سەلیم جبووری: پڕۆژە یاسايا بودجێ رەت دكەین، نه یاسایی و نهدەستوورییە
رووداو – بەغدا
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ـی عێراق کە لەلایەن حەیدەر عەبادی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەکراوە، یاسایی و دەستووری نییە، بۆیە وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەتیدەکەنەوە.
ماوەیەکی زۆرە پرۆژەیاسای بودجەی 2018 مشتومڕی لەسەرە و کورد و سوننە تێبینی زۆریان لەسەر هەیە و، ئامادەنین لە پەرلەمان دەنگی پێبدەن، تەنانەت فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەی کوردستان لە 17% ـەوە بۆ 12.6% کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بودجە بایکۆت دەکەن.
سەلیم جبووری ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-2-2018) رایگەیاند “بە بۆچوونی ئێمە؛ بودجە پێویستی دەستووریی و یاسایی تێدا نییە وەک ئەوەی لە دەستووردا نووسراوە، لە سەرووی هەموویانەوە بەپێی ماددەی 62ـی دەستوور، حیسابی کۆتایی ساڵانی 2012 تاوەکو 2017 پێشکەش نەکراوە، بەمەبەستی هەڵوەستەکردن لەسەر رێژەی جێبەجێکردنیان”.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە کاتی گەیشتنی پرۆژەیاسای بودجە گرت بۆ پەرلەمان و گوتی “بودجە، درەنگ گەیشتووەتە پەرلەمان، لەکاتێکدا بەپێی دەقی یاسای کارگێڕی دارایی دەوڵەت، ژمارە 95ـی ساڵی 2004: دەبێت 10ـی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک پرۆژەیاسای بودجە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، بەڵام نزیکەی 49 رۆژ پرۆژەیاسای بودجە دواکەتووە، دواتر رەشنووسێکی دیکەی هەموارکراو پێشکەش کراوە”.
سەلیم جبووری رەخنەی دیکەی گرت و گوتی “هەروەها وەزارەتی دارایی خشتەی خەرجییەکانی سیادی نەناردووە، کە رێژەی پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا روون دەکرێتەوە”.
کورد و سوننە گللەیی زۆریان لە پرۆژەیاسای بودجە هەیە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە رەخنەکانی کورد کرد و رایگەیاند “نوێنەرانی هەرێم تێبینییەکانیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە پێشکەش کردووە، لەوانە: خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، زیادکردنی پشکیان لە بودجەدا، پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران و چاوخشانەوە بە پشکی هەرێم کە لەم پرۆژەیەدا بەڕێژی 12.67%هەژمارکراوە، هەروەها داوای چاوخشانەوەیان بە خەرجیی سیادی کردووە، کە لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە، چونکە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر پشکی هەرێمی کوردستان”.
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە لەوەی “هەفتەی رابردوو پەرلەمان هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی بەدەستگەیشتووە، بودجەکە داواکاری و تێبنییەکانی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان و هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی رەچاونەکردووە، جگە لەوەی کە هەموارکردنەکە هەندێک پێشنیازی هەموارکراوی گرتووەتەوە کە لەلایەن سنووقی نێودەوڵەتی دراوەوە پێشکەشکرابوو، ئەمانەش جگە لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێـمی کوردستانەوە هەیە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی