وەزیرێ ئەوقافێ:پێکڤەژیانا پێکهاتەیان کەلتوورەکێ جوانێ کوردستانێ یە
ھەولێر-KDP.info-
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباریی ئایینی هەرێمی کوردستان لە سیمپۆزیۆمی گوتاری ڕق و کینە كه لە هەولێر بەڕێوەدەچێت ڕایگەیاند، پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان کولتوورێکی جوانی هەرێمی کوردستانە دەبێت پارێزگاری لێ بکەین و لە وەزارەتی ئەوقافیش بەردەوام دەبین و درێخی ناکەین لە دژایەتی کردنی گوتاری ڕق و کینە.
وەزیری ئەرقاف لە گوتارەکەیدا گوتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی خراپ و شەڕ و ئاڵۆزییدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەرێمی کوردستان هەر شوێنی پێکەوە ژیانی ئایینی و پێکهاتەکانە و ئێستاش بەهۆی تێکەڵاویی ئەو پەیوەندییە بەتینە کۆمەڵایەتییەی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە لە زۆربەی ناوچەکان پێکاتە ئایینی و نەتەوەکان لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، هەر ئەمەش هۆکار بووە لە پەرلەماندا چوارچێوەیەکی یاسایی بە پارێزگاری کردن لە کولتووری پێکەوە ژیانی ئایین و پێکهاتە نەتەوەکان بدرێت.
گوتیشی: ئەم پێکەوە ژیانەی هەرێمی کوردستان بووەتە خاڵێکی گرنگ و کاریگەر لە ئاستی جیهانیدا، وایکردووە لە زۆربەی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان هەرێمی کوردستان بانگهێشت بکرێت هۆکارەکەشی ئەو بایەخدانەیە بە ژیان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان دراوە کە جێگەی خۆشحاڵییە بۆ هەموو حزب و پێکهاتەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وایکردووە لە ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی بە ڕۆڵ و پێگەی کوردستان بدرێت.
هەروەها پشتیوان سادق ئاماژەیدا: وتاری توندڕەوی مەرج نییە تەنیا پێشنوێژ و وتارخوێنی ئایینی بن جا لە هەر ئایینێک بن، بەڵکو جاری وا هەیە کەسانی ڕۆشنبیر، یان ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیەندنکار بە هەر هۆکارێکەوە بێت تووشی وتاری توندڕەوی دەبن بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکان بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکەن، بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتانە نەبنە هۆکاری ناشرین کردنی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیەدا پشتیوان سادق گوتی: ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ئەوقافەوە هەیە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگەی کۆڕ و کۆنفرانس و خولی تایبەتەوە کارمان کردووە لە سەر پاراستنی ئەو پێکەوە ژیانەی لە کوردستاندا هەیە و خزمەتی زیاتری بکەین، هەربۆیە بەڵینی وەزارەتی ئەوقاف بۆ هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانی کوردستان دووپات دەکەینەوە و درێخی ناکەین لە دژایەتی کردنی گوتاری ڕق و کینە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی