خەسرۆ گۆران: سەرقالێ دیارکرنا لیستا کاندیداینه
ھەولێر -KDP.info-
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی کاندیدانی خۆمانین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لە وادەی یاساییدا لیستی ناوی خۆمان ئامادە دەکەین.
حکوومەتی عێراق ڕۆژی ١٢/٥ی ئەمساڵی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە و ئەو وادەیەش لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە جودا بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا دەکات.
لەم بارەیەوە بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەسرۆ گۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئامادەکاریی خۆمان کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی کاندیدانی خۆمانین بۆ ئەو ھەڵبژاردنە، بۆ ئەومەبەستەش داوامان لە لق و ئەنجومەنی سەرکردایەتییەکانی خۆمان کردووە، ناوەکانی خۆیان بۆ ئێمە ڕەوانە بکەن و دواتریش ئێمە پێویستمان بە چەند ڕۆژێکە بۆ ئەوەی پۆڵێنیان بکەین و دواتریش لەگەڵ سەرکردایەتیی خۆمان تاوتوێیان بکەین.”
خەسرۆ گۆران گوتی: “بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو ھەڵبژاردنە، ڕێنمایی و پێوەر و فێلتەرمان داناوە، کە پێیدا تێپەڕ دەبن، لەوانە دابەشکردنێکی دادپەروەرانە دەبێت لە ڕووی جوگرافییەوە و پێویستە کەسانی پسپۆڕ و لێھاتوو و شارەزا بن و خۆشەویست بن لای خەڵک و کەسانی دەستپاک بن و شەعبیەتێکی باشیان ھەبێت، بۆیە دەمانەوێت ئەم جارە جیاواز بن و باشترینیان ھەڵبژێرین.”
لەبارەی بەشداریکردنیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان گۆران گوتی: “جگە لە پارێزگای کەرکووک، لە ناوچەکانی دیکە زۆر بە ھێزەوە بەشداری دەکەین و ھەوڵ دەدەین زۆرترین کورسی بەدەست بێنین.”
بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا ٢٠٥ قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار کردووە لە کۆمسیۆن، کە لەوانە ٢٧ ھاوپەیمانی پێک ھێندراون، کە خۆی لە ١٤٣ قەوارە پێک دێت و ئەوانەی دیکەش بەجیا بەشدارییان کردووە و لە چواری ئەم مانگەوە پرۆسەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان دەستی پێ کردوووە و تاوەکو ١٠ی مانگی دابێ بەردەوام دەبێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی