مهسروور بارزانى: ههمى بزاڤان دكهین كێشهیا مووچهیى ب دوماهى بینین
كوردستان 24
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارە بکرێن. دەشڵێت، “هەموو هەوڵەكانمان خستۆتە گەڕ مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بدرێت.”
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە – بنگرد لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین، باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران گوتی، “لە چەند ساڵی رابردوو، بارودۆخ و قەیرانی سەختی ئابووری و داراییمان تێپەڕاندووە، لێرەدا جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم”.
لەبارەی چارەکردنی کێشە فەرمانبەران، سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، “ئێمە هەموو هەوڵەكانمان خستووەتە گەڕ و هەموو تواناكانی خۆمان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم دۆخە سەختە ئابوورییە بهێنین، بە تایبەت مووچەی هاووڵاتیان كە لە كاتی خۆیدا بدرێت.”
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، “هەوڵیان داوە كێشەكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین”.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
وەکو خۆی گوتی، “من بەردەوام لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە”.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی