ARD: حكومه‌تا عێراقێ پێتڤيێن پێشمه‌رگه‌ی دابین نه‌كرينه
PUKmedia :
به‌پێی راپۆرتێكی كه‌ناڵی یه‌كی ئه‌ڵمانیا كه ئه‌مڕۆ 5-3-2018 بڵاویكرده‌وه ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاینی وه‌زیری به‌رگری و زیگمار گابریلی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوای دانوساندنێكی زۆر‌و له‌به‌ر رۆشنایی هه‌لومه‌رجی ئێستای سوریا‌و عیراقدا، نه‌خشه‌ڕێگای خۆیان بۆ هاوكارییه‌كانی داهاتووی عیراق له چوارچێوه‌ی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر‌و بنیاتنانی عیراقدا له دووتوێی 15 لاپه‌ڕه‌دا خستووه‌ته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌ڵمانیا.
له‌و راپۆرته‌دا كه نه‌خشه‌ڕێگای هاوكارییه‌كانی دوای كۆتاییهێنانی داعشی له‌خۆگرتووه، ئه‌گه‌رچی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له 1250 سه‌ربازه‌وه كه‌مده‌كرێته‌وه بۆ 800 سه‌رباز، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بن له هاوكاری و مه‌شق و راهێنانی سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌داو به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه مه‌شق و راهێنان ناوه‌ڕاستی عیراقیش ده‌گرێته‌وه.
راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی ARD ئه‌ڵمانیا باس له‌وه ده‌كات كه عیراق پێداویستییه‌كانی خۆی بۆ ئه‌ڵمانیا له‌و سه‌ردانه‌دا كه مانگی شوباتی رابردوو وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا بۆ به‌غدا ئه‌نجامیدا خستوه‌ته‌ڕوو، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌دا ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلا‌ین باسی له خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان كردووه، داواشی له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانی كرد رۆڵی راوێژكاری له بنیاتنانی چوارچێوه‌یه‌كی شه‌فافی سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی ئاسایشی عیراق دا ببینێت.
ARD له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات، له شوباتی رابردوودا ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلا‌ین له‌لایه‌ن د.فوئاد مه‌عسومه‌وه پێشوازی لێكراو باسیان له رۆڵی ئه‌ڵمانیا كرد له شه‌ڕی داعش و كاریگه‌ری فڕۆكه‌كانی تۆناردۆی ئه‌ڵمانی و فڕۆكه وزه‌به‌خشه‌كانی و بۆ ئاینده‌ش هاوكاری زیاتر كه ئه‌مه‌ش گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ماوه‌ی رابردوودا كه هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای لێ بوون.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه ئه‌ركه‌كانی مه‌شق و راهێنانی پێشمه‌رگه ته‌واو نه‌بووه‌و له 30 حوزه‌یرانی داهاتوودا كۆتایی دێت و پێده‌چێت تا مانگی ئابی 2018 درێژبكرێته‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا به راوێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی‌دا له داهاتوودا به‌رده‌وام ده‌بێت له هاوكاری پێشمه‌رگه‌دا به مه‌به‌ستی راگرتنی باڵانسی نێوان حكومه‌تی عیراقی و هه‌رێمی كوردستان پێشیانوایه بوونی سه‌ربازانی ئه‌ڵمانی له عیراق و كوردستان رۆڵی نێوه‌ندگیری ده‌بێت له نزیككردنهوههی حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا.
له به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كات، له‌دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌ت و هه‌رێمی كوردستان گرژی تێكه‌وتووه‌و جۆرێك له ئابڵوقه له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه دانراوه‌و له‌وه‌ش زیاتر شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان هێزه عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌دا له ئابی رابردوودا له پارێزگای كه‌ركوك روویدا، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه پێشمه‌رگه به‌پێی ده‌ستوور به‌شێكه له سیستمی به‌رگری عیراق، به‌ڵام حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی ساڵانێكه هیچ هاوكارییه‌كی پێشمه‌رگه‌ی نه‌كردووه‌و پێداویستییه‌كانی بۆ جێبه‌جێ نه‌كردوون.
به‌پێی راپۆرته‌كه ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین له‌دوایین سه‌ردانیدا بۆ به‌غداو هه‌ولێر هیوای خواستووه كه ئه‌ڵمانیا رۆڵی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی نێوان به‌غداو هه‌ولێر ببینێت.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا جارێكی‌تر باس له سه‌ردانه‌كه‌ی شوباتی رابردووی ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین كراوه بۆ به‌غداو هه‌ولێرو له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له هه‌ولێر وتویه‌تی “ئێمه هه‌رگیز رۆڵ و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه له‌دژی تیرۆر له‌بیر ناكه‌ین”.
راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی یه‌ك هیچ ورده‌كارییه‌كی له‌سه‌ر جۆری ئه‌و هاوكاریانه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه له داهاتوودا ئاشكرا نه‌كردووه..ئه‌وه‌ی هه‌بێت له‌و پرۆژه 15 لاپهڕهییهدایه كه بڕیاره سبه‌نێ 6ی ئادار ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌ڵمانیا بڕیاری لێوهبدات.
له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ش ده‌كات هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی هێزه‌كای ئه‌ڵمانیا له عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی سه‌قامگیری و ئه‌وه‌ش وایكردووه ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه زیاتر بێت تا كۆتایی مانگی ئابی داهاتوو.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته به‌رچاو كه عیراق له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندایه‌و نازانرێت عه‌بادی له حوكم ده‌مێنێته‌وه یان نا، ئه‌گه‌ری دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مالكی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی كێشه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری و مهزههبیهكانیشی خستووه‌ته به‌رچاو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی