حەیدەر عەبادی:کێشا مووچێن هەرێما کوردستانێ دێ چارەسەرکەین
باسنيۆز:
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران ڕێککەوتوون.
ئەمڕۆ (29\9\2016)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دا کە لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا ئەنجام درا، حەیدەر عەبادی ڕای گەیاند: “ئەمە بەرپرسیارەتی سەرشانی ئێمەیە، بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆش بدەینە هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵ دەدەین، کێشەی مووچەی هاووڵاتییانی کوردستان چارەسەر بکەین، بڕیارماندا کێشەی نەوت و گاز بە ڕێککەوتن چارەسەر بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی بژێوی و ژیانی خەڵک باش بکرێت”.
سەبارەی بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ ئەوەی ڕوون کردەوە کە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، پێشووتر باس لە کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ کراوە، پەیوەندی و دیداری بەردەوام لەنێوان ژووری ئۆپەراسیۆنەکانیش هەیە. گوتیشی: “لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشمەرگە، کە بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی، دەمانەوێت ڕۆژێک دیاری بکەین بۆ ئازادکردنەوە مووسڵ، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی تەواو هێزەکانمان لەئامادەباشیدا دەبن، چونکە تا هێزەکان لە ئامادە باشیدا نەبن، دەست پێ ناکەین”.
عەبادی پەیامێکیشی ئاراستەی هاووڵاتییانی مووسڵ کرد و گوتی: “ئازادکردنەوەی شارەکە نزیکە، ئازادکردنەوەکە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێن، بۆ تێکشاندنی داعش تێدەکۆشین، موژدە دەدەین بە خەڵکی مووسڵ کە شارەکەیان ئازاد دەکرێتەوە”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، بۆ ئەو پشتیوانییەی کە لە عێراقییەکانیان کردووە. گوتیشی: “هیوادارم لەگەڵ بارزانی، هاوکاری و هەماهەنگی بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خزمەتی زیاتر بکەین”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی