دهربارهى ميرێ ئێزديان رۆژنامەیەك کوردێن ئێزدی نیگەران دکت
باسنيوز:
یەکێک لە رۆژنامەکانی سلێمانی، بەشێوەیەک باس لە میری ئێزدییانی جیهان دەکات کە بەهۆیەوە کوردانی ئێزدی نیگەران دەبن و هەواڵەکەش بەدرۆ دەخەنەوە.
ڕۆژی هەینی ١ی شوباتی ٢٠١٩، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئاوێنە)، هەواڵێکی بڵاو کردەوە و تێیدا میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی جیهانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دژی ناساندنی شێوەزاری سۆرانی بووە وەک زمانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان، گوایە ناوبراو گوتوویەتی کە کرمانجی زمانی نەتەوەیی و ئایینیی کوردانی ئێزدییە. بەو هۆیەشەوە ئەو کوردە ئێزدییانەی هەواڵەکەیان بینیوە، نیگەران بوون.
لەمبارەیەوە بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی (لالش)، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەوان مافی ئەوەیان نییە بەو شێوەیە باسی میری ئێزدییان بکەن، چونکە ”راستە کورمانجی زمانی ئێمەیە و سەرجەم قەول و بەیت و تێکستە ئایینییەکانی ئێمە بە کورمانجین“، بەڵام هیچ جیاوازییەک لەنێوان شێوەزارەکانی کوردیدا نییە و پێویستە ئێمە وەکوو چۆن کورمانجی دەپارێزین، بە هەمان جۆر شێوەزاری سۆرانیش بپارێزین.
ڕوونیشی کردەوە کە تاوەکوو ئێستا هیچ جارێک میری ئێزدییانی جیهان داوایەکی لەم شێوەیەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە. گوتیشی: ”ئێمە پێویستە تایبەتمەندیی خۆمان هەبێت و شێوەزاری کورمانجیش کە زۆرتر خەڵکی ئێمە پێی قسە دەکەن، بپارێزرێت“.
ئەو بەرپرسەی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی (لالش)، ڕەخنەی لەو میدیایە گرت کە میری ئێزدییانی جیهانی تۆمەتبار کردووە و ئاماژەی بەوە کرد: ”دیارە ئەو کەسانەی بەم شێوەیە باسیان کردووە، توانای ڕۆشنبیرییان لەو ئاستەدا نییە کە ئەوە بزانن، سۆرانی و کورمانجی دوو شێوەزاری زمانی کوردین و هیچ جیاوازییەکیان نییە و پێویستە مرۆڤی کورد پشتیوانی لە زمانی خۆی بکات بە سەرجەم شێوەزارەکانیەوە“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی