شوبات 28, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

هه‌ڤپه‌يمانيا نێڤ دەوڵەتی: نێزیکی 22 هەزار عێراقی ل کەمپا هۆلێ ماينه‌

هه‌ڤپه‌يمانيا نێڤ دەوڵەتی: نێزیکی 22 هەزار عێراقی ل کەمپا هۆلێ ماينه‌
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتیی دژ بە داعش رایگەیاند، هێشتا هاووڵاتیانی عێراق و سووریا زۆرترینی دانیشتووانی کەمپی هۆل پێکدەهێنن و تائێستاش نزیکەی 22 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل ماون.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لە کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانن بۆ 45 هەزار و 355 کەس کەمیکردووەتەوە، کە 21 هەزار و 633 کەس لەوانەی لەو کەمپەدان عێراقی و 17 هەزار و دوو کەسیان سووریاین.

بەپێی راگەیێندراوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، تەنیا لە مانگی رابردوودا 736 عێراقی گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق و تائێستا 340 کەس لە گەڕێندراوەکان کەمپی جەدعەی تایبەت بە شیاندنەوەیان بەجێهێشتووە.

عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 24-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، “ئێمە بەپێی رێککەوتن لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندین بە گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لەو کەمپەدا ماون و ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.”

کەمپی هۆل کەوتووەتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان، لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات – هەسەدەدایە، پێشتر نزیکەی 70 هەزار کەسی تێدابوو. زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعش.

شەریف سلێمان، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هێنانەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە، رۆژی دووشەممە، 25ـی 12-2023، بە رووداوی گوت، “ئەو کارە ئێمەی نیگەرانکردووە، جگە لەوەی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە هەستیارییەکی زۆر دروستدەکات، بەڵام وەزارەتی کۆچ لە عێراق بایەخ بە ئاوارەکانی نێوخۆ و ئێزدییەکان نادات، کەچی عێراقییەکان لە وڵاتێکی دیکە دەهێنێتەوە، ئەوە لەگەڵ گەڕاندنەوەی هەر کاروانێکی ئەو کەسانە لە کەمپی هۆلەوە ئێمە نیگەران دەکات.”

رۆژی شەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2023، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ جان کریستۆف پاریسی، هەڵسوڕێنەوەی کارەکانی فەڕەنسا لە بەغدا کۆبووەوە و لەبارەی پرسی کەمپی هۆلەوە گوتی، “ئامانجی عێراق داخستنی ئەو کەمپەیە، چونکە مانەوەی دەیکات بە قوتابخانەیەک بۆ نەوەی نوێی داعش.”

کەمپی جەدعە، نزیکەی 200 مەتر لە گوندی جەدعەی سەر بە شارۆچکەی گەیارە کە 60 کیلۆمەتر لە باشووری (موسڵ)ـەوە دوورە و ناوەندی پارێزگای نەینەوایە، ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعش (ئەوانەی هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین) دروستکراوە.

دانیشتووانی ئەو کەمپە ئەو کەسانەن کەسوکارەکانیان لە چەکدارانی “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام” ناسراو بە داعش بوون.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 21ـی کانوونی یەکەم، 659 عێراقی دیکەی کەمپی هۆل کە 173 خێزان بوون لە کەمپەکەوە گەڕانەوە بۆ عێراق و لە کەمپی جەدعە لە باشووری شاری مووسڵ نیشتەجێکراون.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi