ل هەرێما كوردستانێ زێدهتر ژ چار هەزار حاڵەتێن نەخۆشيا شێرپەنجێ هەبووينە
وشه:
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات كە دوور بكەونەوە لە كێشانی جگەرە و نێرگەلە و خواردنەوە لەقوتووكراوەكان، كە ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی تووشی شێرپەنجە بوونە.
ئەمڕۆ شەموو سێی شوبات، لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە درووشمی “من دەتوانم … ئێمە دەتوانین”، لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە كە سبەی بەڕێوە دەچێت هاتووە، ئەو نەخۆشییە وەك بكوژی سەرەكیی مرۆڤ دەناسرێت و ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن كەس دەكوژێت و زیاتر لە 14 ملیۆنیش تووشی نەخۆشییەكە دەكات لە جیهان.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لە هەرێمی كوردستان رێژەی نەخۆشییەكە تا ئێستە لە خوار ستاندەردی پێشبینیكراوی ساڵانەیە بۆ نەخۆشییەكە، بەجۆرێك لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجەیان بەرزە ساڵانە زیاتر لە ۳۰۰ كەس تووشی شێرپەنجە دەبن لە هەر 100 هەزار هاووڵاتی لەو وڵاتانە، لە كاتێكدا لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجە نزمە، ساڵانە كەمتر لە ۱۰۰ كەس تووشی شێرپەنجە دەبن.
هەرچی هەرێمی كوردستانە ساڵی ۲۰۱۷ بۆ هەر 100 هەزار هاووڵاتی 92 كەس تووشی شێرپەنجە بوون و بەكۆی گشتی چوار هەزار و 808 نەخۆش لەو ساڵەدا هەبووە.
تەندروستی لەبارەی هۆكاری تووشبوون و چارەسەر دەڵێت، هۆكاری زیادبوونی شێرپەنجە لە جیهان پێوەستە بە شێوازی ژیانی ناتەندروست و جگەرەكێشان و خواردنەوە كهولییەكان و قەڵەوی و كەمجولەكردن و وەرزش نەكردن لەگەڵ خواردنی خواردنە لەقوتووكراو و ئامادەكراو و خێراكان، هاوكات كەمخواردنی سەوزە و میووە و زیادبوونی گەشەی دانیشتووان و زیادبوونی تێكڕای تەمەن لەگەڵ پیسبوونی ژینگە، هۆكاری گرنگی ترن بۆ تووشبوون بە شێرپەجە.
بەشدار ئەبابەكر پزیشكی شارەزای هەناو بۆ “وشە” دەڵێت، نەخۆشی شێرپەنجە ئەو قۆناغەی هێشتە تێ نەپەڕاندووە كە چارەسەری تەواوەتی هەبێت، بەڵكو بەشێكی چارەسەری هەیە و بەشێكیشی هۆكاری كوشتنی هاووڵاتییانە.
ئەو پزیشكە دەڵێت، كەمی ڤیتامین 17 و نەبوونی كۆمەڵێك هۆكاری ژینگەیی و دووكەڵ و مادە كهولییەكان، هۆكارن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی تایبەت بە هەناو كە چارەسەری زۆر ئەستەمە ئەگەر لە ئاستی یەكەمی تووشبوون نەبێت.
نەخۆشیی شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهان ئێستە بلاوبووەتەوە و بەشی زۆری زانایان هۆكاری پیسبوونی ژینگە بۆ بلاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەزانن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی