ته‌مموز 31, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

فەرەنسا پشته‌ڤانيا خۆ بۆ هەرێما کوردستانێ دووپات دكت

فەرەنسا پشته‌ڤانيا خۆ بۆ هەرێما کوردستانێ دووپات دكت 231631Image1

رووداو – هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا کۆبووەوە و فه‌ره‌نساش پشتگیریی سیاسیی و ئابووریی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتدەكاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 21-7-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاندرێ ڤالینی، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا “ڤالینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و قارەمانێتی و نەبەردیی پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە دەستی تیرۆر دەربڕیی و پشتیوانیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر دووپاتكردەوە”.

ڤالینی “سوپاسی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرەڕای قەیرانێكی قووڵی دارایی، پێشوازییان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و خزموتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون و لەوبارەیەشەوە پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی سەردانەکەی ڤالینی و پشتگیریکردنی فەرەنسا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە “سوپاسی ئەو سەردانە و وڵاتی فەرەنسای كرد بۆ ئەو هاوكارییە مرۆیی و سەربازییانەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی دەكەن و سەرەخۆشیی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كەسوكاری قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكەی شاری نیسی فەرەنسا دەربڕی”.

نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكیشی دەربارەی رەوشی هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی و هۆكارەكانی، پێشكەش بە شاندی میوان كردووە و هیوای خواستووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، فەرەنسا وەك وڵاتێكی خاوەن ئەزموون هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات.

سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە “مایەی شانازییە پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان رووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستیی جیهان بووەتەوە”.

سەبارەت بە ئاوارەکان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوەی كە لە ده‌ستی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردوویانە، بەڵام ئەم رەوشە لە تواناكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەرە، بۆیە هەرێم پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە تاوەكو بتوانێت بەشێوەیەكی باشتر خزمەتگوزاریی بۆ ئاوارە و پەنابەران دابینبكات.

هاوكات وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەكەی لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە كردووە، لێكۆڵینەوە لەوە دەكەن بە چ شێوەیەك هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە داراییە قورسەی كە رووبەڕووی بووەتەوە، هەروەها پته‌وكردنی پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستانیشی لە هەموو بوارەكاندا دووپاتكردووەتەوە.

لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بە گوتەیەكی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی كراوە، كە باسی لە سەردانی فرانسوا ئۆلاند، سەرككۆماری فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 كردووە و رایگەیاندووە “سەردانەكە لە كاتێكدا بوو، تیرۆرستانی داعش هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردبوو و ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگ بوو كە فەرەنسا پشتگیرییەكی تەواو لە هەرێمی كوردستان دەكات لە شەڕی دژی تیرۆر. ئەمە جیا لەوەی كە لە كۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی G7دا، فەرەنسا رۆڵێكی گرنگی هەبوو كه‌ هاوكاریی ئابووریی بۆ هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی ئەو قەرزانەی بە عێراق دەدرێن، دابینبكرێت”.

تاووتوێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری موسڵ، قۆناخی دوای داعش، پرسە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، پته‌وكردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی و ڤالینی بووە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi