ئهمریکا ههلويستێ خۆ دهربارهی بهرهيا نوسره راگهیاند
ZNA- ههولێر
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند لەدوای جیابوونەوەی بەرەی نوسرە لەقاعیدە مەترسی هێرشی زیاتریان بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوایدا ڕایگەیاند” هەرچەندە بەرەی نوسرە ناویان بۆ بەرەی فەتح شام گۆڕاوە بەڵام تا ئێستا وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین ، ئەمریکا بە گوێرەی ئایدۆلۆژیاو چالاکی و ئامانجەکانیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات “.
وتیشی “سەرەڕای جیابوونەوەیان لە ڕێکخراوی قاعیدە ، فڕۆکەکانی ڕوسیا بەردەوام دەبن لە کردنە ئامانجی بەرەی شام لە خاکی سوریادا”
لە میانی کۆنگرەکەدا کێربی وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی وەزیری دەرەوەی ڕوسیای دایەوە کە ڕایگەیاندبوو”ئۆپراسیۆنێکی مرۆیی ” لە حەلەب ئەنجامدەدەن، کێربی وتیشی “بەگوێرەی ڕێکەوتنی پێشتری نێوان ڕژێمی سوریاو ڕوسیا پێویستە هاوڵاتیانی مەدەنی بە سەلامەتی لە ماڵەکانیان بمێننەوەو هاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە ناوچەکانیان “.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو ” حکومەتی ڕوسیاو سوریا ڕێوشوێنی مرۆیی لە حەلەب دەگرینە بەر و چەند ڕێگایەکی سەلامەت لە شارەکە دەکەینەوە تا گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆیان ڕادەستی بەرپرسانی سوریا بکەن و هاوڵاتیانی مەدەنیش لە شارەکە دەربازببن”.
ئەبومحەمەدی جولانی سەرۆکی بەرەی نوسڕە بۆ یەکەم جار لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا دەرکەوت و ڕایگەیاند ، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە بچڕاندووە و ناوەکەشیان گۆڕیوە بۆ “بەرەی فەتحی شام”.
جۆلانی ڕاشیگەیاندووە “سوپاسی سەرکردەکانی قاعیدە دەکەم کە لە بڕیارەکەمان تێدەگەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکی سوریا بێت ئەوە دەکەین بە هۆی ئەو واقیعە نێو دەوڵەتییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە ئەم هەنگاوەمان ناوە و بەڵام لە داهاتوودا پەیوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێکی دەرەکیدا نابەستین”.
ئەمەش لە دوای ئەوە هات یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی قاعیدە داوای لە بەرەی نوسڕە کرد ، چی لە بەرژەوەندی خۆیاندایە لە سوریا ئەوە بکەن.
بەرەی نوسرە لە ساڵی ٢٠١١ لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی سوریا دامەزراو لەسەرەتاوە ڕێکخراوی داعش پشتیوانی کرد و توانی ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ لە یەکتری جیابوونەوە و بوونە نەیاری یەکتری.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیارێک سزای سەپاندووە بەسەر بەرەی نوسرەو سەرکردەکانیدا.
بەرەی نوسرە بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە یەکێکە لە ڕێکخراوە “تیرۆریستییەکان” و لە چوارچێوەی هێرشەکانی بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی ناوخۆی سوریا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، چەندین جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکە و پێگەکانی ئەو گروپە لە سوریا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی