“ئيرانێ دڤێت هەولێر و بەغدا ئاش بکت”
هەولێر-KDP.info-
دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، هەولێر و تاران ڕوویان لە بەغدایە بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئاسۆ قەرەداخی، کە شارەزایی لە پێوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، دەڵێ، لە ڕۆژانی دابێ لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا سەرەتایەکی باش دەردەکەوێ، ئەویش بە ناردنی مووچە و بێدەنگیی شەقامی سلێمانی و هاتنە پێشەوەی عێراق بە جۆرێکی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئێرانیش گرینگە کە هەولێر و بەغدا ئاشت بکاتەوە.
چوار ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی کوردستان بە یاوەریی شاندێک دوای ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆ بووەوە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئێران لەبارەی پێوەندیی نێوان هەولێر و تاران و هەروەها هەولێر و بەغدا کۆ بووەوە. چاودێرانی سیاسی ئەم سەردانە بە گرینگ دەخوێننەوە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە ئەوان دەڵێن، کلیلی چارەکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ عێراق لە بەغدا نییە، بەڵکو لە تارانە.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەولێر و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە گرینگی باسی لەو سەردانە کرد و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەی خۆیاندا سەردانەکەیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند، هاوکات بەرپرسانی باڵای ئێرانیش ئاشکرایان کرد کە بەڵێنیان داوە کە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکەن.
ئاسۆ قەرەداخی، ماستەر لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بڕوایەدایە کە جگە لەوەی ئێران وەك وڵاتێكی دراوسێ و گرینگ كە پێویستە پێوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی لەگەڵدا باش بێت و لە ئاستێكی بەرزدا بێت لە پێناوی قازانج و سوودی دوو لایەنە وەك هەر وڵاتێكی خاوەن بەرژەوەندی، كۆمەڵێك هۆكاری تریش لە پشتی ئەو سەردانەوە بوون.
قەرەداخی دەڵێ: ئاشكرایە هەیمەنەی ئێران بەسەر عێراقدا بە جۆرێكە كە عێراق وەك ئوستانێكی ئێرانی دەردەكەوێت و ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ عێراق كێشەكانمان چارە بكەین، دەبێ لە دەرگای ئێران بدەین نەك كەسی تر، چونكە ئێران خاوەنی بڕیاری كۆتاییە لە هەموو ئەو پرسە گرنگانەی پەیوەستن بە عێراقەوە.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، كوردستان پاش ڕوداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر و هێرشی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر كەركووك بە چاوساغیی كۆمەڵێك هێزی ناوخۆیی و بێدەنگیی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێویستە لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێ، هەروەک قەرەداخی دەڵێت: دەركەوت ئەوەی پێویستە گوێی لێ بگیرێت و لە داواكانی تێ بگەیت و تا ڕادەیەك ڕێككەوتن بكەیت لەگەڵی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش ئێرانە، نەك ئەمریكا و ڕۆژئاوا، بۆیە ئەو سەردانە خوێندنەوەیەكی واقیعی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكەیە، لە هەمان كاتیكشدا ئێران لە دۆخێكی ئابووریی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێ و بەو هۆیەشەوە خۆپێشاندانەكان لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لە ئاستێكی بەرزدا بەڕێوە چوون، بە جۆرێك ئێرانی وا لێ كرد دەرگا داخراوەكانی بەسەر كوردستاندا بكاتەوە و بانگهێشتی شاندی كوردستان لە ئاستێكی باڵادا بکات و بەڵێنی چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان عێراق و كوردستانیش بدات.
ئاسۆ قەرەداخی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە هۆی دووری لە ئێران و نەچوونە ژێرباری هەندێ داوای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە ناوخۆدا ئێران بە ئاسانی توانی دنیایەك كێشەی لابەلا بۆ حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی دروست بكات لە ڕێگەی چەند حیزبێكی سیاسیی وابەستە بە خۆی لە سلێمانی و كۆمەڵێك دەزگای ڕاگەیاندن كە ئێران پاڵپشتیی دارایی و تەكنیكییان دەكات بە جۆرێك کە ئاستەنگی زۆریان خستە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە بەو سەردانە كە سەرەتایە و هیوادارم سەردانی دیکەی بەدوادا بێت، دەتوانرێ سوود لە بێدەنگكردنی دەنگە ناڕازییەكانی ناوخۆش وەربگرێ، بە تایبەت حیزبە سیاسییەكانی سلێمانی و دەزگاكانی ڕاگەیاندییان تا ئاستێكی باش. كەواتا سەردانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بۆ ئێران بۆ چارەكردنی كۆمەڵێك كێشەیە كە ئێران لە پشتیەوەیەتی كە بە بڕوای من دەبوایە زۆر زووتر ئەو سەردانە ئەنجام درابووا.
لە کۆتاییدا قەرەداخی گەشبینە کە لە ڕۆژانی دابێ و لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا سەرەتایەکی باش دەربکەوێ، ئەویش بە ناردنی مووچە و بێدەنگیی شەقامی سلێمانی و هاتنە پێشەوەی عێراق بە جۆرێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئێرانیش گرینگە کە هەولێر و بەغدا ئاشت بکاتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی