حوزه‌یران 23, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

زه‌لامه‌كى كوردێ ئێزدی رۆژێن ژێر دەستێ داعش ڤه‌دگه‌رينت 

زه‌لامه‌كى كوردێ ئێزدی رۆژێن ژێر دەستێ داعش ڤه‌دگه‌رينت 

باسنيوز:

کاتێک زانیم خێزانێک لەنزیک دهۆک لەژێر دەواردا دەژین و رزگاربووی دەستی داعشن، چووم. پیاوێکی گەنجی باڵابەرز، تەمەنی سی ساڵ دەبوو. جلێکی کۆنی لەبەردا بوو لەبەردەرکی چادرەکە، خۆمم پێ ناساند، ئەو ناوی (رەزوان) بوو. هە رکە باسی گێڕانەوەی ژیانی رۆژانی ژێر دەسەڵاتی داعشم لێ کرد، ناوچەوانی ئارەقەی کرد و دەستەکانی دەلەرزین.

گوتی: من عەسابم زۆر خراپە، کە تووڕە دەبم وەکوو شێتم لێ دێ، تەنانەت منداڵەکانم لێم دەترسێن، شتم بیر دەچێتەوە. کە بینیم حاڵی خراپە. گوتم، گفتوگۆیەکە دوا دەخەین، بەڵام ئامۆزایەکی رەزوان گوتی، نا هەموومان هاوکاریی دەکەین، چونکە دەبێ ئەو تاوانانە بۆ مێژوو بنووسرێنەوە.

خێزانی رەزوان چوار کەسن، سێ منداڵ، خۆی و هاوسەرەکەی. دوای رزگاربوون لەدەست داعش، منداڵێكی تریان بووە، ئێستا لەناو لانکدایە.

کچێکی سێ ساڵان، لەگەڵ هەر هاتوچۆیەکی دایکی دامێنی بەرنەدەدا. رەزوان گوتی، ئەوە کچەکەمە، تا ئێستا شەوان بەدەم خەوەوە هاوار دەکات و دەگریێ، داعشەکان، بە بەرچاوی منداڵەکانیشەوە تاوانیان ئەنجام دەدا و لەوانیشیان دەدا.

ئەو خێزانە خەڵكی شەنگالن، کاتێک ویستوویانە لە شەنگال بەرەو چیا رابکەن، داعش بە دیلی گرتوون: “کاتێک هێرش داعش هات، 3-8-2014 سەعات دەی بەیانی بوو. بنەماڵەی ئێمە 26 کەس بووین، ویستمان رابکەین، گەیشتینە نزیک قەبائیل، بینیمان داعش خەڵک سەردەبڕن. لەسەر شەقام هەرچی بەرچاویان کەوتبا دەیانگرت. دەیانگوت شەهادە بێنە، شەهادەی دەهێنا، بەڵام هەر لەوێ سەریان دەبڕی. تەرمێکی زۆر کەوتبوو. خوێن بە سەر شەقامەکاندا جۆگەی بەستبوو، دیمەنێکی یەکجار تۆقینەر و دڕاندانە بوو. ئەوان بازگەیان لە هەموو لایەکی شەنگال دانابوو، تا خەڵک نەتوانێ رابکات، بۆیە ئێمە دەستگیر کراین”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بۆچی پیاوانی ئێزدی لەجیاتی شەڕکردن رایانکرد، گوتی: “عەرەبەکانی ناوچەی ئێمە هەمووی لەگەڵیان بوون. کە داعشەکان دەهاتن خۆم بینیم چوکلێتیان بەسەردا هەڵدەدان و کەیفیان دەکرد، ئەوان هاوکاریی تەواوی داعش بوون. بۆیە کەس نەیتوانی لە ناوچەکانی ئێمە دەرچێت”.

رەزوان ساتی دەستگیرکردنی خۆیان بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: “لە بازگەیەک ئێمە دەستگیر کراین، بردیانینە قوتابخانەیەک، هەر لەوێ ژن و پیاویان جیا کردەوە. پێیان گوتین، دەتابەینە سووریا، دوایی دەست و چاویان بەستین. 35 پیاو دەبووین، پێکەوە کردیانینە ژوورێک. ئێمە لە پەنجەرەوە دەمان بینی دەهاتن وەجبە وەجبە ژنیان دەبرد. کاتێک ژنەکانیان بە راکێشان دەبرد. هاوار و گریانی ژن و منداڵەکان دەچووە ئاسمان. هەندێ لە داعشەکان بە ئەنقەست لە حەوشە ژنەکانیان رادەگرت و دەستیان لێ دەدان تا ئێمە بیبینین، دەمانبینی، بەڵام نەماندەتوانی هیچ بکەین. یەک دوو پیاو کاتێك ژنەکانیان بە بەرچاوی ئەوانەوە هێنا و دەستیان لێ دەدان، تووڕە بوون و جنێویان دا. هەر لەوێ یەکی دوو گوللەیان لە سەریان دا و کوشتیانن. ئەوە بۆ چاوترساندنی ئێمە بوو. شەڕێک بوو هەرچیمان کردبا ئێمە تێیدا دۆڕاو بووین، چونکە جگە لە خۆمان ژیانی ژن و منداڵەکانیشمان لەبەردەستیان بوو. ئەوان زۆر دڕندە بوون، رەحم و ئینسانییەت لەدڵیاندا نەبوو، هەستت نەدەکرد مرۆڤن”.

بەر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردانی ئێزدی پێم وابوو دەبێ چیرۆکەکانیان زۆر لە یەک بچن و جیاوازیی ئەوتۆیان نەبێت، هەرچۆنێک بێت دیلی کەسانێک بوون کە خاوەنی هەمان فکرە و ئایدۆلۆژیا بوون، کاتێک چیرۆکێکم گوێ لێ دەبوو بە خۆمم دەگوت، لەوە خراپتری تێدا نییە. بەڵام لە کاتی گێڕانەوەدا دەمزانی کە هەریەکەیان جۆرێک لە دڕندەیی بێ وێنەی بینیوە. جیا لە شێوازی گێڕانەوە و توانای گوزارشتکردنیان، داعشەکان هەر یەکیان جۆرە دڕندەیەکی جیاواز بوون.

کاتێک رەزوان و خێزانەکەی هەر یەکەیان لە ژوورێکی هەمان قوتابخانە زیندانی بوون. داعشەکان دێن داوایان لێ دەکەن موسڵمان بن: “داعشەکان یەک یەک دەهاتنە ژوورەوە، هەرچی دەهات دەیگوت، موسڵمان بن و شەهادە بێنن، ئێمەش شەهادەی ئیسلاممان دەهێنا، دوای ئەوە دیسان دەست و چاویان بەستین. تا پێنج رۆژ نەیانهێشت بچینە تەوالێت. خواردنیش رۆژی سەموونێکی رەق و بوتڵێک ئاو بوو. هەر ئەوەندەی لەبرسا نەمرین. ئەوان بەدیارمانەوە دەوەستان و چێژیان لە ئازاردانی ئێمە دەبینی، دواتر هاتن هەرچی کچ و ژنی جوان بوو، جیایان کردنەوە و بردییانن. ئێمەشیان بردە تەل بنات، ئەوێ هەمووی عەرەب بوو، هیچ کوردێکی لێ نەبوو”.

ئەو پیاوە باسی پازدە رۆژ لە ژیانی تەل بنات دەکات: “هەموومان لە قوتابخانەیەک زیندانی کراین. بەیانییان سەعات چواری بەیانی دەهاتن دەیانگوت هەستن نوێژ بکەن، نوێژی موسڵمانانیان پێ دەکردین، دواتر رۆژێک گوتیان ناوی خێزانەکانتان بە ئێمە بڵێن، دەیانهێنین بۆ لاتان. ناوەکانمان گوت، خێزانەکانمانیان هێنا، بەڵام خوشکێکم کە 25 ساڵە تا ئێستاش هەواڵی نییە”.

دوای 15 رۆژ دەیانبەنە گوندی کۆچۆ: “لە کۆچۆ بە چاوی خۆمان مردنی بەکۆمەڵمان بینی کە بە شۆفەڵ دەیانخستنە ژێر گڵ، منداڵی مردوو، ئەو پیاوانەی کە رەمی کرابوون، ئەو ژنانەی ویستبوویان رابکەن، یان نەیانهێشتبوو دەستدرێژیی بکەنە سەریان، کوشتبوویانن. دەمانبینی عەرەبەکانی ناوچەکە، دەهاتن ئەوەی دەستیان کەوتبا لە ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ناوماڵ دەیانبرد و ماڵە ئێزدییەکانیان تاڵان دەکرد، بە حاڵی ئێمە خۆشحاڵ بوون، پێمان سەیر بوو، چونکە ساڵانێکی دوور و درێژ ئێمە لە هەمان ناوچە ژیاوین، بۆچی بەرامبەر ئێمە ئەوەندە قین لەدڵن؟! ئەو ماوەیە ئێمە لەژێر چاودێریدا بووین، دەبوایە بەردەوام لەژێر چاودێریی ئەوان بڕۆینە هۆڵێک نوێژی جەماعەت بکەین. ئەوەی نەچووبایە نوێژکردن موحاسەبە دەکرا. شەوێک سێ پیاو رایانکرد، لەبەرئەوە هەموومانیان سزا دا. کۆیان کردینەوە و بردیانینە قوتابخانەیەکی تر، لەوێ دیسان کەوتنە ناومان و ژنەکانیان هەڵدەبژارد و پاسێکیان هێنا و بردیانینە تەلەعفەر، تەنیا پیاوەکان مابووینەوە”.

دواتر دەیانبەنە شوێنێک هەر لەو ناوچەیە بەناوی (قزل قیوە)، لەوێ هەر ماڵێك موسڵمان بووە، ناردوویاننە سەر ماڵی ئەو کەسانەی رایانکردووە. خێزان خێزان لە خانووێک لەژێر چاودێریی دایانناون: “کە لە قزل قیوە بووین، سەرما بوو، جلمان لەبەر نەبوو، جگە لە ئازاری داعش لەسەرما رەق بووینەوە. لەوێش کەسێک رای کرد و گرتیانەوە، ئێمەیان هەموو کۆ کردەوە، بە بەرچاوی ئێمەوە بە چوار تا پێنج کەس بە هەموو شێوازێک لێیان دەدا، ئینجا قاچیان شکاند، دوای ئەوە گوللەیەکیان لە سەری دا. بۆ شەوی دواتر خێزانێک رایانکرد. دە رۆژ لە خانووێک ئاو، خواردن و کارەبایان لێ بڕین. دواتر کۆیان کردینەوە و دیسان بە بەرچاوی ئێمەوە، بە هەموو جۆرە چەکێک لێیان دەدان، ملی ژنەکەیان شکاند، ئینجا کوڕ و کچەکەشیان کوشت”.

دوای ژیانی قزل قیوە، دەیانبەنە مووسڵ، بەڵام لەوێ داعشێک بە موسڵمانبوونی ئەوان رازی نییە: “کە بردیانین بۆ مووسڵ، خێزانێکی تریشمان لەگەڵ بوو، شەو بوو، بەو سەرمایە لە پشتی پیکابێک سواریان کردین، بردیانینە غاباتێک زۆر دەترساین. لەوێ داعشێکی میسری هات گوتی کوشتنی ئێوە و ژنەکانتان بۆ ئێمە حەڵاڵە، چونکە کافرن. ئەو داعشە چی قسەی پیس و سووکایەتیی دەزانی هەمووی لەدژی کرد. ئێمەش نەماندەتوانی هیچ بڵێین، ئەوەشی قسەی کرد هەر لەوێ بە گوللەیەک کوشتیان 19 رۆژ لەو غاباتەی مووسڵ بووین، هۆڵێکی گەورەی لێ بوو. زیاتر لە دە پاسەوانی داعشمان هەبوو، هەموو جۆرە چەکێک هەتا دۆشکەشیان پێ بوو. لەو هۆڵە بە حساب ژنەکانمان لەگەڵ ئێمە بوون، بەڵام رۆژانە دەهاتن بەبێ هۆ بە بەرچاوی ئێمەوە لە ژنەکانیان دەدا، دواتر لەگەڵ خۆیان دەیانبردن. بەرەبەرە ژن کەم دەبوونەوە، چونکە دەیانبردن، کە رۆژ دەبووەوە دەستمان لەسەر دڵمان بوو، هەر یەک لەوکاتە دەترسا کە ژنی ئەویش دەبەن، رۆژێک کۆیان کردینەوە. بردیانینە یاریگایە تۆپانێ، زیاتر لە 300 پیاو دەبوو هەموومانیان ریز کرد، زۆر زۆر ترساین، وامان زانی گوللەبارانمان دەکەن. ئەوان زیاتر لە 50 داعشی چەکدار بوون، هەندێک پیاو گریان، هەندێک میزیان بە خۆیاندا کرد، دوایی گوتیان تەفتیشە، ئەوەی جگەرە و مۆبایلی پێ بوایە بە لێدان لێیان وەردەگرت، دواتر هەر ژنێک گوارەی لە گوێ بوایە لێیان دەکردەوە، ئینجا چوونە ناو ماڵەکان، ئەوەی پێیان باش بوو بردیان، دواتر گوتیان، دەتانبەین حەیوان بەخێو بکەن، من رازی بووم و گوتم شوانی دەکەم”.

بەرەبەرە ئەو دیلانەی کە لەگەڵ خێزانی رەزوان بوون کەم بوونەوە، چونکە رۆژانە ژنیان بردووە و پیاوەکانیان کوشتووە. بۆیە ئەوانیش بڕیار دەدەن رابکەن: “ئێمە مۆبایلێکمان پێ بوو، نەیاندۆزییەوە، توانیم پەیوەندی بە برایەکمەوە بکەم، رێگای راکردنی پیشان داین، من و ژنەکەم گوتمان ئەگەر دەرچووین باشە، ئەگەر گیراشین بکوژرێین یەک جار مردن و لەو ژیانە خۆشترە، براکەم موهەریبێکی دۆزییەوە و عەرەبێک هات بە پارە هاوکاریی کردین، عەرەبەکان ئەوەی نەیکوشتباین بازرگانیی پێوە دەکردین”.

رەزوان کاتێک دەیکەن بە شوان، شەوێک لەگەڵ خێزانەکەی و هەندێک لە کەسانی بنەماڵەکەی رادەکەن: “شەوی یەکەم، ئێمەیان لەناو دەغڵ شاردەوە. بۆ رۆژی دووەم برسی و ماندوو، کەوتینەوە رێ، بە هەموومان 13 منداڵمان پێ بوو. منداڵەکان لەبەر برسێتی و ماندوویی دەگریان. هەندێییجار بۆ ئەوەی دەنگیان دەرنەچێ لە ترسا دەمی منداڵەکانمان دەبەست، ناچار بووین هەموو شتێ بکەین، تا رزگار بووین”.

رەزوان ئێستا لە دەستی داعش رزگار بووە، بەڵام ژیانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بووەتە مۆتەکە بۆ خۆی و خێزانەکەی. هەموویان تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون، وەک کەسانی نامۆ دێنە بەرچاو، وێڕای هەموو ئەوانە، چارەسەر و ژیانێكی گونجاویان نییە تا یارمەتیدەر بێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو ژیانی ئاسایی: “باری دارایی ئێمە زۆر خراپە، ناتوانین بڕۆینە لای دکتۆر، لەژێر ئەو چادرە دەژین، بێ جێگا و رێگا، تەنیا مووچەی شەهیدانەی بابممان هەیە کە لە شەڕێ ئێران و عێراق کوژراوە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi