ههتا سالا 2030ێ مرنا خانمان ب شێرپەنجێ 60% دێ زێدەكت
رووداو-سلێمانی
بەپێی راپۆرتێكی نوێی كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریكی، ساڵی 2030 ژمارەی ئەو خانمانەی بە شێرپەنجە دەمرن لە ساڵێكدا دەگاتە 5.5 ملیۆن كەس (هێندەی ژمارەی دانیشتووانی دانمارك)، ئەوەش بەپێی هەواڵی دەیلی مەیڵی بەریتانی.
ئەو زانیارییە نوێیە دەریدەخات لە 14 ساڵی داهاتوو ژمارەی ئەو خانمانەی بە شێرپەنجە دەمرن، بە راددەی 60% زیاددەكات.
كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریكی دەڵێ زۆرینەی ئەو قوربانییانە لە وڵاتانی هەژار و مامناوەنددا دەبن و ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرینەی ئەو شێرپەنجانەش لەوانەن كە بە شێوەیەكی بەرچاو دەتواندرێ رێگە لە روودانیان بگیرێ.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە تەنانەت ئێستاش یەك لە حەوتی حاڵەتەكانی مردنی خانمان بەهۆی شێرپەنجەیە، ئەوەش دووەمین هۆكاری مردنی خانمانە لەدوای نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوین.
كوشندەترین چوار جۆری شێرپەنجەی خانمان بریتین لە شێرپەنجەكانی مەمك، كۆڵۆن، سییەكان و ملی منداڵدان، هەموو ئەو جۆرانەش یان دەكرێ رێگە لە روودانیان بگیرێ، یان ئەگەر زوو دەستنیشانبكرێن چارەسەریان سەركەوتووتر دەبێ.
لە وڵاتانی هەژار و مامناوەندا شێرپەنجە كەمتر و درەنگتر دەستنیشان دەكرێ و ئەوانەی تووشی دەبن ئەگەری زۆرترە بەهۆیەوە بمرن، بە بەراورد بە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشكەوتووەكان.
راپۆرتە نوییەكەی كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریكایی لە كۆنگرەی جیهانیی شێرپەنجە خوێندرایەوە، كە لە پاریس بەڕێوەدەچێ و پزیشكانی كوردستانیش تێیدا بەشدارن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی