مەلا کرێکار ل ئیتالیا دئێته دادگههكرن
رووداو- هەولێر
وەزیری دادی نەرویج رایگەیاند ، ئەگەر دادگای ئیتاڵیا نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکاری بە تاوانبار ناساند ، ئەوا حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەیە ناوبراو رەوانەی ئەو وڵاتە بکات.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە دادگاییکردنی مەلا کرێکار بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت. داواکاری گشتی ئیتاڵیا ئەو تۆمەتە دەخاتە پاڵ مەلا کرێکار، کە لە پشت “رەوتی شاخ”ەوەیە، کە تۆڕێکی ئەوروپیە و ئامانجیەتی لە رێگای تووندوتیژییەوە دژایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و بە حکومەتێکی رادیکاڵ شوێنی بگرێتەوە. میدیای نەرویج بڵاویکردەوە، “رەوتی شاخ” پلانی هەبووە، کە دواجار پەیوەندی بە داعشەوە بکات.
بە گوێرەی میدیای نەرویج، داواکاری گشتی ئیتاڵیا دەڵێت رەوتی شاخ تۆڕێک لە شانەی دروستکردووە، بۆ ئەوەی “کاری تووندوتیژی لە خاکی ئەوروپا دژی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی ترس لە دڵی خەڵکی دروست بکات، یان گوشار لە سەر حکومەتەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات”.
لەلایەن خۆیەوە، پێر ڤیڵی ئاموندسن، وەزیری دادی نەرویج بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند ، ئەگەر مەلا کرێکار بە تاوانبار ناسێندرا ئەو کاتە دەبێت تاوانبارەکەش بنێردرێت بۆ ئیتاڵیا.
مەلا کرێکار دامەزرێنەری گروپی “ئەنسارل ئیسلام” بوو لە هەرێمی کوردستان و تۆمەتباریشە بە هەڕەشەکردن لە ئێرنا سۆڵبێرگ، سەرۆکوەزیرانی نەرویج. بەڵام مەلا کرێکار ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە کە داواکاری گشتی ئیتاڵیا داویەتییە پاڵی.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی