ئێكهم سالیادا شەهیدبوونا شیفا گەردی
رووداو – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-2-2018 لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر، مەراسیمی یەکەم ساڵیادی شەهیدبوونی شیفا گەردی، رۆژنامەڤانی دیاری تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو.
ساڵێک پێش ئێستا و لە رۆژی 25-2-2017 دا لەکاتی رووماڵکردنی رووداوەکانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووس و پێشکەشکاری دیاریی رووداو شەهیدبوو.
هەر ئەمڕۆ لەبەردەم نووسینگەی سەرەکی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، پەردە لەسەر پەیکەری سیمبولیی شەهید شیفا گەردی لادرا. پەیکەرەکە لەلایەن خوسرەو جاف، پەیکەرتاش و کەسایەتیی دیاری باشووری کوردستان دروستکراوە.
شیفا گەردی یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بوو، جگە لەوە بەڕێوەبەرێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵدا، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بە ناوی فۆکس موسڵ هەبوو، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەڤانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و، راپۆرتی دەکرد. لە رۆژی 25-2-2017 کە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی مەیدانی بۆ بەرنامەکەی چوبووە موسڵ، بۆمبێکی چێندراوی پێدا تەقییەوە و شەهیدبوو.
شەهیدبوونی شیفا گەردی دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەبوو، بە دەیان پرسەنامە و برووسکە و نامە گەیشتنە بەڕێوەبەرایەتیی رووداو و ماڵباتی شەهید. یەکێک لەو پرسەنامانە پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بوو کە پێش لە هەمووان پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ شەهیدبوونی شیفا گەردی راگەیاند.
دواتر پەیامی نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی راگەیێندرا. یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کۆچکردووان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، پارت و رێکخراوەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و هەندەران، بەشێکی زۆر لە باڵیۆز و کونسوڵی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیامی سەرەخۆشییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو نارد و لە زۆر شوێنی کوردستان و جیهان پرسەی بۆ دانرا، هەروەها هەموو نووسینگەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە کوردستان و جیهان بوونە شوێنی رووتێکردنی خەڵک بۆ سەرەخۆشی و دانانی تاجەگوڵینە.
لە کاژێر 15:38 خولەکی رۆژی شەممە 25-2-2017، لەسەر چاڵی خەسفە لە موسڵ و لەو کاتەدا کە شەهید شیفا گەردی سەرقاڵی هەڤپەیڤینێک دەبێت لەگەڵ سەید عەلی کە یەکێک بوو لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، پێیەکی لە تەلی بۆمبێکی چێندراو دەئاڵێت و لە ئەنجامدا بۆمبەکە دەتەقێتەوە. لە رووداوەکەدا سەید عەلی و 6 چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی و شیفا گەردی شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، یەک لەوان هاوکارمان یونس مستەفا، کامێرامانی ئازا و لێهاتووی رووداو بوو.
دواتر تەرمی شەهید شیفا گەردی لەبەردەم نووسینگەی سەرەکی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر لەلایەن هاوکارانی و خەڵکێکی زۆر کە هاتبوونە بەردەم رووداو ماڵئاوایی لێکرا، پاشان گۆڕستانی شێروان مەزن لە دەڤەری بارزان بووە دوایین مەنزڵگەی. کێلی گۆڕی شەهید شیفا دیاریی بنەماڵەی قازیە و لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکراون، مەسعود قازی دیزاینەکەی ئەنجامداوە و لەلایەن فارووق قازییەوە بەردەکانی تاشراون.
ژیاننامەی شیفا زکری ئیبراهیم، ناسراو بە شیفا گەردی
– لە 1-7-1986 لە ئاوارەيی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایک بووە.
– لە ساڵی 2006 پەیمانگای تەکنیکی بەشی کۆمپیوتەری تەواوکردووە.
– لە ساڵی 2013 بەشی راگەیاندنی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە.
– لە ساڵی 2007 تاوەکو ساڵی 2010 لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی کاری مامۆستایەتی کردووە.
– لە ساڵی 2006 دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە.
– لە سەرەتای دامەزاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو دەرکەوتووە.
– بەڕێوەبەری بەشی ئاوتپووتی رووداو بوو.
– لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەرنامەی فۆکس موسڵی پێشکەش دەکرد.
– بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و راپۆرتی دەکرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی