سوپاسالارێ بهرێ يێ عێراقێ: رێژا کوردان د سوپايێ عێراقێ کێمترە ژ 2%
رووداو – هەولێر
سوپاسالاری پێشووی عێراق دەڵێ، لەکاتی دامەزراندنەوەی سوپای عێراق بڕیاربوو رێژەی کورد لەو سوپایە 20% بێت، بەڵام ئێستا رێژەکە کەمترە لە 2%، سەبارەت بە حەشدی شەعبیش دەڵێ: “حەشدی شەعبی وەکو سوپا رێکخراو نین و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی وەکو سوپا و دژەتیرۆر و پۆلیسیش ناگونجێن”.
بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی دۆخی ئێستای سوپای عێراق و رێژەی کورد و سوننە لەنێو سوپاکەدا، رایگەیاند: “دوای هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق لە ساڵی 2003 و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی ئەو سوپایە لەگەڵ هاوپەیمانان ، بڕیاربوو رێژەی کورد لەو سوپایە 20% بێت ، سوننە 25% بێت ، شیعە 50% بێت و 5%ی دیکەش بۆ پێکهاتەکانی دیکە بێت ، دابەشکردنەکەش لەنێو وەزارەتی بەرگریدا بەو شێوەیەبوو ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ شیعە بێت ، وەزیری بەرگری بۆ سوننە بێت ، سەرۆک ئەرکان و ئەمینداری گشتی کورد بن ، بە هەمان شێوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پۆستەکانی دیکەش ، بەڵام ئێستا رێژەی کورد لەنێو ئەو سوپایە رەنگە 1 بۆ نزیکەی 2% بێت”.
سەبارەت بە رێژەی سوننەش لە نێو سوپای عێراق ، کە ئەوان رەخنە و تێبینیان لەسەر ئەوە هەبووە کە ئەو سوپایە بەرەو تائیفی بوون دەچێت، بابەکر زێباری، دەڵێ: “رێژەی سوننەش لەنێو سوپای عێراقدا کەمیکردووە، ئەویش بڕیاربوو 25%ی سوپا پێکبهێنن، بەڵام ئێستا رێژەکەیان ئەگەر 10% بێت”.
لەبارەی حەشدی شەعبی و بڕینەوەی بودجە بۆیان و بە یاساییکردنی لە پەرلەمان و کاریگەرییەکی لەسەر بە تائیفی بوونی سوپای عێراق ، سوپاسالاری پێشووی عێراق ، گوتی: “حەشدی شەعبی وەکو سوپا رێکخراو نین و هاوشێوەی میلیشا و گرووپی جۆراوجۆر و پێکەوە نەگونجاون ، هاوکات لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی وەکو سوپا و دژەتیرۆر و پۆلیسیش نەگونجاون”.
لەسەردەمی دروستبوونی سوپای عێراقەوە ، سوپا لەسەر بنەمای سوپایەکی دیموکراتی بونیاد نراوە ، بەڵام لەسەردەمی مەلیک فەیسەڵی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا لە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکان کەسیان دیموکراتی نەبوونە و نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی دیموکراتیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو سوپایەدا بکەن ، بە پێچەوانەوە 90%ی ئەو سوپایە ستەملێکراوە ، لەژێر فەرمانی حکومڕانەکاندابوونە بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەیان.
لەبارەی توانا سەربازی و لۆجستییەکانی سوپای عێراق، بە تایبەت دوای ئەو هەموو هاوکاریانەی لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە بۆ شەڕی تیرۆر بە عێراق درا، بابەکر زێباری دەڵێ: “عێراق چەکێکی باشی هەیە ، عێراق تانک و فڕۆکە و هەلیکۆپتەر و زرێپۆشی باشی هەیە ، هاوکات تۆپخانەکانی مۆدێرنن ، لەڕووی مەشق و راهێنانیشەوە تاوەکو ساڵی 2011 و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە باشی ئەو سوپایە مەشق و راهێنانی پێکرابوو ، بەڵام دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تەواونەکردنی مەشق و راهێنانەکان و دوای شەڕی ناوخۆ و شەڕی داعش نەیانتوانی لەبەرامبەر دۆخەکە بووەستنەوە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی