شەشۆ: بەغدا دڤێت شەر ل شنگال سهرههل بدهت
شنگال-KDP.info-
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان ڕایدەگەیێنێت، بە بڕیاری حكوومەتی عێراق، ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژیی ئێزدییان لە شنگال، جارێكی دیكە گەڕێندراونەتەوە ناوچەكە. دەشڵێت، بەغدا دەیەوێ جارێكی تر خوێن بڕژێت و شەڕ لە شنگال بەرپا بێت.
پێش چەند ڕۆژێك و بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، چەندین خێزانی گوندێكی عەرەبەكان گەڕێندرانەوە گوندەكەیان، ئەمەیش ناڕەزایی شنگالییەكانی بە دوای خۆیدا هێنا و وەك شنگالییەكان دەڵێن، ئەوانەی هاتوونەتەوە، هەموویان هاوكاریی داعشیان كردووە و دەستیان بە خوێنی ئێزدییەكان سوورە.
پەیوەست بەمە، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگهیاند: “حكوومەتی عێراق هەموو ئەوانەی دەستیان لە كۆمەڵكوژیی ئێزدییاندا هەبووە، گەڕاندوونەتەوە شنگال و ئێستا لە گوندەكانیان نیشتەجێن، لە كاتێكدا هەموویشیان ئەوانە بوون كە هاوكاریی داعشیان كردووە”.
شەشۆ، گوتیشی: “لەجیاتی ئەوەی حكوومەتی عێراق ئەوانە سزا بدات و ڕووبەرووی یاسایان بكاتەوە، كەچی گەڕاندوونییەتەوە شنگال، ئەمەش دەبێتە مەترسی لەسەر ناوچەكە و پێدەچێت شەڕێكی تر لە دەڤەرەكەدا ڕوو بدات”.
ماوەیەكە حەشد لە شنگال دەستەڵاتی بە دەستە و وەك شنگالییەكان دەڵێن، دوای هاتنی حەشد بۆ ناوچەكە، چەندین پێشێلكاری ئەنجام دراون و بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكەدا دروست بووە.
پێوهست بهو پرسهش، قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەیی شنگال به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگهیاند: “گەڕاندنەوەیان قابیلی قبووڵ نییە و ناكرێت ئەوانەی دەستیان لە كومەڵكوژیی ئیزدییاندا هەبووە و هاوكاریی داعشیان كردووە، بگەڕێنەوە شنگال”.
شەشۆ، هەروەها ئاماژەیشی دا، دەبێ ئەوانەی هاوكاریی داعشیان كردووە، سزای خۆیان وەربگرن، گەڕانەوەیشیان دەبێتە مەترسی و سەرهەڵدانی شەڕێكی دیكە لە ناوچەكەدا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی