ھەرێما کوردستانێ ب فەرمی بۆ کۆنفرانسێ کوێتێ هاته داخوازکرن
ھەولێر-KDP.info-
بەرێوبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر گوتی، ھەرێمی کوردستان داوەتنامەیەکی فەرمیی پێ گەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت، کە بڕیارە حەفتەی داھاتوو بە بەشداریی ٧٠ وڵات دەست پێ بکات.
بڕیارە حەفتەی داھاتوو ڕۆژی ١٢ تا ١٤ی ئەم مانگە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە دوای پاککردنەوەی لە شەڕی داعش لە کوێت بەرێوە بچێت بە بەشداریی ٧٠ وڵاتی جیھان و لەو کۆنفرانسەدا کۆمەک و ھاوکاری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان بە ھۆی شەڕی داعش پێ گەیشتووە، ئاوەدان بکرێنەوە.
لەمبارەیەوە، ھەمزە حامید بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “داوەتنامەیەکی فەرمی لە لایەن وڵاتی کوێت بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ ئەوەی ھەرسێ پارێزگاری ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و وەزیری پلاندانان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێم و ھەندێک شارەزا لە وەزارەتی پلاندانان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت بکەن، کە بڕیارە حەفتەی داھاتوو بەڕێوە بچێت.”
ھەمزە حامید گوتی: “سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات شاندەکەی ھەرێم بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، یان نا، بەڵام داوەتنامەکە بە فەرمی بە ئێمە گەیشتووە.”
حامید ڕوونیشی کردەوە: “ھۆکاری بانگھێشتکردنی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆنفرانسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕۆڵێکی سەرەکیان لە لەناوبردنی داعش ھەبووە و زیانیش بە زۆر ناوچەی ھەرێمی کوردستان گەیشتووە و پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە ھەیە، بۆیە ھەرێمیش وەکو عێراق بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگھێشت کراوە.”
نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێریش ئەو ھەواڵەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتراست کردەوە و گوتی: “ڕاستە ھەرێمی کوردستان بە فەرمیی بانگھێشت کراوە بۆ ئەو کۆنفرانسە و شاندێکی حکوومەتی ھەرێم بە بەشداریی پارێزگاکان و وەزیری پلاندانانیش سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەین و پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە حەفتەی داھاتوو سەردانی کوێت دەکەین.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی