80 گەنجێن کوردێن ئێزدی رێزێن پەکەکێ بجێ دهێلن
باسنيۆز:
بە قسەی ژێدەرێک لە ئاسایشی شنگالەوە، لە پاش رووداوەکەی ٣/٣/٢٠١٧ کە (پەکەکە) لە دەڤەری خانەسۆر تەقەی لە پێشمەرگەی کوردستان کرد، ھەتا ئێستا ٨٠ گەنجی کوردی ئێزدی ریزەکانی (پەکەکە)یان جێ ھێشتووە.
ھەمان ژێدەر کە زانیارییەکانی تایبەت بە (باس) داوە رای گەیاند: “ھەر کەسێک بگەڕێتەوە بە شێوەیەکی ئاسایی دەگاتەوە کەسوکاری خۆی و پێشوازی و خزمەتیش دەکرێت، پەکەکە خاڵی پشکنینی داناوە بە تایبەتی لە چیای شنگال و ناوچەی خانەسۆر، تا کەس نەتوانێ بێت و بچێت بە تایبەتیش بە شەو ھاتن و چوون نییە، لەبەر مەترسیی دانانی کەمین و زاڵگەی پەکەکە لە دەڤەرەکە، ئەوان بەردەوام بۆسە دادەنێن و ترسیان خستووەتە دڵی خەڵکەوە.”
یەکێ لەو گەنجانی دەستی لە ریزەکانی پەکەکە بەرداوە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین، بۆ (باس)ی روون کردەوە: “پەکەکە ئێمەی وا فێر کردبوو کە دەست لە دایک و باوک و خوشک و برای خۆمان ھەڵگرین، پێیان دەگوتین ئێوە پێویستە ھەردەم ئامادە بن بۆ خۆتەقاندنەوە و مێشکی مرۆڤ بە تەواوی دەگۆڕن. سەرەتا ئێمە نەمان دەزانی ئاوھان، لەم دواییە رۆژ دوای رۆژ لەگەڵ ئێمەدا مامەڵەیان خراپ و توند دەبوو، ئێستاش مەترسی لەسەر ژیانی ئێمە ھەیە، چونکە ھەر کەسێک واز لە پەکەکە بھێنێت، پەکەکە لێی قبووڵ ناکات، ئێستا ھەموو شەو بێدارم و پاسەوانی لە خۆم دەکەم و ناتوانم بەئارامی بنووم.”
ئەو ھەروەھا گوتی: “من یەکێک بووم لەو کەسانەی لەناو پەکەکەدا بووم، لەوێ ھەموو کارێکم دەکرد، ھەموو گەنجانی کچ و کوڕی ١٢ تا ١٣ ساڵییان ھێناوەتە ریزەکانی خۆیان تاکوو رەوانەی قەندیلیان بکەن، بەر لە دوو مانگ ١٣ کچی تەمەن (١٢ تا ١٣) ساڵانیان لە شنگالەوە بردە قەندیل. بە راستی ئەوان لە تیرۆریستانی داعش خراپتریان بەسەر شنگالدا دەھێنا.”
ئەو گەنجە کە ھەڵاتووە و ریزەکانی پەکەکەی جێ ھێشتووە، روونی کردەوە “مردن خۆشترە لەوەی لەگەڵ پەکەکە بیت، ھەتا مرۆڤ بە چاوی خۆی نەیبینێت ئەو شتە نازانێت.”
شایەنی وەبیرھێنانەوەیە کە ناوی چەند گرووپێکی سەر بە پەکەکە، لە (لیستی شەرم)ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھەن، (لیستی شەرم) ناوی ئەو رێکخراو و میلیشیا و گرووپە چەکدارانەی جیھانن کە منداڵان لە چالاکیی چەکداریدا بەکار دەھێنن.
پێوەند بەم پرسە، عەمید سمێ بۆسەلی، جێگری فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال بە (باس)ی راگەیاند: ئەو گەنجانەی ئێزدی کە چوونەتە نێو پەکەکەوە، لە پاش بەسەرچوونی ماوەیەک پەشیمان دەبنەوە، بە تایبەتی لە پاش رووداوەکەی ٣/٣/٢٠١٧ کە پەکەکە و ھێزەکانی سەر بە ئەو تەقەیان لە پێشمەرگەی کوردستان کرد، ئیدی بۆ خەڵک دەرکەوت کە پەکەکە بەرژەوەندیی شنگالی ناوێت، ئەو کەسانەی چوونەتە پاڵ پەکەکەش، ئەوا دەگەڕێنەوە، ئەوانە ھەموو تەمەنیان بچووکە و پەکەکە کاریان لێ دەکات و بەرەو قەندیل رەوانەیان دەکات، ئەوان چ پاشەڕۆژێکیان لەگەڵ پەکەکەدا نییە و پێویستە ھەموویان بگەڕێنەوە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی.
عەمید سمێ بۆسەلی روونیشی کردەوە، بەر لە ماوەیەک کونسوڵی ئەمریکا سەردانی شنگالی کرد و داوای لە پەکەکە کرد شنگال چۆڵ بکەن، بەر لە چەند مانگێک سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عبادی ھەمان داوای لە پەکەکە کرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش داوای لە پەکەکە کرد شنگال چۆڵ بکات، ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزدیان و ریش سپی و کەسایەتییەکانی شنگالیش داوایان کردووە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، بەڵام پەکەکە تا ئێستا ھیچ نیەتێکی نییە دەڤەرەکە چۆڵ بکات، پەکەکە دەڵێ ئێمە دەرناچین. ئێمە ھیوادارین بە ئاشتی و برایەتی دەڤەرەکە چۆڵ بکەن، خۆ ئەوان ھەرچەندی بشمێننەوە ھەر شنگال چۆڵ دەکەن، چونکە ماڵی ئەوان نییە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی