حوزه‌یران 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

مەحموود عوسمان: ئيران دكارت کێشێن ھەرێمێ و بەغدا چارە بکت

مەحموود عوسمان: ئيران دكارت کێشێن ھەرێمێ و بەغدا چارە بکت
هەولێر-KDP.info-

چاودێرانی سیاسی سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و تاران بە گرینگ وەسف دەکەن و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، ئێران دەتوانێ کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بکات. مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێ، بەغدا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ناکرێ بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان نادیدە بگرێت و پیلانگێڕیی لەسەر بکرێت.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو شاندێکی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووەوە و دواتر بۆ تاوتوێکردنی پرسگەلێک سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد و لە وێش ژمارەیەک دیداری گرنگ بەڕێوە چوون لەبارەی چارەکردنی پرسەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و باشکردنی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لەبارەی ڕۆڵی ئێران بۆ چارەکردنی پرسەکانی نێوخۆی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: “ئێران وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و ئەگەر بیەوێ دەتوانێ کێشەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان چارە بکات، چونکە ئێران لە ھەموو وڵاتێک زیاتر ھێژمۆنیی بەسەر عێراقدا دەشکێت و پێشتریش شەمخانی ئامادەییی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو تا کێشەکانی ھەرێم و بەغدا چارە بکرێن، من پێم وایە تەنھا وڵات، کە بتوانێ ئەو کێشانە چارە بکات ئێرانە، چونکە بەغدا گوێڕایەڵی تارانە.”

مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە، بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان وای کردووە بەغدا ئامادە بێت کێشەکان بە دانوستان چارە بکرێن. لەم بارەوە چواس حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پیلانێکی نێودەوڵەتی دەست بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا گیرا، مانای ئەوە ناگەیەنێ ھەرێمی کوردستان کۆتایی ھاتووە، بەڵکو ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشەی عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشدا پێگەی خۆی ھەیە، ھەر لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەموو ئەو دیدارانەی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کردوویەتی بەڵگەن لەسەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و دەبێ ھەرێمی کوردستان بە پێگەیەکی بەھێزەوە لە عێراقدا بەردەوام بێت.”

ھاوکات دکتۆر مەحموود عوسمانیش ئەو ھەوڵە نێودەوڵەتیانە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەگرنگ وەسف دەکات، بەتایبەتی ڕۆڵ و ھەڵوێستی وڵاتانی زلھێز و ھاوپەیمان، وەک فەرەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا، بەڵام وەک خۆی دەڵێ: “فشارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن لەسەر عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەڵام دووبارە دەگەڕێمەوە سەر ھەوڵەکانی ئێران بۆ سەر دەسەڵاتدارانی عێراق، چونکە عێراقییەکان زیاتر لە ژێر فشاری ئێراندان، نەک ئەوروپا و ئەمەریکا.”

چواس حەسەن ڕوونی کردەوە: “بەغدا ناتوانێ بەردەوام بێت لەسەر ئەو شێوازەی ئێستای بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق چ حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی بکات، یان ھەر کەسێکی دیکە، ناتوانێ ماف و پێگەی ھەرێم لەبەرچاو نەگرێت، لەوانەیە ھەرێمی کوردستان ئێستا ھەندێ کێشەی ھەبێت، بەڵام خۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ لاوازتر نییە و حکوومەتی عێراقیش لە ڕژێمی سەددام بەھێزتر نییە، بەبێ ڕەوچاوکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان دەوڵەتی عێراق بەرەو ھەڵدێر دەچێت، لەبەر ئەوە، دەبێ مافە دەستوورییەکانی کوردستان دابین بکرێن، بەپێچەوانەوە چارەنەکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان پریشکی بەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەکەوێت.”

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi