ناڤێ بەشهک ژ کاندید و سەرۆک لیستێن پارێزگهها دهۆکێ هاتنه ئاشکهرا کرن
رووداو – دهۆک
ناوى بەشێک لە کاندید و سەرۆک لیستەکانی پارتە سیاسییەکانى پارێزگای دهۆک، ئەوانەى لیستیان بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەبێت ئاشکرا کران.
بەپێی زانیارییەکانى رووداو، پارتى دیموکراتى کوردستان لیستێکى 22 کەسى ئامادەکردووە و نوێنەرى سەرجەم ناوچەکانى سنوورى پارێزگای دهۆکی تێدایە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پارتى دیموکراتى کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیاربوو د. ڤیان سەبرى، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى لە لیستەکەدابێت و ببێتە سەرۆکى لیسى پارتى لە دهۆک، بەڵام هێشتا بەتەواوی یەکلاینەبووەتەوە. رووداو پەیوەندی بە د. ڤیان سەبرییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک بدات.
بەپێی زانیارى ئەو سەرچاوەیە، بەشێک لەناوەکان یەکلایى بوونەتەوە، ئەویش هەر یەک لە بەیار تاهیر دۆسکى، د.ئارام باڵەتەیى، شەبال حەسەن، شیلان ناسر نهێلى، عەبدولڕەحمان سپیندارى، د.دیار تەیب، عومەر رێکانى، د. ئەحمەد سەفار و د.شەوکەت سندى و ژمارەیەکى دیکەیش هەن.
خالید دۆسکى، بەرپرسى مەکتەبى هەڵبژاردنى لقى یەکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا بەدروستى سەرۆکی لیستى پارتى لە دهۆک یەکلایى نەبووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەندامێکى سەرکردایەتى لە لیستەکەدا بوو، ئەوا ئەو دەبێتە سەرۆکى لیست، بەڵام ئەگەر هیچ کەسێک لە سەرکردایەتى پارتى لە لیستەکەدا نەبوو، ئەوا ناوى یەکەمى لیستى پارتى بەپێی پیتی ئەبجەدى یان تیروپشک دادەنرێت.
ژمارەى کورسییەکانى پارێزگای دهۆک 12 کورسى دەستنیشانکراون، یەک لە کورسییەکان وەکو کۆتا بۆ کریستیانەکان دەستنیشانکراوە، ئێستا پارتى لە دهۆک هەشت کورسى هەن، یەکگرتووی ئیسلامى کوردستان دوو کورسى، یەکێتى نیشتمانى کوردستان یەک کورسى، لەگەڵ کورسییەکى کۆتا.
بەپێ زانیارییەکانى رووداو یەکگرتووی ئیسلامى کوردستانیش زۆربەى کاندیدەکانی یەکلایى کردوونەتەوە, جەمال کۆچەر وەکو سەرۆکى لیست دەستنیشانکراوە.
هەروەها د. زێرەڤان بەروارى، سەرۆکایەتیى لیستى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەکات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی