ماراسۆنا ئاشتيا کوردستانێ ل هەولێرێ ب رێڤەچوو
رووداو – هەولێر
ماراسۆنی نێودەوڵەتی ئاشتیی کوردستان، لە کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 11-3-2018) لە هەولێر بە بەشداریی 1300 وەرزشوان و هاونیشتمانیی ئاسایی دەستیپێکرد.
ئەمە شەشەمین ماراسۆنی هەولێرە، کە ساڵانە لە یادی راپەڕینی خەڵکی هەولێر و رزگارکردنی شارەکە لەدەستی بەعس، ئەنجامدەدرێت.
ماراسۆنی ئاشتیی کوردستان لە هەولێر لە سێ ماراسۆنی مەودا جیاواز پێکدێت، کە دوو کیلۆمەتر، پێنج کیلۆمەتر و لە هەمووشیان گرنگتر 21 کیلۆمەترییە.
دوو لە ماراسۆنەکان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان و یەکێکیان لە بەردەم هۆتێل دیڤان دەستپێدەکات، هەرسێ ئاستەکەش دەچنەوە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر و لەوێ کۆتاییان پێدێت.
لە کۆی ماراسۆنەکاندا 1300 کەس بەشداربوون. ماراسۆنەکان بە چاودێریی دەیان ناوبژیوان بەڕێوەچوون، لە ئاستی کوڕاندا وەرزشوانێکی عەرەبی کەرکووک و دوو وەرزشوانی کوردی سۆران و هەورامان پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.
یەکەمی ماراسۆنی مەودای 21 کیلۆمەتر
عهلی ئهحمهد ساڵح، پاڵهوانی ساڵی 2017 ماراسۆنی عێراقە له مەودای 21 کیلۆمەتر و ئەمڕۆش لە هەولێر بە ژمارە یەک بەشداری کرد و پلەی یەکەمی ماراسۆنی مەودای 21 کیلۆمەتری بەدەستهێنا.
یەکەمی ماراسۆنی مەودای پێنج کیلۆمەتر
بنار محەممەد، یاریزانی پێشمەرگەی سلێمانییە و خەڵکی هەورامانە، لە ماراسۆنی مەودای پێنج کیلۆمەتری هەولێردا یەکەم بوو.
بنار دەڵێ “زۆر دڵخۆشم، چونکە تەنها چالاکییەک کە ئێمە خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین لە کوردستاندا و هەموو ساڵێک لەکاتی خۆیدا دەکرێت، ئەم ماراسۆنەیە، هیوادارین ئەمە هەر بەردەوام بێت و وەکو چالاکییەکانی ساحە و مەیدان پشتگوێ نەخرێت”.
یەکەمی ماراسۆنی مەودای دوو کیلۆمەتر
وەرزشوانێکی سۆران بەناوی زانیار گوانی، لە ماراسۆنی مەودای دوو کیلۆمەتر یەکەم بوو و، گوتی “بەشداریکردنمان لەم ماراسۆنە بۆ ئەوەیە پەیامی ئاشتی بگەیەنینە جیهان و بەغدا”.
ژمارەی وەرزشوانانی بەشدار لە ماراسۆنی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر بوو، بەڵام رێژەی بەشداریکردنی کچان زیاتر بوو.
کچان لەسەر هەردوو ئاستی دوو کیلۆمەتر و پێنج کیلۆمەتری بەشدارییان کرد و هەریەکە لە ئامال خدر لە مەودای پێنج کیلۆمەتر و بەفرین لەمەودای دوو کیلۆمەتر یەکەم بوون.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی