ئاڤهدانكرنا مووسل پێتڤى ب 40 ملیار دۆلارايه
باسنيوز:
بە قسەی سەرۆکی لیژنەی ڕاوێژکاری بۆ دووبارە نیشتەجێکردن لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، نزیکەی 40٪ی شاری مووسڵ وێرانەیە و بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، هەروەها بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، پێویستیان بە 40 تا 50 مليار دۆلار هەیە.
مەعەن عەجاج، سەرۆکی لیژنەی ڕاوێژکاریی دووبارە نیشتەجێکردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە(باس)ی ڕاگەیاند، هەنووکە مووسڵ شارێکی وێرانە، ڕوو لەهەر گەڕەک و کۆڵان و سووچێکی دەکەیت، خاپوور کراوە و ژیان تێیدا بەدی ناکرێ. بە جۆرێک خەڵکەکەی تا ئەوپەڕی بێزارن، بەتایبەتی لە پەیوەست بە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەبا. مەعەن دەڵێ: “نزیکەی 40٪ی شارەکە بەتەواوی وێران بووە، ئەو 60٪یشی کە ماوە، ژیان تێیدا زۆر سەخت و ناخۆشە“.
عەجاج ئاماژە بەوەش دەکات، کە ساڵی 2018، دەبێ ببێتە ساڵی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و دووبارە نیشتەجێکردنەوەی خەڵکەکەی و دەشڵێ: ”پاککردنەوەی شار لە زبڵ و خاشاک و پاشماوەکانی شەڕی داعش، نۆژەنکردنەوەی بینا و باڵەخانەکان، چاککردنی ڕێگەوبان و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ شارەکە، لە پێشینەی کارەکان دێن. کارەکانی دیکەی وەک هەڵبژاردن لاوەکین“.
سەرۆکی لیژنەی ڕاوێژکاریی دووبارە نیشتەجێکردنەوە لە پارێزگای نەینەوا، ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە پێویست دەکات ڕەوشی شارەکەیان بگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003 و دەڵێ: “پیێویستە کار بۆ نەهێشتنی هزری توندڕۆیی و توندوتیژی بکەین، شارە لە شاڵاوی بەشیعەکردن بپارێزین، تا ئەوەی بە هیج جۆرێک کاریگەری و کۆنتڕۆڵی هزری شیعەگەری و حەشدی شەعبی لەسەر خەڵکەکەی نەمێنێ. بەتایبەتی کە ئێستا بە دەیان گرووپی جیاوازی چەکدار لەناو مووسڵ هەن، کە ئەگەر شارەکە لە باری ئاوەدانکردنەشەوە گرنگیی پێ بدرێت، بەڵام لە باری سەقامگیری و ئاسایشی خەڵکەکەی، بە هۆی ئەو گرووپە چەکدارانە شارەکە بەرەو ناکۆکی و پارچە پارچەبوون دەچێت. تەنانەت بەرەو دووبارە وێرانکاری دەچێت“.
عەجاج جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە: ”دە ساڵە مووسڵ بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و یەکلاکردنەوەی حیساباتە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و عەقائیدی، هەر ئەم دۆخەی ناکۆکی و شەڕەش بووە، کە شارەکەی بەرەو کاولکاریی زیاتر بردووە. بۆیە پێویست دەکات حکوومەتی عێرلق پلانێکی تۆکمەی پێنج ساڵی بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی مووسڵ هەبێت“.
لای خۆیشیەوە بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ بە (باس)ی ڕاگەیاند، کە ئەگەری زۆر هەیە، ئەوان وەک ئەنجومەنی پارێزگا، داوای دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بکەن و دەڵێ: ”ئەوەی ئێستا بۆ مووسڵ لە هەڵبژاردن و هەر کاریکی دیکە گرنگترە، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کاولبووەکانییەتی، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بە شێوەیکی ئاسایی بگەڕینەوە و ژیان تێیدا جێگیر و سەقامگیر بکرێتەوە، ئنجا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت“.
کیکی ئاشکرایشی کرد، کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مووسڵ هێشتا ئاوارەن و دەشڵێ: ”هیچ دڵنیایی و گرەنتیێکیش نییە، کە ئاخۆ ئەو ئاوارانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، یان نا“.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی: ”تا هەنووکە لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ پلانێکیان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی مووسڵ نییە. بۆیە هەڵبژاردن لەو دۆخەدا گرنگ نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ سەر ماڵ و حاڵ و ژیانی ئاسایی خۆیان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، سەقامگیرکردنی ئاسایش و دڵنیایی، لە هەڵبژاردن و هەر شتیکی دیکە، بۆ خەڵکی مووسڵ گرنگترە، بە لایەنی کەمەوە، پێویست دەکات تا شەش مانگی تر هەڵبژاردن لە پارێزگای مووسڵ دوابخرێت“.
بەشار کیکی نایشارێتەوە کەوا: ”بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی هەیە، حکوومەتی عێراق ناتوانێ جارێکی دیکە مووسڵ ئاوەدان بکاتەوە، بەڵکوو دەبێ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم ڕووەوە هەنگاو بنێن و لە ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و نەهێشتنی سیمای ئەو هەموو وێرانی و کاولکارییە، کۆمەکی مووسڵ بکەن“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی