حوزه‌یران 20, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بەرەف پێنجەمین سالڤه‌گەرا جینۆسایدا کوردێن ئێزدی

بەرەف پێنجەمین سالڤه‌گەرا جینۆسایدا کوردێن ئێزدی

باسنيوز:

کەسایەتیەکیی کوردی ئێزدی و بەرپرسی فەرماندەیی شنگال لە لێدوانێکیدا بۆ هەفتەنامەی (باس)، ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەوشی شنگال هەر وا بەم شێوەیە نامێنێتەوە، سەرکردایەتیی کوردستان دەستبەرداری ئەم پرسە نابێت و دەڵێت: ”3/8/2019 پێنج ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا ڕەت دەبێت و هێشتا زیاتر لە دوو هەزار منداڵ و کچ و ژن و پیاوی کوردی ئێزدی، کە تیرۆریستانی داعش ڕفاندنیان، هێشتا بێ سەروشوێنن. وەکووتر زۆربەی ئێزدییەکان لە کەمپەکان و ئاوارەییدا دەژین، ئەمەو سەرەڕای سەرهەڵگرتنی دەیان هەزار ئێزدیی دیکە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و هەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری“. 
قاسم شەشۆ، کەسایەتیی کوردی ئێزدی و فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال، رای دەگەیەنێت: ”سەرەڕای ئەو کارەساتە، هەندێک لایەن ئومێدی جێبەجێکردنی ئەجێندا و بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی و بەرژەوەندییەکانیان لەسەر کەیسی جینۆسایدی شنگال و برین و ئازارەکانی خەڵکی ئێمە هەڵچنیوە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو کەیسە نابێت و گرنگییەکی زۆر بە ئێش و ئازار و داخوازیی ئێزدییەکان دەدات و خاوەنداری لە مافەکانیان دەکات. لەو نێوەدا سەرۆک بارزانی، لە هەر کەس و لایەن و هێزێک زیاتر، لە خەمی شنگال و خەڵکەکەیدایە و هەموو هەوڵێکی داوە و دەدات، بۆ ئەوەی ڕەوشی ناوچەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵکەکەی هەست بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسایش بکات. تەنانەت شنگال لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی، دەبێتە پارێزگا و جارێکی تر ئاوەدان دەبێتەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی ناوچەکە دەکرێن و دۆخی دەڤەرەکە ئاسایش و سەقامگیر دەبێتەوە. لەم ڕووەوە هەموومان بە تاسە و تامەزرۆییەوە، چاوەڕێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین“.

عامیرە، کە کچێکی ئێزدیی خەڵکی سیبا شێخ خدری قەزای شنگالە، لە ساڵوەگەڕی جینۆسایدکردنی شنگالدا، دیمەنی پڕ ئازاری خەڵکی سڤیل و دڕندەیی تیرۆریستان بۆ هەفتەنامەی (باس) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ”دیمەنەکانی هەڵاتن و ترس و لەرز و برسێتی و تینووێتیی ڕۆژی تاوانکارییەکەی شنگالم هەرگیز لەبیر ناچنەوە، ئێستاش کە ناوی شنگال و داعش و ئەو ڕۆژانە دێت، لە شوێنی خۆم دەلەرزم، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ستەمکارییەی لە ئێزدییەکان و بە تایبەتی بەرامبەر کچ و ژنەکانمان کرا، کچ و ژنانی ئێزدی، ئیرادە و خۆڕاگرییەکی گەورەیان پیشان دا، لەوەی کە هەرگیز دەستبەرداری بیروباوەڕەکانیان نابن“.

مەیان سەعدۆ، ژنێکی ئێزدیی خەڵکی شنگال و دایکی 10 منداڵە، سەبارەت بەم یادەوەرییە تاڵەی ئێزدییەکان گوتی: ”بەداخەوە، ئەوە پێنج ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە شنگال و دەروبەری تێدەپەڕێت، کەچی حکوومەتی عێراق تا ئێستا لە ئاست ئەو جەور و ستەمەی لە ئێزدییەکان کرا، بێدەنگە و هیچ شتێکی بۆ نەکردوون. بەپێچەوانەوە، لە یەکەم ڕۆژەوە و تا ئێستاش، خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و خەڵکی زاخۆ، دهۆک و هەولێر بەتایبەتی، دەرگاکانی دڵ و ماڵەکانیان بۆ ئێمە خستە سەر پشت و خۆیان لە خەم و کۆڤان و برین و ئازاری ئێزدییەکان کردە خاوەن. بۆیە هەرگیز و تا مردن، ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبیر ناکەین، ئەوان زەحمەتییەکی زۆریان بە داڵدەدان و هاوکاری و کۆمەککردنی ئێمە و کەمکردنەوە لە ئازاری برینەکانمان کێشا، کە شایانی لەبیرکردن نییە“.

جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە تەنیا داوا و ئومێدی ئەوان وەک ئێزدی، گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستانە بۆ دەڤەرەکەیان، تا ئەوانیش لە ئاسایشی ژیان و گیان و کەرامەتی خۆیان دڵنیا بن و بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لای خۆیشیەوە خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئاماری ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق و کاریگەریی داگیرکاری و تاوانە دڕندەییەکانی تیرۆریستان دەرهەق بە کۆمەڵگەی ئێزدی، جەختی کردەوە، کە ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەس بوون، لەو ژمارەیەش، بە هۆی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، 360 هەزار کەسیان ئاوارەی ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بوون و نزیکەی سەت هەزار کەسیش پەڕاگەندە و پەنابەری وڵاتان بوون. هەروەها لە ڕۆژی یەکەمی تاوانکارییەکەی داعش لە شنگال و دەروبەری، 1293 کەس شەهید کران و تا ئێستاش 80 گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان و دەیان گۆڕی تاکەکەسی، لە دەڤەرەکە دۆزراونەتەوە. هاوکات 68 مەزارگە و شوێنی ئایینیی ئێزدییەکان بە دەستی تیرۆریستانی داعش وێران و خاپوور کراون“.

حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانی ئێزدی، پەیوەست بە چارەنووسی ڕفێندراوەکان بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”لە جینۆسایدکردنی شنگال، 6417 کەس لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران، کە 3548 کەس لەوانە کچ و ژن بوون، هەروەها 2869 کەسیش منداڵ و پیاو بوون، کە دواتر توانرا بە پشتیوانیی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 3487 کەس لەو ڕفێندراوانەی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکرێن. لەوانە 337 پیاو، 1186 ژن، 940 منداڵی کوڕ و 1024 منداڵی کچ، تا ئێستاش 2930 کەس لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون. ئەوانیش، 1592 پیاو، 1338 ژن، 1759 منداڵی بێ باوک، 407 منداڵی بێ دایک، 407 منداڵی بێ دایک و باوک، ئەمەو لەگەڵ 220 دایک و باوکی دیکە، کە منداڵیان هەیە.

دەربارەی بەدڕەفتاری و دڕندەیی تیرۆریستانی داعش هەر لە ڕۆژی یەکەمی داگیرکردنی شنگال و دەروبەری و جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی، تەیسیر سلێمان، کە یەکێکە لەو کچە ڕفێندراوانەی لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار کراوە، گوتی: ”تیرۆریستان من و دایک و خوشک و براکانمیان، لەناو ماڵی خۆمان گوندی کۆچۆ، گرت، دوای ئەوە بردیانین بۆ ناو قوتابخانەی گوندەکەمان، لەوێ داوایان لێ کردین ئایینەکەمان بگۆڕین، کاتێ زانییان ئێمە ڕازی نابین، دەستیان کرد بە ئازار و ئەشکەنجەدانمان و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردین. دواتر هەموو کوڕە گەنج و پیاوەکانیان لە ئێمە جیا کردنەوە و سواری ئۆتۆمبێلەکانیان کردن و بردیانن گوللەبارانیان کردن، تا ئەوەی گوێمان لە تەقەی گوللەبارنکردنەکەیان بوو و دڵنیا بووین، کە ئەو دڕندانە کوڕ و باوک و براکانمان دەکوژن“.

تەیسیر سەبارەت بە هەڵوێستی سپڵەیی و پاشقۆڵ لێگرتنی عەرەبەکانی ناوچەکە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ”بەداخەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچەکە و کۆنتڕۆڵکردنی، عەرەبەکانی ناوچەکە، کە پێشتر لەگەڵ ئێمە لەو دەڤەرە دەژیان، پشتیان کردە ئێمە و بە چوونە پاڵ تیرۆریستان خیانەتیان لێ کردین، بەمەش لەبەرامبەر هەموو ئەو ڕێز و حورمەتەی کاتی خۆی و بە ئامادەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان لەوانمان نابوو، نمەک حەرام و سپڵە دەرچوون. تا ئەوەی هەندێکیان بوونە چەکداری داعش و هاوکار بوون لە کوشتنی خەڵکی ئێمە“.

ئەو کچە ئێزدییە ڕفێندراوە، دەربارەی چارەنووسی کچ و ژنانی ئێزدی لەو ڕۆژە و ڕۆژانی دوای تاوناکاریی و جینۆسایدەکە، ڕای گەیاند: ”تیرۆریستانی داعش، دوای کوشتنی بەکۆمەڵی کوڕ و پیاوەکانمان، ئێمەیان سواری ئۆتۆمبێلەکان کرد و بردیانین بۆ پەیمانگە سولاخ، لەوێش لێکیان جیا کردینەوە و لەناو خۆیاندا دەستیان کرد بە کڕین و فرۆشتنمان و هەرچی دڕندەیی و بەدڕەوشتی و بەدڕەفتاری بوو لەگەڵ ئێمە کردیان. وەلێ خۆشبەختانە دوای ئەم هەموو دەردەسەری و ناسۆرییە، لە دەست تیرۆریستان ڕزگارم بوو و ئێستا لە دهۆک، لەگەڵ کەسوکاری خۆم، ژیانێکی نوێم دەست پێ کردووەتەوە“.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi