ئەوێن بهێز مێشکێ وان ساخلهمتره
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە ئەوانەی ماسولکەکانیان بەهێزترن، مێشکیشیان تەندروستترە لە کەسانی لاواز.
توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی رۆژئاوای سیدنی ئوسترالی ئەنجامدراوە بە سوودوەرگرتن لە داتا تەندروستییەکانی 475,397 هاووڵاتی بەریتانیا و ئەنجامەکەی لە جۆرناڵی زانستی (Schizophrenia Bulletin) بڵاوبووەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا بەهێزیی ماسولکە بە پێوەری هێزی گووشین بە دەست لەلایەن کەسەکە تۆمارکراوە و چەند ئەزموونێکی تایبەتی پەیوەست بە مێشکیش ئەنجامدراون بۆ دیاریکردنی تەندروستی و توانای مێشکی کەسەکە. بەشدارانیش کران بە دوو گرووپەوە؛ گرووپێکی تەمەن سەروو 55 ساڵ و گرووپێکی تەمەن خوار 55 ساڵان.
توێژەران بۆیان دەرکەوت لە هەردوو گرووپەکەدا هێزی ماسولکە پەیوەندیی هەیە بە توانای مێشکەوە، واتە تاکو توانای دەستگووشین لە کەسێکدا بەهێزتربێت، توانای مێشکیشی زیاترە.
د. جۆزێف فیرس، یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە، دەڵێ “لەپاش بە جیا هەژمارکردنی رۆڵی هەریەکە لە هۆکارەکانی تەمەن، ئاستی خوێندن، جێندەر، کێش و هۆکارگەلێکی دیکە، بۆمان دەرکەوت هێزی کەسەکەش پەیوەندیی هەیە بەراددەی تەندروستیی مێشکییەوە”.
پێشووتر توێژینەوەی زانستیی دەریخستووە ئەوانەی چالاکیی جەستەییان زیاترە، مێشکیان تەندروستترە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی