هەرێما كوردستانێ دۆسهيا هەزار و 100 گيراوێن داعشێ ئێكلايكرينه
رووداو- هەولێر
هەفتەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگەشەی رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤی لەبارەی كۆمەڵكوژییەك رەتكردەوە كە گوایە دەرحەق بە ژمارەیەك گیراو بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش ئەنجامدراوە.
رێكخراوەكە، هێزەكانی پێشمەرگەی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە لە رۆژانی 28ی ئاب تاوەكو سێی ئەیلولی 2017 ژمارەیەك خەڵكی بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر كردووە و پاشان كۆمەڵكوژی كردوون. بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای رەتكردنەوەی راپۆرتەكە، دەڵێت ئەوانە داعش بوون و لە شەڕدا كوژراون و دواتر لەو شوێنەدا بەژێر خاكەوە كراون.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی چاودێریی مافەكانی مرۆڤHRW) ) “هێزەكانی پێشمەرگە ژمارەیەك پیاویان لە قوتابخانەیەك لە ساحل ئەلمەلیحە (70 كیلۆمەتر دووری مووسڵ) دەستبەسەر كردبوو، دواتر بەندكراوەكانیان بۆ دوو شوێن لە نزیك زوممار گواستووەتەوە و لەوێ كوشتوویانن”.
رێكخراوەكە ئەمە بە “تاوانی جەنگ” ناودەبات و داوا دەكات ئەنجامدەرانی دادگایی بكرێن.
رێكخراوەكە لەگەڵ شایەتحاڵەكانی رووداوەكە قسەی نەكردووە، بەڵكو زانیارییەكانی لە “نەدیم” ناوێك و ژمارەیەك دانیشتووی گوندێكی نزیك شوێنەكە وەرگرتووە.
نەدیم بە رێكخراوەكەی راگەیاندووە كە ئەو رۆژی 29ی ئاب سەردانی یەكێك لە شوێنەكانی كردووە و لەوێ تەرمی نزیكەی 30 كەسی بینیوە. پاشان چاودێریی مافەكانی مرۆڤ لە رۆژانی 30ی كانوونی دووەم و شەشی شوبات سەردانی شوێنەكەیان كردووە.
بەگوتەی نەدیم هەمان رۆژیش هاوڕێیەكی لە ئاسایش پێی راگەیاندووە كە شەوی 28ی مانگ لەگەڵ ئەندامانی دیكەی لقی رۆژئاوای رووباری دیجلەی ئاسایش 80 گومانلێكراوی داعشیان لە گرتووخانەی شیلكیە بردووە و 50 كەسیان لە گوندی تەل ئەحمەد ئاغای كەبیر و ئەوانی دیكەشیان لە دەرەوەی گوندی بەردیە كوشتووە.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە وەڵامی راپۆرتی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تەرمەكان دەشێت تەرمی كوژراوانی شەڕی داعش بن. وەڵامەكەی زێباری پشت بە روونكردنەوەی ئاشتی كۆچەر، بەرپرسی ئاسایشی ناوچەكە دەبەستێ.
بە گوتەی بەرپرسەكەی ئاسایش، داعش بە درێژایی 71 كیلۆمەتر لە نێوان حەردان، عەیازییە و تەلعەفەر جموجۆڵیان دەكرد و هەوڵیان دەدا بە زەبری شەڕ ئاویوی سووریا ببن. لەو شەڕەشدا هێزەكانی پێشمەرگە هەوڵیانداوە رێگە نەدەن چەكدارانی داعش رابكەن.
لە بەشێك لە وەڵامەكەی زێباریدا هاتووە: “هێزەكانی پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك بە شەڕ بەرەنگاری ئەو ئەندامانەی داعش نابنەوە كە خۆیان رادەست دەكەن، بەڵكو ئەمە تەنیا لە حاڵەتێكدا روودەدات كە ئەوان (داعشەكان) پڕچەك بن و شەڕ بكەن یان لە هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوەی خۆكوژیدا بن”.
بە گوتەی زێباری لەو شەڕ و پێكدادانەدا ژمارەیەكی زۆر كوژراو لە هەردوو لایەن هەبوون “دوور نییە تەرمی داعشە كوژراوەكان هی ئەو شەڕانە بووبن و هێنرابن بۆ ئەو ناوچەیە و لەوێ نێژرابن”.
سەبارەت بە رووداوی قوتابخانەكەی زوممار و سحێلا، لە وەڵامەكەی زێباریدا هاتووە لەو ناوچەیە “ئافرەتێكی خۆكوژ هێرشێكی لە دەرەوەی قوتابخانەیەك كرد كە تازە ئاوارەكانی تێدا نیشتەجێ كرابوون”. رووداوەكەش رۆژی 28ی ئابی 2017 بووە. بە گوێرەی زێباری “چەند سەرچاوەیەك بە هەڵە هێزەكانی پێشمەرگەیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە لە دوای ئەو هێرشە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان لە گومانلێكراوانی داعش كردووە”.
لە وەڵامەكەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكاندا ئاماژە بە وەڵامی دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان كراوە كە تێیدا هاتووە: “پێش هێرشەكە، هێزەكانی پێشمەرگە هەوڵیان دا لەگەڵ خۆكوژەكە دانوستاندن بكەن” تاوەكو پەشیمانی بكەنەوە. هاوكات لەگەڵ هەوڵەكان بۆ رازیكردنی خۆكوژەكە، هێزەكانی پێشمەرگە خەریكی راگواستنی خەڵكەكە بوون بۆ دیوێكی دیكەی قوتابخانەكە. خۆكوژە ئافرەتەكە دواجار لەبەردەم قوتابخانەكەدا خۆی تەقاندبووەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە توانیبوویان خەڵكەكە ببەنە شوێنێكی پارێزراو.
بەپێی وەڵامەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو هێرشەدا پێشمەرگەیەك بووەتە قوربانی و دووی دیكەش بریندار ببوون. لە دوای هێرشەكەش، هێزەكانی پێشمەرگە داوای هێزی زیاتریان كردبوو بۆ ئەوەی ئاوارەكان بپارێزن و بارگرژییەكە هێور بكەنەوە. وەڵامەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە “لە دوای رووداوەكە، پێشمەرگە بەرپەرچدانەوەی نەبوو”.
چارەنووسی گیراوەكانی داعش
پێشتر بۆ دۆسیەی لایەنگران و ئەندامانی داعش پشت بە مادەی سێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی 2006 دەبەسترا، بەڵام چیدی كار بەو یاسایە ناكرێت. بۆیەش بۆ لێپرسینەوە و دادگاییكردنی لایەنگران و ئەندامانی داعش پشت بە یاسای ژمارە 111ی یاسای سزادانی عێراقی دەبەسترێ كە ساڵی 1969 دەرچووە و لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەموار كراوەتەوە.
لە بەشێك لە وەڵامەكەی دیندار زێباریدا بەپێی داتاكانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە ژمارەی ئەو گیراوانەی داعش دەكرێت كە لەسەرەتای شەڕی دژی داعشەوە لە پارێزگای كەركووك دەستگیركراون و بەم شێوەیەی خوارەوەن:
لە ساڵی 2014دا 115 گومانلێكراوی داعش دەستگیركراون، 33 كەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە و پێنج كەسیشیان بڕیار لەسەر دۆسیەكەیان دراوە.
لە ساڵی 2015دا 182 گومانلێكراوی داعش دەستگیركراون، 78 كەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە و 23 كەسیان سزا دراون.
لە ساڵی 2016دا 83 كەس دەستگیركراون، 20 كەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە و حەوت كەسیان بڕیاریان لەسەر دراوە.
هەروەها لە نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوودا 19 كەس دەستگیركراون كە شەش كەسیان لێپرسینەوەیەن لەگەڵ كراوە، بەڵام هیچكامیان بڕیاریان بۆ دەرنەچووە.
لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەدا لایەنگر و ئەندامی داعش لەجیاتی ئەوەی خۆیان بدەنە دەست سوپای عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی، خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكرد.
وەكو زێباری ئاماژەی بۆ دەكات، تەنانەت یەك كەسیش لە دەستبەسەركراوەكان لە ئاسایشی كەركووك رانەگیراون، بەڵكو بەهۆی نەبوونی گرتووخانەوە رەوانەی دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان لە هەولێر كراون.
بەشێك لە راپۆرتەكەی (HRW) بە پشتبەستن بە گوتەكانی نەدیم و خەڵكی ناوچەكە رەخنە لە مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ گومانلێكراوەكانی نێو قوتابخانەی ساحل ئەلمەلیحە دەگرێت.
زێباری لە بەرامبەردا ئاماژە بۆ ئەو رێوشوێن و پشكنینانە دەكات كە هێزە ئەمنییەكانی كوردستان لەگەڵ ئاوارە تازە گەیشتووەكاندا دەیكات، ئامانجیش لەو رێوشوێنە ئەوەیە رێگە نەدەن داعش لەناو ئاوارەكاندا بێتە ناو هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی وەڵامەكەی زێباری، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 2652 كەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە داعشەوە دەستگیركراون، لەو ژمارەیە 1100 كەسیان تاوانبار دەرچوون و بەپێی قەبارەی بەشدارییان لە تاوانەكانی داعش سزادراون كە هەندێكیان بەندكردنی هەتا هەتاییان بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها 870 كەس لە گیراوەكان بێتاوان دەرچوون و ئازادكراون و 672 كەسیشیان تاوەكو ئێستا لەژێر لێپرسینەوەدان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی