فازل میرانی: وەکو جارێن دی ناکەین
باسنيۆز:
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، کە وەکو جارەکانی دیکە ناکەن.
پێشتر دوای هەر کۆبوونەوەیەکی نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان، سەرکردەی حزبەکان لە لێدوانەکانیاندا بۆ رۆژنامەنووسان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان دەخستە روو.
دوای کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2016، رۆژنامەنووسان داوایان لە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد قسەیان بۆ بکات، بەڵام میرانی رەتی کردنەوە و رایگەیاند، کە وەکو جارەکانی پێشتر ناکەن و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بۆ میدیاکان باس ناکەن.
کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکگرتوو یەکەم کۆبوونەوەی حزبەکانە لە چوارچێوەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانپەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی