ئەنجوومەنێ ئاساییشا نێڤ دەولەتی، ژ مەترسیا كۆمەلكوژیا عەفرینێ هات ئاگههداركرن
دهۆک-KDP.info-
ڕۆژی ٢٠-١-٢٠١٨، هێزەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی نێو سووریا، ئۆپەراسیۆنێكیان بە ناوی ”چڵەزەیتوون” بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا و، تا ئێستایش چەندین كوژراو و بریندار هەن. شارەزایەكی سیاسی دەڵێ، ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییان، لە مەترسیی كۆمەڵكوژیی عەفرینییەكان ئاگادار كردووەتەوە.
شاری عەفرین كە دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای سووریا، ئێستا لە لایەن گرووپە چەكدارەكانەوە گەمارۆ دراوە و شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی بەرگری لە عەفرین و هێزەكانی توركیا روو بەردەوامە و، تۆپخانەكانی توركیایش ئەو شارە بۆردوومان دەكەن.
شارەزای سیاسی و كەسایەتیی ئێزدیی رۆژئاوای كوردستان، عەلی عیسۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، گرووپە چەكدارەكان رۆژانە تۆپبارانی ناوچەكانی عەفرین دەكەن، بە تایبەت ئەو ناوچانەی كە دەكەونە سەر سنوور و گوندە مەسیحی و ئەرمەنی و ئێزدیییەكانن، تا ئێستایش دەیانهەزار كەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون.
عیسۆ، كە هاوكات بەرپرسی سەنتەرێكی مافی مرۆڤە لە ئەڵمانیا، گوتیشی، “ئێستا هێرشێكی گەورە لەسەر ناوچە پێكهاتەكان دەستی پێ كردووە و چەندین كەس ئاوارەی چیاكان بوون و، لە ئەشكەوتەكاندا نیشتەجێن لە ترسی بۆردوومانكردنی ناوچەكانیان، هەروەها ٣ كەسی سڤیلی ئێزدی لە گوندی بورج عەبدلۆ و ناوچەی قەستەل جندۆی ئێزدییان شەهید بوون و، هێرشیكی بەرفراوان لەسەر ناوچە ئێزدینشینەكان هەیە، بە تایبەت لە باسۆڤان و باڤلۆن و قوتمی.”
بەگوێرەی راپۆرتێكی روانگای سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە زیاتر لە دوو هەفتەی یەكەمی شەڕەكەدا، 68 هاووڵاتی سڤیل كوژراون، کە 21ـیان منداڵ، 12 كەسیان ئافرەت و 35ـیشیان پیاو بوون. لەكاتێكدا بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی تەندروستیی عەفرین لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەوە تا ئێستا 129 كەسی سڤیل بوونەتە قوربانی.
شاری عەفرین، شاری پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکانە و، کورد و کوردانی ئێزدی، عەلەوی، ئەرمەنی و كریستیان تێیدا دەژیێن.
وەك ئەو شارەزایە سیاسییەیش ئاماژەی دا، “تا ئێستا دوو كەسی ئەرمەنی لە شارەكەدا شەهید بوون كە كەسانی سڤیل بوون و، هەر بەم هۆیەیشەوە هەموو ئەم پێشێلكارییانەمان كردووەتە راپۆرت و ناردوومانە بۆ ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە هانای عەفرینەوە بێن و چیتر خەڵكی سڤیلی ئەم شارە و بە تایبەت پێكهاتەكان، نەبنە قوربانیی سیاسەتی توركیا”.
ئەو هێزە رادیكاڵیانەی كە لە هێرشەكەی عەفریندا بەشدارن، بریتین لە:
– لیوای سوڵتان موراد.
– فیرقەی حەمزە.
– فەیلەقی شام.
– بزووتنەوەی نوورەددین زەنکی.
– بزووتنەوەی ئەحرار شام.
– لیوای ئەلهۆی چیاكان.
– بەرەی شامی.
– جەیشی نەسر.
پێگەی ستراتیژیی عەفرین
عەفرین شارێكە لە هەردوو لایەوە، واتە لەوسەری باكووری رۆژئاوا رووباری فوراتی پێدا تێدەپەڕێت، لەلای رۆژهەڵاتیشییەوە شاری ئەعزاز و باشووری شاری حەلەب و ئیدلیب هەیە، هەروەها لە باكوور و رۆژئاوایشی، سنووری لەگەڵ توركیایە.
ئەو شارە رووبەرەكەی 3 هەزار و 850 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كە دەكاتە 2%ـی تەواوی خاكی سووریا.
بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی 2012ـی حكوومەتی سووریایش، ژمارەی دانیشتووانی 523 هەزار و 258 كەسە، بەڵام ژمارەكە زۆر زیادی كردووە بە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆری شارەكانی حەلەب و ئیدلیب و ئەعزاز بە هۆی شەڕەوە روویان تێ كردووە، بۆیە ئێستا ژمارەكە زیاتر لە ملیۆنێك كەس دەبێت.
لە عەفرین 350 گوند و شار و شارۆچكەی گەورە هەن، كە گرینگترینیان عەفرین خۆیەتی و ناوەندی شارەكەیە، دواتریش جندریسە، بلبلە، شیە و راجۆن.
بەنداوی 17ـی نیسان كە یەكێكە لە گەورەبەنداوەكانی سووریا، دەكەوێتە سەر رووباری عەفرین، بەو هۆیەیشەوە عەفرین بووە بە شاری دەریاچەكان و كشتوكاڵێكی زۆری تێدا دەكرێت.
كــاروان بـــاعەدری
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی