سه‌رۆكاتيا هه‌رێمێ:ھه‌رێما کوردستانێ بۆ ئازادکردنا مووسلێ ئاماده‌یه
ZNA – هه‌ولێر
گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆکایه‌تی ھه‌رێمی کوردستان “ئومێد سه‌باح” ده‌ڵێت: “حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان ھه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاندووه و له‌وه‌ی ئاماده‌ی به‌شداری و ھاوکاری شه‌ڕی رزگارکردنه‌وه‌ی مووسڵه، ئه‌مه‌ش ھه‌لێکی باش بوو تا ھه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ ئۆپه‌راسیۆنی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی مووسڵ به وردی گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن”.ئینستیتیوتی مێری(ئینستیتیوتی رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه) به سازدانی وۆرک‌شۆپێک تاوتوێی سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌کان ده‌رباره‌ی مووسڵ له قوناغه‌کانی پێش و دوای داعشی کرد و دوای ئه‌و وۆرکشۆپه ئه‌مینداری گشتیی وه‌زارتی پێشمه‌رگه “جه‌بار یاوه‌ر” و گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆکایه‌تی ھه‌رێمی کوردستان، “ئومێد سه‌باح” کونگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیان رێکخست.
له کۆنگره‌که‌دا ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جه‌بار یاوه‌ر بۆ رۆژنامه‌نووسان ھوکاری دواکه‌وتنی کۆنترۆڵکردنی مووسڵی خسته‌ڕوو و گوتی: “داگیرکردنی رومادی له ساڵی رابردوودا بووه ھۆی ئه‌وه‌ی که پرۆسه‌ی ئازادکردنی مووسڵ دوابکه‌وێت و تا ئێستاش ھێزه‌کانی عێراقی سه‌رقاڵی ھه‌ندێ ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری رومادین ھه‌تا بتوانن ئوپه‌راسیۆنی ئازادیی مووسڵ ده‌ست پێ بکه‌ن وھه‌روه‌ھا پێشمه‌رگه له ساڵی ٢٠١٥ زۆربه‌ی ده‌وروبه‌ری مووسڵ‌یان کۆنترۆڵ کردووه که ئه‌ویش سنووری دوو قه‌زا و ھه‌شت ناحیه‌یه و حکوومه‌تی ناوه‌ندیش چه‌ند ئوپه‌راسیونێکیان ده‌ست پێ کردووه له گه‌یاره و شه‌رگات و حه‌مامعلعه‌لی که دوای ئازادکردنه‌وه له باشووری مووسڵ دواجار پرۆسه‌ی ئازادکردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی مووسڵ ده‌ست پێ ده‌کات”.
جه‌بار یاوه‌ر له درێژه‌دا گوتی: “له پرۆسه‌ی ئازادکردنی مووسڵ لایه‌نی سیاسی، ئیداری، مرۆیی و سه‌ربازیی ھه‌موو پێکه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه سه‌ر ده‌خه‌ن و ئێمه ده‌مانه‌وێت بگه‌ینه چاره‌سه‌رێک بۆ ھه‌موو ئه‌و پرسانه”.
گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌روکایه‌تی ھه‌رێمی کوردستان ئومێد سه‌باح گوتی: “حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان ھه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاندووه له‌وه‌ی ئاماده‌ی به‌شداریی و ھاوکاریی شه‌ڕی رزگارکردنه‌وه‌ی مووسڵه، ئه‌مه‌ش ھه‌لێکی باش بوو، تا ھه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ ئۆپه‌راسیۆنی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی مووسڵ به‌وردی گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی مووسڵ ته‌نھا لایه‌نی سه‌ربازی نییه، به‌ڵکو لایه‌نی سیاسی و ئابووری و مرۆیی ھه‌یه. بۆیه له ھه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه”.
گوته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی ھه‌رێمی کوردستان ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌ی به‌وه دا که “ره‌نگه ئه‌م وۆرکشۆپه‌ی ئینستیتیوتی مێری ببێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه ئه‌و بابه‌ته. ئێمه سوپاسی مێری ده‌که‌ین بۆ ره‌خساندنی ئه‌و ھه‌له و خوازیارین ئه‌م جۆره وۆرکشۆپانه به‌رده‌وام بن. ھه‌روه‌ھا ئێمه له سه‌رۆکایه‌تی ھه‌رێم چوار بڕیارمان تایبه‌ت به مووسڵ ھه‌یه. یه‌که‌م، له‌خۆگرتنی ئاواره‌کانی مووسڵ چونکه له روانگه‌ی ئێمه پێش ھه‌موو شتێکه‌وه کارێکی مرۆییه، دووه‌م پرسی ناوچه‌کانی مووسڵ به رێژه‌ی له‌سه‌دا٤٠ که له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه به‌ھاوکاری ھێزی ھاوپه‌یمانان کۆنترۆڵ کراوه و سێیه‌م، به‌شداری و ھه‌ماھه‌نگی ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ ھێزه‌کانی عێراق بۆ ئازادکردنی ئه‌و شوێنانه‌ی که ھێشتا له مووسڵ ئازاد نه‌کراون و چواره‌م، بوونی په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان له ئۆپه‌راسیۆنی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی مووسڵ و ھه‌روه‌ھا ئێمه ھه‌موو کاتێک ئاماده‌ین ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی فیدرالی ئاماده‌باشی ھه‌بێت و بێگومان پێویسته حکوومه‌تی عێراقی په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ھه‌رێم و ئیداره‌ی مووسڵ بۆ ئه‌و شه‌ره و و داھاتووی مووسڵیش ھه‌بێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی