حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

630 مامۆستايێن خووندنا كوردی نه‌وێرن ڤه‌گەرنە كەركووكێ

630 مامۆستايێن خووندنا كوردی نه‌وێرن ڤه‌گەرنە كەركووكێ

رووداو- سلێمانی

بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركووك دەڵێ پێویستی زۆریان بە مامۆستا هەیە بۆ خوێندنی كوردی لە شارەكە و ناشتوانن گوشار لە مامۆستایان بكەن بگەڕێنەوە.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، زیاتر لە هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك خوێندنگاكانیان جێهێشتووە و لەگەڵ خەڵكی شارەكەدا ئاوارەی شارەكانی دیكەی باشووری كوردستان بوون. هەرچەندە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێنەوە كەركووك، بەڵام تاوەكو ئێستا 630 مامۆستای خوێندنی كوردی نەگەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان.

شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركووك دەزانێ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی تاوەكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی ئەوەیە كە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە “ئێمە توانیومانە لەڕێی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەفەرمانی وزاری هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان و لەنزیكترین قوتابخانە دەوامیان پێبكەین، تاوەكو ئەوكاتەی رەوشەكە لە كەركووك بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە و دەتوانن بگەڕێنەوە”.

جیا لەو 630 مامۆستا و فەرمانبەرەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، بەشێكی دیكەی مامۆستایانی كورد كە سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عێراقن، تاوەكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە و لە هەرێمی كوردستانن. ئەوان لەڕێی نوێنەرایەتی پەروەردەی حكومەتی ناوەندییەوە، لە قوتابخانە عەرەبییەكاندا دەوام دەكەن.

لە سنووری پارێزگای كەركووك 617 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی بەشی خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە. نزیكەی 100 هەزار قوتابی بە كوردی دەخوێنن و 6500یان ئاوارە بوونە.

محەممەد، مامۆستای خوێندنی كوردییە لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شاری كەركووك و نیگەرانە لەو هەموو كێشەیەی بەهۆی ئاوارەبوونی مامۆستایانەوە بۆیان دروستبووە و دەڵێ: “نەگەڕانەوەی ئەو مامۆستایانە، بۆشایی لە خشتەی وانەگوتنەوەدا دروستكردووە، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندنی كوردی دروستكردووە، بەتایبەت كێشەی بۆ قۆناغی ئامادەیی دروستكردووە، چونكە وانەگوتنەوە لەو قۆناغەدا بەپێی پسۆڕییە و پەروەردەی كەركووكیش ئامادە نییە هاوكاریمان بكات”.

سەرباری هەموو ئەو كێشانەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركووك باسی دەكەن، ئێستا هەوڵێك لەلایەن بەڕێوەبەرە عەرەبەكانەوە هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایانی كورد سزا بدرێن. مامۆستا محەممەد دەڵێ: “فازڵ ئەسوەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركووك فەرمانی دەركردووە بۆ هەڵوەشانەوەی تەنسیبی ئەو مامۆستایانەی میلاكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ناوەندین و لە قوتابخانە كوردییەكان تەنسیب كراون و وانە دەڵێنەوە. من خۆم لە دیوانی پەروەردە فەرمانەكەم بینی”.

گوتیشی: “ئامانج لەو بڕیارە تەنیا دروستكردنی كێشە و بۆشایی میلاكاتە لە قوتابخانە كوردییەكان”.
عوسمان، مامۆستایەكی ئاوارەیە، دەڵێت كێشەكانی بەردەم خوێندنی كوردی زۆرن، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا زۆر ئاڵۆزتر و گەورەتر دەبن ئەگەر چارەسەر نەكرێن “كێشەی بنەڕەتی ئێمە نەگەڕانەوەی مامۆستاكان نییە، بەڵكو كێشەی ئێمە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە رووبەڕووی جەنگێكی دەروونی بووینەتەوە و كەس خۆی بەخاوەنی ئێمە و بەرپرس لە ژیان و كێشەكانمان نازانێ”.

ئەو مامۆستایەی خوێندنی كوردی لە كەركووك دڵنیایە لەوەی ئەمساڵ خوێندكارانی خوێندنی كوردی ساڵێكی ئاسایی بەڕێناكەن و دەڵێ: “ئەگەر كار وابڕوات ئەو پرۆسەیە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت، ئەگەر واشنەبێت ئەوا رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو دواوە دەچێت و ئێمە بەو جۆرە ناتوانین نەوەیەكی باش لەو شارە پێبگەیەنین”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi