، یان دەستدرێژی کردە سەریان، یان بۆ سەر یەکێکیان و بووە ھۆی مردنی، یان تووشی کەمئەندامی کرد”. ھەر بەپێی یاساکە ئەو کەسە حوکمەکانی بارودۆخە توندەکانی بەسەردا جێبەجێ ناکرێ.

بەڵام ئێستا لە کوردستان ھەموو بکوژێکی ژنان بەپێی ماددە ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ کە سزای ئەو ماددەیە ھەندێکجار تا ئاستی لە سێدارەدانیش دەڕوات.

ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دەڵێت: “کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمی کردووە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو ٢٠ ژن لە سنووری پارێزگای ھەولێر کوژراون و تەنیا سێ لەو ژنانە بە پاساوی شەرەف کوژراون”.
گوتیشی: “ئێستا وەکو کوشتنی ئەنقەست مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کوشتنی ژنان دەکرێ کە لە زۆر باردا سزای بکوژ دەگاتە ٢٠ ساڵ بەندکردن و لێبووردنی گشتیش نایگرێتەوە”.

ھۆکارەکانی کوشتنی ژنان لە ساڵی رابردوو لە ھەرێمی کوردستان

ھۆکارەکان ھەولێر دھۆک سلێمانی راپەڕین سۆران

خێزانی ٤ ١ – ٣ –
کۆمەڵایەتی ٢ ١ ٣ – ١
قەزاو قەدەر ١ – ٣ – –
ئابووری ١ – – – –
کەموکوڕی عەقڵی ١ – – – –
نەزانراو ٦ – ٤ – ٢
خۆشەویستی ٢ – – – –
دەستدرێژی ١ – – – –
بیانووی شەرەف ٣ ١١ – – –
کۆی گشتی ٢١ ١٣ ١٠ ٣ ٣

سەرچاوە/ رووداو

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi